1

بابه‌ت: ئەم ساڵیش ڕەمەزان ماڵئاوایى لێ كردین... بەڵام ؟!!

إِنَّ الحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ وَنَسْتَعِيْنُهُ وَنَسْتَغْفِرُهُ وَنَعُوْذً بِاللهِ مِن شُرُوْڕ أَنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئَاتِ أَعْمَالِنَا مَنْ يَهْدِهِ اللهُ فَلا مُضِلَّ لَهُ وَمَنْ يُضْلِلْ فَلا هَادِيَ لَهُ وَأَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلاّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَڕيْكَ لَهُ وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ وَرَسُوْلُهُ
[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اتَّقُواْ اللّهَ حَقَّ تُقَاتِهِ وَلاَ تَمُوتُنَّ إِلاَّ وَأَنتُم مُّسْلِمُونَ ] (سورة آل عمران: 102).
[ يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُواْ رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالاً كَثِيرًا وَنِسَاء َاتَّقُواْ اللّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالأَرْحَامَ إِنَّ اللّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا ] . (سورة النساء: 1).
[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا يُصْلِحْ لَكُمْ أَعْمَالَكُمْ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَمَن يُطِعْ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ فَازَ فَوْزًا عَظِيمًا ] (سورة الأحزاب: 70 ـ 71).
أَمَّا بَعْدُ... فَإِنَّ أَصْدَقَ الحَدِيْثِ كِتَابُ اللهِ وَخَيْرَ الهَدْيِ هَدْيُ مُحَمَّدٍ h وَشَرَّ الأُمُوْڕ مُحْدَثَاتُهَا وَكُلَّ مُحْدَثَةٍ بِدْعَةٌ وَكُلَّ بِدْعَةٍ ضَلالَةٌ وَكُلَّ ضَلالَةٍ فِي النَّاڕ.
ئەوا ئەم ساڵیش مانگى ڕەمەزان ماڵئاوایى لێ كردین، بەڵێ ئەو مانگەى كە باوكى هەژاران و هەتیوان بوو ماڵئاوایى لێكردین، چ ڕۆژانێكى تاڵە ڕۆژانى ماڵئاوایى كردن لە یەكێك لە خۆشەویست ترین كەسەكانمان، بەڕاستى جێگاى خۆیەتى هەریەك لەئێمە لەخۆى بپرسێ و بڵێ: ئەى نەفسم حاڵت چۆن ئەبێ لەپاش مانگى ڕەمەزان ؟!
كاتى ئەوە هاتووە هەر یەكێك لە ئێمە بەراوردێك بكات لە نێوان حاڵى خۆى لە مانگى ڕەمەزان و پاش مانگى ڕەمەزان، ئایا باشترە و بەرەو باشتر هەنگاو هەڵئەنێین یان سستى و خاوبوونەوە لە پەرەستنەكانمان مێشكمان داگیر ئەكا و دەستەكانمان كۆت و بەند ئەكات ؟
خەڵكانێكى زۆر لە ڕەمەزاندا لە نوێژ كردن و ڕۆژوو گرتن بوون، و دەستەكانیان واڵا بوو بۆ خێر و چاكە، و چاوەكانیان لە حەرام دەپاراست و هەموو جەستە و ناخیان خستبووە خزمەت چاكەكارى، بە قورئان خوێندن و گوێ گرتن لێى، گوێیەكانیان لە تاوانەكانى ڕابردوو پاك ئەكردەوە، و بەگەیاندنى صيلەى ڕەحم دڵەكانیان ئارامى دەگرت، بەڵام هەر لە گەڵ ماڵئاوایى كردنى مانگى ڕەمەزان، و لە گەڵ بەرەڵابوونى جنۆكە و شەیتانەكان ئەمانیش جڵەوى ئارەزوو و شەهوەتەكانى خۆیان بەرەڵاكرد، چاوەكان بۆ تەماشاكردنى حەرام و گوێیەكان بۆ بیستنى حەرام و قاچەكانیش لەڕەمەزاندا لەڕێگاى بەرەو مزگەوت چوون ماندو ئەبوو، كەچى لەئەمڕۆ بەدواوە بۆ تاوانكارى و بەدووى عەیبەى خەڵكى گەڕان !!! بە چەند ڕۆژێكى كەم قورئانیان لەیاد چوو !!! كچانیش گەڕانەوزە سەر مكیاج كردن و جل و بەرگ و پۆشاكى مۆدە و تەسك و نیوە ڕووتى ناشەرعى !!! گەڕانەوە سەر ڕێگاى گوێگرتن لە گۆرانى و تەماشاكردنى زنجیرە تەلەفزیۆنیەكان !!! گەڕانەوە سەر تەلیفۆن كردن و عەشقبازى و دەمەتەقێى ناشەرعى !!! بە هەمان شێوە كوڕانیش، ئەمە جگە لە گەڕان بە دواى عەیبەى خەڵكى و ڕوشاندنى سومعەتیان !!! بە ڕاستى مردنمان باشترە لەم حاڵە.
