بابهت: هەولێر شیری بۆ نەجەف تیژ كردووە و دهۆكیش دەیەوێت نەوتی باشوور بسووتێنێ
مامەیارە ئەحمەد – هەولێر یاریگا
یانەی هەولێری پاڵەوانی 3 وەرزی ڕابردووی خولی نایابی عێراق، ئەمڕۆ بەرەنگاری یانەی نەجەفی باشووری عێراق دەبێتەوە، هاوكاتیش یانە كوردستانییەكەی دیكە (دهۆك) لەگەڵ نەوتی باشووردا، لە یارییەكی یەكلاكەرەوەدا بە یەك دەگەن.
لە یارییەكانی گەڕی پێنجی قۆناغی بژاردەی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، بڕیارە 04:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە لە نێو یاریگەی یانەی هەولێر، یانەی خاوەن یاریگە بەرانبەر نەجەفییەكان یاری بكات. لەوانەیشە ئەم یارییە بۆ هەولێر گرانگترین و گرانترین یاری بێت، چونكە لە بارەی بردنەوەی هەولێر و شكستباربوونی یانەی شوڕتە بەرانبەر یانەی كارەبا، یانەی هەولێر بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یاریی كۆتایی ئەم قۆناغەی بەرانبەر كارەبا، دەگاتە یارییەكانی چوارگۆشەی زێڕینی خولی عێراق و لەو بارەیشدا دەبێتە یانەی خاوەن پێنج جار گەییشتوو بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین
یانەی هەولێر، ئێستا بە دەستكەوتنی نۆ خاڵ، خانەی یەكەمی گرووپەكەی گرتووە، كە پێك هاتووە لە یانەكانی هەولێر، شوڕتە، كارەبا، نەجەف.
بۆ بیرهێنانەوە یانەی هەولێر لە یاریی چوونیدا لە نێو نەجەف بە ئەنجامی 2 – 1 گۆڵ لەو یانەیەی بردبووەوە، كە گۆڵەكانی هەولێر حەیدەر عوبێدی بەرگریكاری نەجەف و شوان مامۆ تۆماریان كرد، هەروەها لە یاریی فیناڵی ڕابردووی خولی عێراقیشدا، بە لێدانە یەكلاكەرەوەكانی خاڵی سزا، هەولێر لە نەجەفی بردەوە و بووە پاڵەوانی عێراق.
هەر لە هەمان قۆناغی خولی عێراقدا، ئەمڕۆ لە شاری دهۆك، یانەی ئەو شارە لە نێو یاریگە تایبەتەكەیدا بەرانبەر یانەی نەوتی باشوور یاری دەكات، بردنەوەی یانەی دهۆك لەو یارییەدا، وای لێ دەكات بگاتە قۆناغی پێشكۆتایی خولی عێراق، چونكە ئێستا بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ، خانەی یەكەمی گرووپی سێیەمی گرتووە و نزیكترین ڕكابەری كە یانەی كەربەلایە 7 خاڵی هەیە.
لە لایەكی دیكەوە ئەمڕۆ لە خولی عێراقدا، چەندان یاریی دیكە ڕێك دەخرێن و هەموویان لە كاتژمێر 04:30ـی ئێوارەدا ئەنجام دەدرێن و خشتەی یارییەكانی ئەمڕۆی خولی عێراق بەم شێوەیەیە:
هەولێر – نەجەف
جەوییە – كەربەلا
سناعە – زەورا
بەغدا – تەڵەبە
كارەبا – شوڕتە
نەوتی باشوور – دهۆك