بابه‌ت: مێژووی 400 ساڵه‌ی بازاڕی شێخه‌ڵلا هه‌ولێر
شێخه‌ڵلا ناوی ئه‌و بازاڕ‌و شوێنه قه‌ڕه‌باڵغ و كۆنه‌یه كه كه‌وتۆته ناوجه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر، ئه‌م شوێنه به‌درێژایی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك شوێنێكی قه‌ڕه‌باڵغی شاره‌كه بووه‌و چه‌ند جارێك گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه‌و هه‌زاران كاسبیش كاریان تێداكردووه.
به‌پێی وته‌ی وتارخوێن و پێشنوێژی مزگه‌وتی شێخه‌ڵلا، ناوی ئه‌و بازاڕه گه‌وره‌یه له‌بوونی مه‌رقه‌دو ته‌كیه‌ی شێخێك به‌ناوی شێخ عه‌بدوڵلا قوتبولمه‌دار، هاتووه كه دواتر به‌هۆی وته‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه ناوه‌كه‌ی گۆڕاوه بۆ شێخه‌ڵلا.
مێژووی مه‌رقه‌دی شێخه‌ڵلا نزیكه‌ی 400 ساڵه
مه‌لا جه‌مال جه‌ردیس خادیمی، مه‌رقه‌دی شێخ عه‌بدوڵلا (شێخه‌ڵلا)یه، ده‌ڵێت: به‌پێی وته‌ی خه‌ڵكی كۆنی هه‌ولێر بوونی مه‌رقه‌دی ئه‌و شێخه بۆ 350-400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌سه‌ره‌تادا شوێنه‌كه ته‌كیه بووه، دواتر به‌شێكی كراوه به‌مزگه‌وت.
ئه‌و خادیمه، باسی له‌دینداریی و كاره سه‌یره‌كانی ئه‌و پیاوچاكه كرد‌و ده‌یووت: له‌زه‌مانی زوودا ئه‌م شێخه به‌هۆی بڕوادارییه‌كه‌ی زۆر كاری موعجیزه ئاسای ئه‌نجامداوه بۆنموونه له‌خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌نی هه‌ولێرم بیستووه، كه رۆژێكیان شێخ عه‌بدوڵلا، گۆچانێكی هه‌بووه‌و هه‌ڵیداوه‌ته سه‌رزه‌وی باخی ناو ته‌كیه‌كه‌و له‌ناو خۆڵه‌كه‌ی چه‌قیوه‌و به‌هۆیه‌وه له‌شوێنی گۆچانه‌كه دارتوویه‌ك روواوه كه تائێستاش داره‌كه ماوه، به‌لام داره‌كه به‌ری توو ناگرێت، كه ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی كه‌رامه‌تی ئه‌و شێخه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌وكات وه‌كو موعجیزه‌یه‌ك ئه‌و پیاوه هه‌یبووه. وتیشی: خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌نی شار بۆیان گێڕاوه‌ته‌وه كه ئه‌وكات شێخه‌ڵلا، به‌هۆی پایه به‌رزییه‌كه‌ی له‌ئایینی ئیسلام و دیندارییه‌كه‌ی و ناو‌و ناوبانگییه‌كه‌ی، خه‌لیفه‌ی شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی بووه.