مردویەكیشمان بمرێ هیچ نەبێ تاچەند مانگێكیش لە یادمان ناچێ و ماوەیەك تەلەفزیۆن ناكەینەوە !!! كەچى بەچەن ڕۆژێكى كەم فەزڵ و گەورەیى مانگى ڕەمەزانمان لەیاد ئەچێ !!! بە ڕاستى شەرمەزاریە لە گەڵ واڵابوونى جنۆكە و شەیتانەكان ئێمەى مرۆڤیش بگەڕێنەوە سەر تاوان كردن خۆ ئێمە نە جنۆكەین و نە شەیتان بگرە زۆرێك لە جنۆكەكان هەردەم بەردەوامن لەپەرەستن، بەبێ گوێدانە ئەوەى ئەمە ڕەمەزانە و ئەوە شەعبان.
چەن ڕۆژێك پێش ئێستا دڵەكانمان پڕبوون لە خواپەرەستى، ماڵەكانمان بەدەنگى قورئان ئاوەدان ئەكردەوە بە ئارامى و بە چاوەڕوانى قبوڵ بوونى نزاو پاڕانەوەكانمان بەچاوى پڕ لە فرمێسكەوە لە پەروەردگار دەپاڕاینەوە لە گەڵ قورئان دۆستى گیان بەگیانى بوین، فرمێسكەكانى پەشیمانى بۆ تاوانەكانى ڕابردوو لە چاوەكانمان نەدەبڕا، لە نوێژەكانماندا خشوعمان هەبوو، تام و چێژى ڕاستەقینەى خواپەرەستى لە دڵەكانمان گەیشتبووە لوتكە.
بەچەن ڕۆژێك بەر لە ماڵئاوایى كردنى مانگى ڕەمەزان دەستەكانمان واڵابوو بۆ خێر و چاكە نە لە فەقیرى و هەژارى دەترساین و نەش لە برسێتى دەرگاكانى چاكەكارى واڵابوون، تاكو گەیشتە ئەو ڕادەیەى هەر كەسێ لەم مانگەدا بمردایە خۆزگەمان پێى ئەبرد، چونكە لە مانگێكى پیرۆزدا دونیاى كاتى و بێ سوودى بەجێهێشت، ئاواتە خواز بوین لەم مانگەدا بمرین بۆ ئەوەى بە دڵێكى پاكەوە بگەینە بەردەم بارەگاى پەروەردگارمان بەم شێوزەیەش ڕۆژگار تێپەڕى و مانگى ڕەمەزایش وەك میوانێكى سەرپایى جارێكى تر ماڵئاوایى لێكردین.
