بابهت: ((لە یاخى بونم دێمەوە جێ ژوان ئاشت دەکەمەوە ))
[size=16][center]زۆر دەمێکە لەم غوربەتا
جەستەى مەرگ لە ناو تابوتى تەمەنما ڕاکشاوە
دۆزەخێک ئازار بە بەرزەخى پێکەنینما هەڵواسراوە
دوعا ژەهراویەکانم جەستەى پەریەکان بۆگەن دەکەن
ئەستێرە ڕزیوەکان لەناو دڵما هەرەس دێنن
قریشکەى دارستانە دوو ڕووەکان نیگەرانم دەکەن
بە کۆڵێک بیرەوەرییەوە
بە مێزێک شەرابی قومار بازە ئیفلیجەکانەوە
سەر شانەکانم پڕن لە قامچى نەیزەکەکان
دەستەکانم بونە جێگاى سەماى زریانەکانى زوڵم
دەمەوێ بەرەو لاى تۆ بێمەوە
کە چى دەنگێکى غەریب دەنگێک کە غەریبترە
لە خەندەى ئیبلیس...... پێم دەڵێت :
باڵندە لانەوازەکە
کەم لە خۆر ئاوابوون بڕوانە
ئەى خێر نەدیوو لە چەپۆکى شەو
ئەى ئەو کەسەى لە پێکەنینتا خوێن دیارە
ئەى خۆشەویسترین هاوڕێى پاسەوانەکانى نائومێدى
بۆ کوێ دەڕۆى ؟
منیش بە دەنگێکى حەزین
حەزینتر لە مەرگى ئاسمان
پێی دەڵێم :
ئەى سەفەر ناسی لەزەت
ئەى میراتگرى خوێنى خۆر
ئەى مژدەبەخشی وردبوونى پەلکەزێڕینە
دەگەڕێمەوە بۆ جێ ژوان
ئاخ ..... ئاخ
تۆ نازانى لەم غوربەتا چەند بێزارم
دەمەوێت شەهامەتى یاخى بوون هەڵگرم
جەستەم بۆنى کوشتارگەى پەپولەکانى لێ دێت
بە تەنافى گوناهدا هەڵیان واسیوم
بە فەرمانى دەریاکان کتێبەکانى خنکان تەفسیر دەکەم
ڕوخسارم پڕ بوو لە نەفرەت
هەر دێمەوە
ئەگەر هەموو کۆرپەکانى تاریکى ڕێم لێ بگرن
پێکەنینەکانى سینەم لە بەر پێما یەک یەک بمرن
هەر دێمەوە
دێمەوەو تۆش سەیرى لێوى خەندە لێ تۆراوم بکە
من ئەو باڵندە بێ پەڕو باڵەم کە خەونم ناگاتە ئاسمان
ئیتر چۆن بە ناو شۆڕەبیەکانى ڕۆحتا شۆڕ نەبمەوە ؟
ئەى یار ئەى نیشتیمان ئەى ئەزیزم
چەند سادەیە مەرگ لە دوورى
ژیان لە دوورى تۆ
خەونێکە شەو سڵى لێ دەکاتەوە
من ون بووم ون بوو
وەرە بمدۆزەرەوە
بمدۆزەرەوە
لەناو پاشماوەى جوت بونى ڕیشۆڵەکاندا
لە ناو کەرنەڤاڵى شمشێرەکاندا
لە ژێر ئەو دەمامکانەى کە پڕن لە بێ حیکمەتى
بمدۆزەرەوە با باسی سەفەرەکەمت بۆ بکەم
پێت بڵێم : لەو سەفەرەدا
پێکەنینەکانم بە بەرتیل دایە بیابان
تاکو بمگەیەننە ئەو دیوى شەقامەکانى لێ خۆش بون
دەستێکم بەخشی بەو گۆچانە پیرەى
کە داواى شەرابی گەنجى لێم دەکرد
ڕۆشتمە لاى ئەو کاتژمێرانەى
کە لە تەنیایدا بوبونە ئاوێنەى خۆیان
ئەو پەریانەم بینى کە بوبونە
جوانترین درەختى دارستانەکانى کوفر
سەفەرێک کە داڕمان لە هەنگاوەکانم دەتکا
سەفەرێ کەجگە لە توانەوەى خۆم هیچم تێدا بەدى نەکرد
ئیتر بێزار بوم بێزار
بێزار بوم لە نوسینەوەى
وەسیەتى بەیانیە شومەکان
لە بینینى جوت بونى مانگ و کانى
لە خواردنەوەى شەهوەتى هەور
لە بیستنى چیرۆکەکانى ئەم ڕۆحە نیوە دەرچوەم
دێمەوە تاکو بە پێکەنینمان
باڵندە جادوگەرەکان هەتیو بکەون
خەیاڵە ڕوو ڕەشەکانى تەمەن
بخەینە ناو مەنجەنیقەکانى حەقیقەت
دێمەوە تاکو پێت بڵێم :
ژیان لەگەڵ تۆ
دەریایەکە شەپۆلەکانى ئاڵتونى
کیشوەرێکە لێوان لێو لە شارى عەشق
دێمەوە هەتاوەکو گۆرانیەکانى ئەوین لەبەردەم تۆ بڵێمەوە
تا وەک چیمەن لە بەر پێتا بڕوێمەوە
وەک بیمارێک تا جارێ تر نەکولێمەوە
وا دێمەوە ... وا دێًمەوە ... وا دێمەوە[/center]
ئارام عبدالڵە ( باران )[/size]