خه‌ڵكی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سه‌ردانیده‌كه‌ن
پێشتر مزگه‌وت و مه‌رقه‌دو ته‌كیه‌ی شێخه‌ڵلا، له‌ناویه‌كدا بوون، دواتر حكومه‌ت نۆژه‌نیكرده‌وه‌و ئێستا بۆته دووبه‌ش و جگه له‌مه‌رقه‌دی شێخ-یش ئێستا گۆڕی دوو كوڕ‌و خێزانه‌كه‌ی شێخ و نزیكه‌ی 200-300 مردووی لێیه‌و له‌ڕۆژانی دووشه‌ممان و چوارشه‌مماندا ژنانی شاره‌كه دێنه ئێره‌و مه‌ولود ده‌كه‌ن و دوعا‌و نزا له‌سه‌ر گۆڕی شێخه‌ڵلا ده‌خوێنن كه هه‌ندێكیان بۆ مراز حاسڵبوون و هه‌ندێكیشان بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی خۆیان و منداڵه‌كانیان دێن، جگه‌له‌وانه‌ش ئێستا خه‌ڵكی ئێران و توركیاش دێن و هه‌روه‌ك عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌ی سامه‌ڕاو موسڵیش دێن كه ئه‌وان به‌سه‌ر ئه‌ژنۆوه دێنه ناو ته‌كیه‌كه‌و ده‌رگای ژووره‌كه تا مه‌رقه‌ده‌كه ماچده‌كه‌ن و ده‌ڵێن شێخ باپیره گه‌وره‌مانه.
ئه‌وقاف مه‌رقه‌دو ته‌كیه‌كه‌ی فه‌رامۆشكردووه
مه‌لا جه‌مال، گله‌یی له‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێم كرد كه تائێستا هیچ پێداویستییه‌كان بۆ مه‌رقه‌ده‌كه دابیننه‌كردووه‌و ده‌یووت: خۆشم ماوه‌ی سێ ساڵه لێره خادیمی ده‌كه‌م كه‌چی مووچه‌كه‌م بڕاوه كه پیش‌تر هه‌مبوو.
له‌سییه‌كاندا بازاڕه‌كه شوێنی ئاژه‌ڵ فرۆشتن بوو
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌مێژووی كۆنی ئه‌م بازاڕه د. عه‌بدولڕه‌زاق ده‌باغ كه‌سایه‌تی ناسراوی شاری هه‌ولێر، ده‌یووت: له‌ده‌یه‌ی سییه‌كانی رابردوودا كه ئه‌وكات من منداڵ بووم بیرم دێت ناوچه‌ی ئێستای شێخه‌ڵلا ته‌نیا ته‌كیه‌ی شێخه‌ڵلای لێ‌بوو، ئه‌وكات چۆڵه‌وانی بوو جێگه‌ی بازاڕی فرۆشتنی ئاژه‌ڵ بوو كه ئه‌وكات مه‌ڕداره‌كانی هه‌ولێر ئاژه‌ڵیان تێدا ده‌فرۆشت و حكومه‌تی ئه‌وساش باجی لێیان ده‌سه‌ند.
له‌كۆندا باخی تورو سڵق و تۆپی ره‌مه‌زانی لێ‌بوو
عومه‌ر فه‌رهادی نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس، ده‌ڵێت: له‌ساڵی چله‌كاندا كه ته‌مه‌نم حه‌وت بۆ هه‌شت سالان بوو، بیرم دێت بازاڕی شێخه‌ڵلا باخی تورو سڵقی لێ‌بوو له‌نزیك گۆڕستانه‌كه‌شی شاره‌وانی هه‌ولێر تۆپێكی دانابوو له‌مانگی ره‌مه‌زان ده‌یانته‌قاند كه فه‌تاح ماسی، سه‌رپه‌رشتیده‌كرد، پاشان له‌ساڵی په‌نجاكاندا چه‌ند خانوویه‌كی لێدروستكرا هه‌روه‌ك له‌ساڵی چل و په‌نجاكانیشدا هه‌ندێك كه‌س داری سووتاندنی جۆری چیلكه‌و قه‌لاشكه‌ریان تێدا ده‌فرۆشت، كه ئه‌وكات ئامێری سووتاندن و گه‌رمكردن له‌هه‌ولێر نه‌بوو داره‌كانیشیان له‌ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی به‌پشتی ئێستر ده‌هێنا.