پاشان چى ؟! پاشان زۆرێكمان گەڕاینەوە سەر وازهێنان لە نوێژ، هەروەكو بڵێیت لە خەتمە كردنەكانماندا، لە كاتى گوێ بیست بونمان بۆ قورئانى ناو نوێژە تەراویحەكانمان، ئەوەمان بەر گوێ نەكەوتبێت كە خواى پەروەردگار دەفەموێت: [ مَا سَلَكَكُمْ فِي سَقَرَ قَالُوا لَمْ نَكُ مِنَ الْمُصَلِّينَ ] (سورة المدثر: 43)، یان ئەو ئایەتەى كە فەرموویەتى: [ فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ الَّذِينَ هُمْ عَن صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ ] (سورة الماعون: 5) !!!
بەڵێ هەروەك بڵێیت ئەو ووتانەى پەروەردگارمان بەر گوآ نەكەوتبێت، و ڕیبا خۆرانیش گەڕانەوە سەر ڕیبا خواردنى خۆیان كەچى خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ فَإِن لَّمْ تَفْعَلُواْ فَأْذَنُواْ بِحَرْبٍ مِّنَ اللّهِ وَرَسُولِهِ ] (سورة البقرة 279) !!!!
عاشقانى گۆرانیش گوێكانیان واڵا كرد بۆ گۆرانى !!! و قورئانیان پشت گوێ خرا !!! چاوەكانیش سەرلەنوێ كوێر بوونەوە، لە ناحەق و حەرام زیاتر هیچى تر نابینن !!!! مزگەوتەكان دیسانەوە چۆڵ و هۆڵ بەزۆر سێ ڕیز پڕ ئەبێتەوە !!! ئەوەتا بەچەن ڕۆژێكى كەم چێژى پەرەستنمان لە یاد چوو !!! نەڕۆژوى دووشەممە و پێنج شەممە و نە نوێژى جەماعەت و.... هتد.
(سبحان الله) كوا ئەو ڕۆژانەى بەزمانى بەڕۆژوو چەند دەنكە خورمایەكمان بەدەستەوە دەگرت و بەدەوام چاوەڕوانى چوونە خوارەوە و ئاوا بوونى خۆر بەرزبوونەوەى بانگى مەغریبمان دەكرد ؟!!! و لە پەروەردگارمان دەپاڕاینەوە و بەكوڵ دەگریاین، كوا ئەو ڕۆژانە چى بەسەرهات ؟ خۆ هێشتا مانگێك بەسەر تێپەڕبوونى مانگى ڕەمەزان تێ نەپەڕیوە !!!!
با لە خۆمان بپرسین ئاخۆ هۆكارەكەى چى بێ ؟! چۆن وەها بە ئاسانى پشتمان لە قورئان هەڵكرد ؟!! و لەنوێژى بەیانیانیش ناپرسینەوە ؟!!! مزگەوتەكانیش لەماڵى هەتیوێك ئەچێ كەس نەوێرێ سەرى پیا بكا !!! ماڵەكانیشمان تەنها لە قەبر ئەچێ !! ئاخۆ هۆكارەكەى چى بێ ؟!
دڵنیابە هۆكارەكەى مردنى دڵەكانمانە، بەڵام بۆچى هێندە زوو دڵەكانمان مرد ؟!
چونكە زۆرێكمان پێى وایە تەنها لەمانگى ڕەمەزان پەرەستنى پەروەردگار واجبە !!! گەروانەبێ بۆچى سستى و خاوبوونەوە باڵ ئەكێشێ بەسەر پەرەستنەكانماندا ؟ وەك بڵێى پەروەردگار تەنها لە ڕەمەزاندا بونى هەبێ (نعوذ بالله) !!! بەڕاستى لە مردنى هەستەكانمان نەبێ هیچى تر نیە بە داخەوە بۆ گۆرانى و زنجیرە تەلەفزیۆنیەكان ئەگرین !!! كەچى بۆ ماڵئاوایى كردنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان چاوەكانمان لە كانیەك ئەچێ سەدان ساڵە پڕ كرابێتەوە.
