بابهت: بهپهله : یانهی ههولێر 8 یاریزانی دوورخستهوه !!!
ئاكانیوز:سەرچاوەیەك لە یانەى هەولێرەوە ئاشكرای كرد كارگێڕیی یانەكە بڕیاری داوە گرێبەستی 8 یاریزانی تۆپی پێ نوێ نەكاتەوە و دەستبەرداری ئەو یاریزانانە بێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە لە دوای كۆتا هاتنی وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراق گرێبەستی ئەو یاریزانانە كۆتای هاتووە و یانەكە ئامادەنەبووە گرێبەستەكانیان نوێ بكاتەوە.
سامان بریفكانى بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەى هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەم بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى ڕاگەیاند گرێبەستی 8 یاریزانى یانەكەمان نوێ نەكردەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی راهێنەری یانەكە هەستی دەكرد ئەو یاریزانانە سوودیان نەماوە و لە وەرزی داهاتوودا ئاستیان وەك پێویست نابێت.
بریفكانی گوتی ماوەی گرێبەستی ئەو یاریزانانە لەگەڵ كۆتای هاتنی خولی عێراقدا تەواودەبوو، یانەكە بڕیاری دا گرێبەستەكانیان نوێ نەكاتەوە.
هەروەها روونی كردەوە كە لە دوای رۆیشتنی ئەو یاریزانانە یانەكە دەیەوێ ریزەكانی خۆی بەچەند یاریزانێكی تر نوێ بكاتەوە و بەدواى یاریزانى باشدا دەگەڕێت و گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵێك یاریزانانى عێراقیدا دەكات.
بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر ئاشكرای نەكرد ئەو یاریزانە نوێیانەی هەولێر دانووستاندنیان لەگەڵدا دەكات كێن و گوتی دانووستاندنەكان نهێنین و ئەوەى لە ڕاگەیاندنەكاندا باس دەكرێت دوورە لە ڕاستی و لە چەند ڕۆژى داهاتوودا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی هەمووى ڕادەگەیەنین.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەری یانەكە بەئازادییەكی تەواوەوە سەرپشكە لە دوورخستنەوە و هێنانى یاریزانان و دەستەى كارگێڕی دەست لە كاروبارەكانى وەرنادات.
ئەو 8 یاریزانەی دوورخراونەتەوە برێتین لە ئەحمەد سەڵاح، ویسام زەكی، ئیسماعیل بانگۆرا، ئەحمەد عەلی، ئەحمەد عەبد عەلی كوبی، سەهل نەعیم، هەردى نورەدین و دارا محەمەد.
هەژى گۆتنە هەریەك لە ئەحمەد سەڵاح، ویسام زەكی و ئەحمەد عەبد عەلی كوبی توانیوویانە سێ جار لەگەڵ یانەى هەولێردا نازناوى خولی نایابی عێراق بەدەست بێنن، هەروەها ئەحمەد عەلی و دارا محەمەد و هەردی نورەدین دوو وەرزە لەگەڵ یانەى هەولێر یارییان كردووە و سەهل نەعیم و ئیسماعیل بانگۆرا یەك وەرز بۆ یانەكە یارییان كردووە.
یانەی هەولێر لە وەرزی ئەمساڵی خولی بژاردەی عێراقدا پلەی چوارەمی بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە یاری دەستنیشانكردنی پلەی سێیەم و چوارەمدا 2-1 بەیانەی زەورا دۆڕا.
دوای سەرنەكەوتنی بۆ یاری كۆتای خولی عێراق و بێبەش بوون لە بردنەوەی چوارەم نازناوی لەسەر یەكی خولەكە، بەرپرسانی یانەی هەولێر ئاشكرایان كرد گۆڕانكاریی لە ریزی یانەكەدا دەكەن و چەند یاریزانێك دوور دەخەنەوە.
نازناوی خولی ئەمساڵی بژاردەی عێراق بۆ یانەی دهۆك بوو دوای ئەوەی لە یاری كۆتای خولەكەدا 1-0 لە یانەی تەڵەبەی بردەوە.ئاكا نیوز : یاریگا نێت