له 1947 سینه‌ما حه‌مڕاو چه‌ند دوكانێكیان لێدروستكرد
ئه‌و رۆژنامه‌نوسه، وتیشی: له‌ساڵی 1947دا سینه‌ما حه‌مڕایان له‌ناو بازاڕی شێخه‌ڵلا دروستكرد كه به‌هۆیه‌وه چه‌ند دوكانێكیشیان دروستكرد، ئیمامی مزگه‌وتی شێخه‌ڵلا له‌ساڵی په‌نجاو شه‌سته‌كاندا بریتیبوون له مه‌لا عه‌لی و مه‌لا غه‌نی و ئه‌وكاتیش وه‌كو ئێستا خه‌ڵكی بۆ نزاكردن سه‌ردانی مه‌رقه‌دی شێخه‌ڵلایان ده‌كرد كه ئه‌وكات چه‌ند مه‌لایه‌ك هه‌بوون ئه‌و كاره‌یان به‌گوناح ده‌زانی.
له په‌نجاو شه‌سته‌كاندا دوكانی فیته‌ری لێ‌بوو
له‌سالانی په‌نجاو شه‌سته‌كاندا بۆ یه‌كه‌مجار دوكانی فیته‌رو بۆیه‌چی ئۆتۆمبێل له‌شێخه‌ڵلا دانرا كه هه‌ندێكیان له‌ساڵی 1977 بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازیی باكوور گواسترانه‌وه‌و له‌ساڵی 1979ش شاره‌وانی هه‌ولێر بۆ دواجار ئه‌و فیته‌رانه‌ی بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازیی گواسته‌وه‌و دواتر دوكانه‌كان كران به‌دوكانی عه‌لافی و فرۆشتنی خوارده‌مه‌نی و بازرگانی و جومله‌فرۆشی، له‌سالانی هه‌شتاكانیشدا گه‌راجێكی پاسی لێ دروستكرا كه ئه‌میش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا له‌وێ هه‌ڵگیرا.
له 1936دا یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی لێدروستكرا
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌رامبه‌ر گه‌راجه‌كه بنكه‌ی پۆلیسی خانه‌قای لێ‌بوو، كه بنكه‌یه‌كی زۆر كۆن بوو له‌نزیك بنكه‌كه‌ش یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی لێ‌بوو، كه له‌ساڵی 1936 دروستكرابوو، باخێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو، پاشان هه‌مووی تێكدراو له‌چه‌ندساڵی رابردوودا له‌جێگه‌ی ئه‌و شوێنانه بازاڕی نیشتمانی له‌سه‌ر دروستكرا.
چیرۆكی مه‌رقه‌دی دوو شێخه‌كه‌و شكانی شۆفڵ
هه‌ر له‌نزیك مه‌رقه‌دی شێخه‌ڵلا مه‌رقه‌دی دوو برا هه‌یه به‌ناوی سه‌ید عه‌باس و سه‌ید حه‌سه‌ن، به‌وته‌ی خه‌ڵكی بازاڕه‌كه چه‌ندساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی دروستكردنی باڵه‌خانه له‌شوێنه‌كه‌ی، حكومه‌ت ویستوویه‌تی به‌شۆڤل تێكیبدات، به‌لام كاتێك به‌ده‌می شۆڤڵ له‌مه‌رقه‌ده‌كه ده‌ده‌ن چه‌ندجارێك شۆڤڵه‌كه شكاوه‌و دواتر وازیان له‌تێكدانی مه‌رقه‌ده‌كه هێناوه.
دوعای شێخه‌ڵلاو شیری ئاسكه‌كه
مه‌لا جه‌مال، ده‌یگێڕێته‌وه: هه‌ر لێره شێخه‌ڵلا ئه‌سپێك و ئاسكێكی هه‌بووه كه ئه‌وكات ئه‌م شوێنه چۆڵه‌وانی بووه، ئاسكه‌كه‌ی به‌چكه‌ی هه‌بووه، به‌لام شیری نه‌بوه، بۆیه شێخ عه‌بدوڵلا، دوعای بۆ ئاسكه‌كه كردووه كه شیری هه‌بێت، دواتر به‌فه‌رمانی خوا شیری ئاسكه‌كه هاتووه، به‌م هۆیه‌شه‌وه له‌وساوه تائێستاشی له‌گه‌ڵدابێت ئه‌و ژنانه‌ی كه منداڵی شیره‌خۆریان هه‌یه‌و خۆیان شیریان نییه منداڵه‌كانیان ده‌هێننه سه‌ر مه‌رقه‌ده‌كه‌ی و به‌هۆیه‌وه زۆر ژن هه‌بوون دوای هاتنیان بۆسه‌ر مه‌زاره‌كه‌ی شیر له‌مه‌مكیان هاتووه.