بگرە زۆرێكمان خۆشحاڵە بە ماڵئاوایى كردنى مانگى ڕەمەزان !! وەك بڵێ ى بارێكى قورسى لە كۆڵ بوبێتەوە !!! حەق وایە بە خۆماندا بچینەوە و لە خۆمان و لەو كەسانەى كە كەمتەرخەمیانم كردوە بپرسین و بڵێین: ئایە خواى ڕەمەزان خواى مانگەكانى تریش نیە ؟! كەوا لە مانگەكانى تردا هێندە سست و كەم تەرخەمین ؟!! تۆ بڵێى كەسانێك هەبن وابیر بكەنەوە كە خواى ڕەمەزان باڵادەست و توندوتیژ بێ بۆیە بە باشى دەیپەرەستین ؟!!!! كەچى لەبەر ئەوەى خواى مانگەكانى تر بێ دەسەڵات !!! و بەبەزیى یە بەباشى نایپەرەستین (نعوذ بالله).
بێگومان وازهێنان لە پەرەستنەكان لە دواى ڕەمەزان هیچ كەمتر نیە لەو جۆرە بیركردنەوەى سەرەوە با بەو شیوەیەش بیر نەكەنەوە خۆ هیچ نەبێ كردەوەكانیان ئەو بیركردنەوەیەى سەرەوە ئەسەلمێنێ، چونكە هەموو مانگەكان هى یەك پەروەردگارن و یەك خاوەن و دروستكەریان هەیە، بۆیە بەرەستنى ئەو یەك پەروەردگارە پێویستە بەیەك شێوە بێ نەوەك لەڕەمەزان و شوال نوێژ بكەین و لەمانگەكانى تر پشوو بە خۆمان بدەین !!!! بەواتایەكى تر لە هەموو مانگەكانى ساڵدا پەرەستنى پەروەردگار واجبە لەسەر هەموومان بەبێ گوێدانە ناوى مانگەكان و فەزڵ و گەورەییان.
هەر ئەمەش واى كردوە خەڵكى لەپاش ڕەمەزان ببنە دوو كۆمەڵەوە كۆمەڵێكى سەركەوتوو و سەرفراز لەبەرامبەردا كۆمەڵێكى دۆڕاو، خۆزگە ئەمزانى ئێمە لەكام كۆمەڵەین سەركەوتوان یان دۆڕاوەكان، خۆزگە دەمزانى كێ لە كۆمەڵەى سەركەوتوانە تا پیرۆزباى لێ بكەم، وكآ لە كۆمەلەى دۆڕاوەكانە تا سەرخۆشى لێ بكەم، هەرچەندە مانگى ڕەمەزان ماڵئاوایى لە هەردوو كۆمەڵەكە كردووە.
بەڵام ماڵئاوایى كردنەكەى لە سەركەوتوان تام و چێژێكى تاڵى هەیە، چونكە لەم مانگەدا چێژیان لە پەرەستنى ڕاستەقینە وەرگرت شەوگار و ڕۆژگارێكى خۆشیان بەسەر برد بە پەرەستن، شەویان بە سەر دەبرد و بە پاڕانەوە بەربانگیان دەكردەوە، بۆیە بە ماڵئاوایى كردنى هەستیان بە ئازارێكى توند كرد كە لە ناخیاندا دەیانهەژێنێ، چۆن وا نەبێ لە كاتێكدا لە مانگى ڕەحمەت و بەزەیى و خێر و چاكە دوور دەكەونەوە، كێ ئەڵێ ساڵى داهاتو پێی شاد ئەبنەوە ؟
بەڵام كۆمەڵەى دۆڕاوەكان خۆش حاڵن !!! چونكە مانگى ڕەمەزان بەلایانەوە قورس بوو، ئەمان تەنها بەبێ ئارامى چاوەڕوانى جەژن ئەكەن، ئەمەش بەڕاستى تەنها سیفەتى مناڵانە نەك موسڵمانێكى ژیرى خاوەن هزر.
بۆیە حەق وایە بەكوڵ بگرین بۆ ئەم ماڵئاوایى كردنە.
چۆن نەگرین لە كاتێكدا نازانین ڕۆژوەكانمان بەپاكى و بێ كەم و كوڕى لێمان قبوڵ ئەكرێ یان بە ڕومانەوە ئەدرێتەوە.
