بابهت: (گۆران ساڵح): "خێزانەكەم لە واقیعی هونەر نزیكە و دەنگیشی لە من خۆشترە"
گۆرانیبێژی لاو (گۆران ساڵح)
گۆرانیبێژی لاو (گۆران ساڵح) ماوەی چەند ساڵێكە وەك گۆرانیبێژێك چەند بەرهەمێكی خستووەتە بەر گوێی بیسەران و هەوادارانی گۆرانیی كوردی، جگە لەو گۆرانییانەی بە شێوەیەی تاك تاك بڵاوی كردەوە، لەچەند مانگی ڕابردوو ئەلبوومێكی نوێی بڵاو كردەوە و لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی (گۆران) كرد و بەم شێوەیە وەڵامی بۆ پرسیارەكانی هەفتەنامەی "هونەری هەولێر" دایەوە"
* یەكەم ئەزموونی دەركەوتنی تۆ لە ڕێگەی كاری میدیاییەوە بووە، بە تایبەتی كاری بێژەری، چۆن باسی ئەو سەردەمەی خۆتمان بۆ دەكەیت ؟
ـ لە ڕاستیدا كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1997 لە "tv ئازادی". دوای ئەوەیش لە ساڵی 1999 چوومە "كوردستان تی ڤی" كە ماوەی 10 ساڵ لە زۆربەی بەشەكاندا كارم كرد و زۆر سوودم وەرگرت و لە هەمان كاتیشدا سوودیشم هەبوو بۆ شوێنی كارەكەم."
* كاركردن لە میدیادا تا چەند سوودی هەبوو بۆ پێگەیاندنی (گۆران)، مەبەستم هونەرمەندبوون نییە، بەڵكوو خودی (گۆران)ـە ؟
ـ بێگومان سوودەكەی ئەوەبوو كە بوومە كەسێكی شارەزا لە بواری ڕاگەیاندندا.لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە توانیم خۆم بدۆزمەوە لە ناو ئەو دنیا جەنجاڵەدا!
* ئەی ئەو كاتەی چوویتە "كوردستان tv"، لەوێشەوە جارێكی دیكە خەریكی كاری میدیایی بوویت، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ ستافی كامێرەمان و بە كاری ڕووناكییەوە خەریك بوویت، ئەمە چۆن بوو ؟
ـ لە "كوردستان tv"ـدا لە زۆربەی بەشەكان كارم كرد و مەسەلەی ئەوەش لەپشت كامێرا كارم كرد،حەزی خۆم بوو كە دواكارم (زووم ئین) بوو.
*لەو ڕێگەوە، واتە ڕوونتر بڵێم لە ڕێگەی كاری كلیپسازییەوە حەزی گۆرانیگوتن لای (گۆران) سەری هەڵدا؟
ـ نەخێر! بەڵكوو حەز و بەهرەكە ئەوەیان خوڵقاند.
*بۆچی بە گۆرانییەك دەستت پێ كرد كە پێشتر لە لایەن هونەرمەندێكی دیكەوە گوترا بوو ؟
ـ من بە گۆرانییەك دەستم پێ كرد.كە تازە بوو بەناوی "گوڵی تەمەن"، ئەوەی تۆ باسی دەكەی دووەم بەرهەم بوو ئەویش "ئەی بۆ وات كرد بۆ" بوو.
* واتە كاریگەریی هونەرمەند (شوان شێخانی) نەبوو وای كرد ئەو گۆرانییە بڵێیتەوە ؟
ـ جوانیی گۆرانییەكە و گۆرانیبێژەكە، وای كرد.كە ئەم هەڵبژاردنە بكەم.
*پێت وانییە بە لاسایی دەستت پێ كردووە؟
ـ نەخێر! بەڵكوو یەكەم گۆرانیم زۆر تایبەت بوو بە خۆم كە شێوازی كلیپەكەی بۆ یەكیك كە یەكەم گۆرانیی بێت، سەختە.
* ئەی پێت وایە لە ژێر كاریگەریی چ هونەرمەندێكدا خۆت دەدۆزیتەوە؟
ـ هونەرمەندێكی دیاریكراو نییە لە ژێر كاریگەریی ئەودا خۆم دۆزیبێتەوە.
* دوای ئەوەی بە چەند گۆرانییەك دەركەوتی، ئینجا بیرت لە بەرهەمهێنانی سێدی كردەوە، پێت وابوو قۆناغێك لەپێشت هەیە ئەویش خۆناساندنە، ئینجا كارێكی بە كۆمەڵ بكەیت و بڵاوی بكەیتەوە لە ئەلبوومێكدا؟
ـ بێگومان مەسەلەی ناووبانگ ئیستا زۆر ئاسانە، بەڵام ناووبانگی باش و سەنگین سەختە. ئینجا بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ئامانجە، پێویست دەكات زۆر ماندوو ببی. منیش مەبەستم ئەوە بووە.كە ناووبانگێكی سەنگین بە دەست بهێنم.
