بابهت: لیۆنێل میسی) : "جێگای شانـــــــــــــازیمە كە گەنجانی كوردستان خۆشیان دەوێم"
سڤیل: سەرەتا دەمانەوێ بزانین میسی، هیچی دەربارەی كوردستان بیستووە؟
میسی: كوردستان، نازانم بە تەواوەتی چۆنە، بەڵام ناوم بیستووە، ئەویش بە دوو ڕێگەوە، یەكەمیان لە تەلەفزیۆن، بیستم كە سەركردەیەكی كورد گیراوە و بەوەش هەندێك لەهەوادارانی خۆیان سوتاندووە، وابزانم بە ئاپۆ مەشهوور بوو، پاشان كە لەسەردانێكدا لەدوبەی بووم، گەنجێك هات بۆ لام وتی من كوردم، بە داخەوە بوار نەبوو زۆر لەگەڵی بمێنمەوە، بەڵام ئێستا خۆشحاڵم، وەك تۆ لە ئیمەیلەكەتدا بۆت نوسیبووم، گەنجانی كوردستان منیان خۆش دەوێ، ئەوە جێگای شانازییە بۆ من كە لای خەڵكی كوردستان جێگای ڕێزم.. سڵاوم هەیە بۆ كوردستان.
سڤیل: چۆن بوو یاری تۆپی پێت هەڵبژارد، یانی نەدەكرا بچیتە بوارێكی ترەوە؟
میسی: رەنگە بەشێكی پەیوەندی بە ژینگەكەوە بووبێت، ئەویتریشی ئەوەیە كە تۆپی پێ وەرزشێكی رێك بوو بۆ من، هەموو مرۆڤێك خۆ دەبێت وەرزش بكات، منیش تۆپی پێم هەڵبژارد، یەكێكی تر لەهۆكارەكان خۆشەویستیم بوو بۆ شای گەورەی تۆپی پێ، دیگۆ مارادۆنا، لەمنداڵییەوە زۆرم خۆش دەوێ، هەمیشە دەموت تۆ بڵێی بتوانم ڕۆژێك وەك دیگۆ بم، ئێستاش خۆشحاڵم كە توانیومە ڕێگەكەی ئەو بگرم، ئەرجەنتین هەموو گیانمە، خۆمی بۆ بەخت دەكەم.
سڤیل: پاش ئەوەی بە باشترین یاریزانی جیهان هەڵبژێردرای هەستت چۆن بوو؟
میسی: هەر بە ڕاستی! تۆـ ش بیستووتە LOL (بە پێكەنینەوە...)، دووبارە خۆشحاڵم كوردەكان ئاوا هەواداری منن، بەدەستهێنانی نازناوی جیهانی خەونی هەموو مرۆڤێكە، بەنیسبەت ئەم نازناوەشەوە، ئەوە ئەوپەڕی ئاواتم بوو، هیوام وایە كە لەئاستی ئەو خۆشەویستی و متمانەیەدا بم، كە هەموو جیهان لە زاری فیفاوە پێی بەخشیم، هەڵبەت ئەو یاریزانە بەڕێزانەی تریش هاوڕێی خۆشەویستی منن، ئەگەر بەرچاوت كەوتبێ زۆر خۆش بوو كە پێكەوە وێنەمان گرت، ئەو وێنە مانایەكی قووڵی بە خۆشەویستی ئێمە دەدا بۆ یەكتری.
سڤیل: لەرووی كاتەوە چۆنە بە لاتەوە، وەرزش كاتی ڕۆژانەی زۆری لێگرتووی؟
میسی: بە ڕاستی مەشق و یاری، كاتی زۆری دەوێ، ئەگەرچی یاری چەند خۆشە مەشقەكەی لەوە زیاتر، بەڵام گلەییم دێتە سەر لای دۆستان و خزمانەوە كە نەتوانم بە پێی پێویست سەردانیان بكەم، بە گشتی كاتی كۆمەڵایەتی زۆری لێگرتووم. بەڵام دۆستان و خۆشەویستانیشم بارودۆخی من دەزانن، بۆیەش كەمتر گلەییم لێدەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەموویانم خۆش دەوێ.
سڤیل: چی كارێك زۆر لە ژیانتدا دووبارە دەكەیتەوە؟
میسی: گەشت، هیوایەتمە كە بتوانم زۆرترین شوێن ببینم بە تایبەت شوێنە شوێنەواری و گەشتوگوزارییەكان.
سڤیل: هەندێك لەیاریزانانی تر پڕۆژەی خێرخوازییان هەیە، وەك پەیمانگای خێری بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت، تۆ هەوڵت داوە هیچ پڕۆژەیەكی لەو شێوەیەت هەبێت، بۆ خەڵكی وڵاتەكەی خۆت یان وڵاتانی تر؟
میسی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئەوە كارێكی زۆر مرۆڤانەیە، ژمارەیەكی زۆر منداڵ و لاو هەن لەجیهاندا كە پێویستیان بە ئێمە هەیە، هەوڵمداوە كەسێك بم لە ڕووحەوە خەڵكم خۆش بوێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر دەروونم جێهێشتووە، بەوەی كە وەك چۆن خەڵك بە بوون و نەبوونیەوە، بە هەژاری و دەوڵەمەندییەوە منی خۆش ئەوێ، ئاوا منیش بەبێ جیاوازی خەڵكم خۆش دەوێ، ئەو دیمەنانەی ناخی مرۆڤەكان دەهەژێنن، زۆرن، ئەوەش بۆ من سەرمایەیەكی گەورەیە، ئەگەر بتوانم دڵی منداڵێك خۆش بكەم، كە چاوەڕێی گەڕانەوەی باوكە ونبووەكەیەتی.
سڤیل: دوا قسەت.
میسی: لەكۆتاییدا خۆشەویستیم بە كوردستان و خەڵكەكەی بگەیەنە، هەمووتانم خۆش دەوێ.