لە دوایى ئەم ماڵئاوایى كردنە چۆن بتوانین پێبكەنین لە كاتێكدا نازانین ساڵێكى تر لە گەڵیا شاد ئە بینەوە یان مردن زوتر خۆیمان پێ ئاشنا ئەكات ؟!!!
ڕەمەزان بەڕێوەیە بێتەوە بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێت مردنیش بەڕێوەیە.
بەڵام پرسیارى گرنگ ئەوەیە كێ لە ئێمە هەستى بەم كەم و كوڕیانە كردووە ؟ كێ لە ئێمە بڕیارى داوە مانگەكانى تریش ناویان بنێ ڕەمەزان، و چۆن لە ڕەمەزان سەرقاڵى پەرەستن بوو ئەوا بە پەرەستنى لە چەشنى ڕەمەزان مانگە كانى تریش بڕازێنێتەوە ؟
ئەوەى پێمان گەیشتوە پێشین (السلف) 6 مانگ لە خوا پاراونەتەوە تا ڕۆژووەكانیان قبوڵ بكات و لێیان وەربگركێ كەچى ئێمە ناتوانین تەنها یەك هەفتە بپاڕێینەوە بەڵكو هەر لە یەكەم ڕۆژى جەژنەوە مانگى ڕەمەزانمان لە بیر ئەچێ، هەر لە گەڵ تەواوبوونى ڕەمەزان وەك دڵنیا بین لەوەى كە قبوڵ بوبێت بەهیچ شێوەیەك گوكێى نادەنێ.
ئایا پاڕاینەوە ؟ ئایا دڵمان خۆشە بە قبوڵ بونى ؟ ئایا ئەم حاڵەى ئێمە شایەنى ئەوە نیە بترسین لەو ئایەتەى كە پەروەردگار ئەفەرموێ: [ وَبَدَا لَهُم مِّنَ اللَّهِ مَا لَمْ يَكُونُوا يَحْتَسِبُونَ ] (سورة الزمر: 47).
واتە: ئەوەى كە تۆ داتنابوو وا بێت ئەوە نەبوو، بەڵكو شتێك بوو كە تۆ هەر حیسابت بۆ نەكردبوو.
بەداخوە زۆر بەئاسانى مانگى ڕەمەزانمان لە یاد چوو و زۆرێكیشمان وا هەست ئەكا بارێكى قورسى لە سەر لاچوە و خۆشحاڵە بە هاتنى چەژن كە ئەمەش سیفەتى مناڵانە نەك گەورەیەكى كامڵى موسڵمانى لە خواترس !! بۆیە پڕسیارى گرنگ لێرە ئەوەیە: ئایا مانگى ڕەمەزان هیچ كاریگەریەكى لەسەر دڵەكانمان بەجێ هێشتوە ؟ هیچ شت و كردەوەیەكى خراپى لە ڕەفتارمان گۆریوە بەجاك ؟ یان لە گەڵ ماڵئاوایى كردنى گەڕاینەوە سەر تاوان ؟!!
جنۆكە و شەیتانەكان هەر لە گەڵ تەواو بونى مانگى ڕەمەزان بەڕەڵا ئەبن بۆ تاوان كارى. ئەى ئێمەى مرۆڤ نە جنۆكەین و نەش شەیتان بۆچى لاسایى ئەوان بكەینەوە ؟! گەر وابێ ئەوا ئێمە چیمان لە خراپەكاریەكانى ئەوان كەمترە ؟ ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ تاوان كردن بەخەڵكى زۆرێكیش لە ئێمەى مرۆڤ دەگەڕێنەوە سەر تاوانەكانى پێشو.
خۆشەویستانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان: سەركەوتوان دڵیان لە مشتیاندایە و بەترسەوە جاوەڕوانى پاداشتن و تەنها یەك كۆمەلەن.