*یانی ئەو كارە سەرەتا بۆ هەموو گەنجێكی گۆرانیبێژ پێویستە، ئینجا دەبێ بیر لە بەرهەمهێنانی ئەلبووم بكاتەوە؟
ـ من وام كرد، ئینجا هەمو كەسێكیش قەناعەتێكی تایبەتیی هەیە.
* تۆ زۆر جار باسی ئەوەت كردووە كەلوپەلی وەك مۆبایل و لاپتۆپ و چەند شتێكی دیكەت فرۆشتووە بۆ گۆرانییەكانی سەرەتای كاركردنت، ئەی بۆ ئەلبوومەكەت چیت فرۆشت ؟
ـ (بە پێكەنینێكی زۆرەوە)، من لاپتۆپم نەفرۆشتووە! بەڵام برادەران گەواهیی ئەوەم بۆ دەدەن كە بۆ ئەلبوومەكەم ئۆتۆمبێلەكەمم فرۆشت!
* دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەكەت، ئەو خەرجییە هاتەوە گیرفانت ؟
ـ نەوەڵڵا! چونكە لەم وڵاتەی ئێمەدا داروبەرد دزیمان لێ دەكات!
*واتە بیرت لەوە كردوەتەوە جارێكی دیكە ئەلبووم بەرهەم بهێنیتەوە؟
ـ بەو وەزعەی ئێستا؟ بێگومان نەخێر!بەڵام مانای ئەوەیش نییە كار نەكەم.
* ئەم جارە چیت داناوە بۆی بفرۆشیت ؟
ـ ئەم جارەیان..بێگومان هیچ! چونكە كەس منەتی پێی نییە،جگە لەوەیش باوەڕیشت پێ ناكەن كە وایش بكەی!
* واتە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنی پێوەندیدار بۆ كارە هونەرییەكانت هاوكاریی نەكراویت ؟
ـ یەك جار، ئەویش بۆ كاری كلیپێك بوو كە بە داخەوە ئەوەندە كەم بوو كارەكەیشی پێ نەكرا.
* باشە با بێنە سەر شتێكی دیكە، تۆ خەریكی كاری گۆرانیگوتنی، چۆنە لە پەیمانگە و كۆلیژی هونەرەجوانەكان چوویتە بەشی شانۆ ؟
ــ من تەنیا لە پەیمانگا شانۆم خوێندووە و لە كۆلێژیش چوومە بەشی میووزیك.
* ئایا حەز بە كاری نواندن دەكەیت و بەشداریی كاری شانۆگەرییت كردووە؟
ـ بەڵی بێگومان! ئیستایش ئەندامی گرووپی (گەنج)ـم بۆ شانۆ.
* زۆربەی شانۆكارەكان خەریكی كاری درامایین زیاتر، تۆش بە نیاز نیت بچیتە نێو كاری نواندنی درامییەوە ؟
ـ ئەوەیان دەرفەتی كار دەزانێ كە لە ئاییندەدا بیری لێ دەكەمەوە. هەرچەندە پڕۆژەی درامیم بۆ هاتووە، بەڵام كات نەبووە كاری تێدا بكەم.
* قۆناغی ژیانی هاوسەری جیاوازیی هەیە، ئایا كار ناكاتە سەر كارە هونەرییەكانت ؟
ـ بێگومان ناهێلم بگاتە ئەو ڕاددەیە، بە پێچەوانەوە خێزانەكەم هێز و توانام دەداتێ. هەر چەندە ئەو دەنگی لە من خۆشترە و لە بواری هونەری دەخوێنێ.
* لەگەڵ ئەو خانمە بەڕێزەی ئەڵقەی هاوسەریگێریت گۆڕیوەتەوە، لەسەر ئەوە ڕێك كەوتوون كە لە ژیانی تۆدا هونەر هەیە و پێوستە تۆیش كاتت هەبێ بۆ هونەرەكەت؟
ـ بێگومان لە من باشتر دەزانێ، چونكەخۆی حەزی لەو كارەیە و لە ناو واقیعی هونەردا دەژی.
* واتە هاوسەرەكەیشت نزیكیی لەگەڵ هونەر هەیە؟
ـ بەڵێ! لە بەشی میووزیك دەخوێنێ.
* ئەو پڕۆژەی لە خایاڵتدایە و تا ئێستا ڕاتنەگەیاندووە چییە؟
ـ كاتی ماوە، بەڵام دڵنیابە ئەو پڕۆژەیە زۆر گەورە دەبێ و لە خزمەت خەڵكی كوردستاندا دەبێت...خوا یاربێ دەیبینین.
ههولێر