چیرۆكی كوێركردنی ئه‌سپه‌كه‌ی شێخه‌ڵلا
سه‌باره‌ت به‌ئه‌سپه‌كه‌ی شێخه‌ڵلاش ئه‌و خادیمه، ده‌یووت: ده‌گێڕنه‌وه كه رۆژێكیان ئه‌سپه‌كه‌ی شێخ عه‌بدوڵلا، باری ئاشی بۆ شێخ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر بۆ ناوشار ده‌هێنێت له‌ڕێگه‌دا چه‌ندكه‌سێكی نزیك ناوچه‌یه‌كی شه‌قلاوه مادده‌ی قیر ده‌كه‌نه چاوی ئه‌سپه‌كه‌و كوێری ده‌كه‌ن، شێخ-یش دوعا له‌خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كات كه وایان له‌ئه‌سپه‌كه‌ی كردووه كه دوای خۆیان چه‌ند پشتێكیان تووشی نه‌خۆشی ده‌ست له‌رزه بن، بۆیه ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه له‌وه‌رزی هاوین و زستان تووشی نه‌خۆشی ده‌ست له‌رزه ده‌بن و بۆ چاره‌سه‌ریش دێنه سه‌ر مه‌رقه‌دی شێخه‌ڵلاو نزا‌و تكا ده‌كه‌ن كه له‌و نه‌خۆشییه رزگاریان بێت.
چیرۆكی زیكركردنی ژن و پیاو له‌ته‌كیه‌كه‌ی شێخه‌ڵلا
خادیمه‌كه‌ی مه‌رقه‌دی شێخه‌ڵلا، ده‌ڵێت: له‌زه‌مانی شێخه‌ڵلادا عوسمانییه‌كان حوكمڕانی هه‌ولێریان كردووه ئه‌وكات له‌ته‌كیه‌كه ژن و پیاو به‌یه‌كه‌وه زیكری خوایان كردووه، رۆژێكیان نوێنه‌ری سوڵتانی عوسمانی هاتۆته ته‌كیه‌كه‌و وتوویه‌تی سوڵتان گله‌یی له‌شێخ كردووه كه چۆن ده‌بێت ژن و پیاو به‌یه‌كه‌وه له‌ناو ته‌كیه‌كه‌ی زیكر بكه‌ن، وتیشی: پاش ئه‌و رووداوه شێخه‌ڵلا دیارییه‌ك بۆ سوڵتانی عوسمانی ده‌نێرێت كه بریتییه له‌قوتوویه‌ك كه په‌مۆو بارووتی ده‌خاته ناویه‌وه‌و بارووته‌كه‌ش داده‌گیرسێنێت و سه‌ری قوتووه‌كه داده‌خات و به‌پیاوه‌كه ده‌ڵێت ئه‌و دیارییه بۆ سوڵتان به‌ره‌و پێیبڵێ شێخ ئه‌حواڵت ده‌پرسێت، كاتێكیش سوڵتان قوتووه دیارییه‌كه ده‌كاته‌وه ده‌بینێت بارووته‌كه داگیرساوه‌و په‌مۆكه‌ش ئاگر ناگرێت، به‌مه‌ش سوڵتان له‌مه‌به‌ستی شێخ عه‌بدوڵلا، ده‌گات كه بۆچی رێگه ده‌دات كه ژن و پیاو به‌یه‌كه‌وه له‌ته‌كیه‌كه‌ی زیكر بكه‌ن، بۆیه سوڵتان ئه‌مر ده‌كات كه چی شتێك پێویسته بۆ ته‌كیه‌كه دابینیبكه‌ن.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