بەڵام دۆڕاوەكان تەنانەت لە نێوان خۆیانیشدا دەبن بەدوو كۆمەڵەوە:
كۆمەڵەى یەكەم: ئەوانەن كە كەمتەرخەمیان كردوە لە بەڕێكردنى ئەم مانگە و پەرەستنەكان لەم مانگەدا، ڕۆژیان بەخەو بردۆتە سەر و شەویش بەدەمەتەقێ و غەیبەت و تاوان و دانیشتن بەدیار سەتەلایتەوە، نوێژەكانیان بەپەلە و پچڕپچڕ تەواو كردوە لە چەن پەڕەیەكى كەم نەبێت قورئانیان نەخوێندوە، یان هەر تەنها یەك پەڕەیشیان نەخوێندوە، زمانەكانیان وشك بووە لە زیكرى پەروەردگار و دڵكانیشیان بێ ئاگا لە پەرەستن و چاوەكانیشیان لە كانیەك ئەچێ ساڵانێكە پڕ بوبێتەوە، بۆیە بەردەوام لە ململانێ بوونە لە گەڵ شەهوەتەكانیان جاریك سەركەوتوون و جارێكیش شەهوەت سەركەوتووە بەسەریاندا، نوێژى بەیانیان لەدەست داوە و نوێژى مەغریبانیش نیوە شەو كردویانە !!! وەك خۆیان ئەڵێن بەهۆى ماندووبوونەوە بیریان چوبوو، كە ئەم خۆشەویستە (ڕەمەزان) تەنها مانگێك میوانە و دواى بەجێمان ئەهێڵێ.
لەپاش ڕەمەزانیش وەك بڵێى (نعوذ بالله) خواى ڕەمەزان جیاواز بێ لە خواى مانگەكانى تر دەبینین پەرەستنەكانیان نەك تەنها ڕوو لە كزبوون ئەكات بەڵكو زۆربەیان بەیەكجارى تا ڕەمەزانى داهاتوو واز لە پەرەستنەكان ئەهێنن بەتایبەت نوێژكردن !! باشە ئەمە لەپاى چى ؟ مەگەر خواى ڕەمەزان خواى مانگەكانى تر نیە ؟!
بەدڵنیاییەوە ئەم كۆمەڵەیە گەر خواى پەروەردگار بیەوێ سزایەكى سەختیان ئەدات گەر بیشیەوێ لێیان خۆش ئەبێ، ئەوە تەنها لە دەسەڵاتى خۆیدایە.
كۆمەڵەى دووەم: ئەو كەسانەن كە لەم مانگە پیرۆزەدا هیچ جۆرە پەرەستنێكیان ئەنجام نەداوە نە ڕۆژویان گرتوە و نە نوێژیشیان كردوە !!! ڕۆژیان وەك شەو بەخەوتن بەسەر بردوە و شەویشیان بەدیار سەتەلایتەوە تێپەڕاندوە !! نە شەو نوێژو نە (ليلة‌ القدر)، وەك بڵێ مردن هەڵگیرابێ و تاماون بەزیندویى ئەمێننەوە !!! باشە ئەم جۆرە كەسانە گەر لە مانگێكى پیرۆزى وەك ڕەمەزان باش نەبن و بەخۆیاندا نەچنەوە ئاخۆ كەى بیرێك لەپاشە ڕۆژى خۆیان ئەكەنەوە و باش ئەبن ؟!
لە هەركامێكیشیان بپرسە بۆچى نوێژناكەیت و بە ڕۆژوو نەبویت هەر یەكەو پاساوێك ئەهێنێتەوە !!!
ئەمیان ئەڵێ مەعیدەم نەخۆشە و نەمتوانى بەڕۆژوو !! بم كەچى ئەو كاتانەى خۆشەویستەكەى لێى زویر ئەبێ ئامادەیە 3 ڕۆژ نان نەخوات تا ئاشتى بكاتەوە !!!!
