بابهت: كورد برای شەیتانن
ئەبو بەسیر تەڕتووسی موفتی جیهادی سەلەفییەكان، لە نامەیەكی كراوەدا بۆ كورد هەڕەشە دەكات و دەڵێت "لەنێو ئێمە و لەگەڵ ئێمەدا ژیانتان نییە، جگە لە شەڕ و دوژمنایەتی هیچ شتێكی دیكە لە موسڵمانان نابینن".
تەڕتووسی كە ناوی تەواوی عەبدولمونعیم مستەفا حەلیمە لە نامەكەیدا دەڵێت "دوژمنایەتی نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی دیكەتان كرد، لە دەمارگیریتان بۆ نەتەوەی كورد بوونە برای شەیتان، لە پێناو سەركەوتنی دەمارگیریی جاهیلیی نەتەوەییانەی خۆتان، دژ بە ئیسلام و خەڵكەكەی و، شارستانیەت و مێژووەكەی شەڕتان راگەیاند".
د.عەرەفات كەرەم، سەرۆكی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی، لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی "تەڕتووسی كابرایەكە خاوەن سایكۆلۆژی تووندڕەوە، جگە لە خوێندنەوەی چەند نامیلكەیەكی ئاینی، هیچ شارەزاییەكی لە بارەی ئاینەوە نییە". لەبارەی ئەو نامەیەش گوتی "كۆمەڵێك ئیسلامیی تووندڕەو لە كوردستان زانیاریی هەڵە و ناڕاست دەدەنە ئەو تەڕتووسییە و ئەویش یەكسەر فەتوای خراپ دەردەكات و هێرش دەكاتە سەر كورد، ئەگەر نا ئەو كابرایە هیچ لەبارەی مێژووی كورد نازانێ".