ئەوى تریان ئەڵێ نەمتوانى تا ئێوارە جگەرە نەكێشم !!! باشە جگەرە لە خواى پەروەردگار خۆشەویست ترە بەلاتەوە ؟!! ئەو خوایەى كە ڕۆحى تۆى بەدەستە ؟! ئەتوانى لە ئاست كاربەدەستێكى گەورەى دونیا دوو ڕۆژ جگەرە نەكێشى كە لەقیامەتدا هیچ بەدەستە كەچى ناتوانى بۆ خواى پەروەردگار (10) سەعات واز لەجگەرە كێشان بهێنیت ؟!
یەكێكى تر ئەڵێت لە داخى دز و درۆزن ڕۆژووم نەگرت !!! ئەى با تۆ ڕاستگۆ و دەست پاك ببویتایە و بۆ خوا بەڕۆژو ببوایەى نەك بۆ خەڵك !!!
كۆمەڵێكى تر ئەڵێن مناڵەكانمان وردن و بژێویش سەختە و ئیش و كار ماندوى ئەكردم باشە بەدرێژایى (11) مانگ مناڵەكانت لەبرسا نەمردن بۆ مانگێك ئەمرن ؟! بەتایبەتى مانگى ڕەمەزانیش كە بە مانگى خێر و بەرەكەت ناسراوە ئەى بیرت چوو كە پەروەردگار ئەفەرمووێ: [ نَّحْنُ نَرْزُقُكُمْ وَإِيَّاهُمْ ] (سورة الأنعام 151)، واتە: ئێمە ڕزق و ڕۆزى خۆتان و منداڵەكانیشتان دەدەین، ئەى ناترسیت پەروەردگار ڕۆزیت ببڕێ ئەو كاتە شەو و ڕۆژ بدەى بەدەم یەكەوە هیچ بەهیچ ناكەى.
یەكێكى ترو یەكێكى تر.... هتد.
بەم شێوەیە هەریەكە و پاساوێك ئەهێنێتەوە دەبا كاكى عاشق لە قیامەتدا خۆشەویستەكەى شەفاعەتى بۆ بكات، و كاكى جگەرە كێشیش باجگەرەكەى لە دۆزەخ بیپارێزێ و كاكى دەست پاكیش بابتوانێ بەبێ نوێژ و ڕۆژوو تەنانەت بۆنى بەهەشتیش بكات بە بێ سزاى سەختى دۆزەخ یان بەركەوتنى ڕەحم و بەزەیى خواى میهرەبان، كاسب كارانیش با پارە و سامان و مناڵەكانیان ببنە پردێك بۆیان بەرەو بەهەشت !!
سوێند بێت بە پەروەردگارى هەموو مانگەكان پاساوى هەرهەمویان لە قیامەتدا دەدرێتەوە بەڕویاندا و لێیان قبوڵ ناكرێ، چونكە لە دونیادا دڵى خۆیان بەم پاساوانە خۆش كردوە.
ئافرەتانیش خوا پەنامان بدات لە كۆمەڵەى یەكەم و دووەمدا ڕێژەیان لە پیاوان زۆرترە، چونكە یان بەپۆشاكى مۆدە و مكیاج كردنێكى تەواوەوە بەڕۆژوو بوون !!! یان لەگەڵ تەواو بوونى ڕەمەزان دەگەڕێنەوە سەر جل و بەرگى مۆدەى تەسكى نیوە ڕووتى ناشەرعى و دەگەڕێنەوە سەر بۆیاغ كردنى خۆیان ئاخۆ یەكێك پێم ناڵێت بەچ بەڵگەیەكەوە ئەم كارە ئەكەن، لەچ ئایەتێكى قورئان و لەچ فەرموودەیەكدا ئەمرتان پێكراوە ئەم كارە بكەن. یان زۆرێكیان هەر بە ڕۆژوو نەبوون جا بەهەر پاساوێكى ناشەرعى بێت ئەوا بەڕویاندا ئەدرێتەوە.
هەموو ئەمانە لەپاى چى ؟ ئایە بەم شێوەیە پادشتى ئەو پەروەردگارە بدەینەوە كە ئەم مانگە پیرۆزەى بەخەڵات ناردوە بۆ هەموو مرۆڤایەتى بۆ ئەوەى لە گومڕابوون ڕزگارمان بكات بە دڵنیاییەوە گەر بەر لە مردن تەوبەیەكى پاك و ڕاستەقینە نەكەن ئەوا كۆمەڵەى دووەم لە ئاگرى دۆزەخدا ئەبن ئەو كاتە پەنجەى خۆیان ئەگەزن بەڵام دواى چى (والله أعلم).
ئامان برایان و خوشكان ئامان سەد ئامان با مانگى ڕەمەزان نەكەینە دۆژمنى قەبر و قیامەتمان با لە قیامەتدا بەچاكە شایەتیمان لەسەر بدات با لە ڕوومان نەوەستێ و با بە پشت هەڵكردن لە قورئان و پەرەستشەكان شایەتیمان لەسەر نەدات، جا ماڵ وێران ئەو كەسەى لە قیامەتدا ڕەمەزان لەدژى بوەستێ لێى ناڕازى بێت.
جا ئەى ئەو كەسەى لە ڕەمەزاندا كەم تەرخەم بویت چۆن لەڕووت دێت داواى شەفاعەت و لێخۆش بوون بكەیت ؟ ئەڵێى خواى پەروەردگار بەڕەحمە ؟!! بەڵێ ڕاستە بەڵام بۆ ئەو كەسانەى كە چاكەكارن، گەر بەڕەحمیش بێت بەم شێوەیە پاداشتى ئەو هەموو ڕەحم و بەزەییە ئەدەیتەوە ؟!
ماوەتەوە بڵێم: مەرج نیە وەكو مانگى ڕەمەزان بە چڕو پڕى پەرەستنەكان ئەنجام بدەین، بەڵام هیچ نەبێ با فەرزەكانمان لە دەست نەچێ، یا هیچ نەبێ كەم تەرخەمى تیا نەكەین و سستى نەنوێنین، با ڕۆژانە قورئان بخوێنین با كەمتریش بێ لەوى كە لە ڕەمەزاندا دەمانخوێندەوە، با لە پەروەردگار بپاڕێینەوە ئەگەر بۆ خولەكێكیش بێ، با كەمتر لەمانگى ڕەمەزان گوێ لەقورئان بگرین، باشترە لەوەى هەر گوێى لێ نەگرین !!! هیچ نەبێ با لە مانگێكدا (3) ڕۆژ بەڕۆژوو بین !!
لە پاش ئەم هەموو نوسینە نازانم بڵێم ماڵئاوا مانگى ڕەمەزان و بە ماڵئاوایى كردنى بگریم ؟ یان بۆ حاڵى خۆمان بگریم كە ساڵێك لە تەمەنمان تێپەڕى و ڕەمەزانێكى ترمان بەڕێكرد و نەمانتوانى بەگوێرەى پێویست پەروەردگارمان بپەرەستین.
بۆیە لە نێوان لێكدانەوەى ئەم دوو ئایەتەدا هەردەم لە تێفكریندام، ئایەتێكى دڵخۆشكار كە خواى پەروەردگار تێیدا فەرموویەتى: [ قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ] (سورة الزمر: 53)، لە بەرامبەردا ئایاتێكى ترسێنەر كە خواى پەروەردگار تێیدا فەرموویەتى: [ وَبَدَا لَهُم مِّنَ اللَّهِ مَا لَمْ يَكُونُوا يَحْتَسِبُونَ ] (سورة الزمر: 47).
ئاخۆ ئێمەى ڕۆژووانانى ئەم سەردەمى پڕ لە تاوانە، لە ڕیزى ئەو كەسانەین كە لە ئایەتى دووەمدا باس كراوین، یان پەروەردگارى میهرەبان بە سۆز و بەزەیى خۆى لە ڕیزى ئەوانەمان دەژمێرێت كە لە ئایەتى یەكەمدا باسى كردوون ؟

وَآخِرُ دَعْوَنا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
پێداچوونەوەى: مامۆستا عدنان بارام
1ى شەووال 1428 - 13/9/2007