بابهت: ئاسن و موعجيزه گرنگهكه.
ئاسن و موعجيزه گرنگهكه.
(تێبینیی وەرگێڕ):
یەكێك لەو ڕووانەی ئیعجازی قورئان كە مامۆستا نوورسی لە نووسینەكانی دا جەختی لەسەر دەكات: جامیعییەتی واتاكانیەتی, كە وشە و، ڕستە و، تەنانەت ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز چەندین واتای جیاجیا هەڵدەگرن،
[url=][CENTER]http://up.z-gencan.com/uploads/z-gancan12988063131.jpg[/CENTER[/url]]
لەو ڕەهەندەوە كە قورئانی پیرۆز گوفتاری خوای گەورەیە ئاراستەی سەرجەم چینەكانی مرۆڤی كردووە لە هەموو كات و شوێنێكدا هەتا ڕۆژی دوایی.
جا ئەم ئایەتە پیرۆزەی كە لەم ڕۆژگارەدا تەفسیر و واتای زانستیی لـێ دەدرێتەوە، ئیعجازێكی زانستیی ئەتۆی لەخۆ گرتووە كە مەگەر كەسێك نكوولی لە ڕاستی بكات دەنا باوەڕ دەهێنێت بەوەی كە ئەم قورئانە جگە لە وەحیی خوای گەورەی بەدیهێنەری گەردوون و زانای ئاشكرا و پەنهانەكان گوفتاری كەسی تر نی یە. مامۆستا نوورسیش لێرەدا تەفسیرێكی وای بۆ ئەم ئایەتە پیرۆزە كردووە كە لە جەرگەی ئامانجی هیدایەتبەخشی قورئانەوە سەرچاوە دەگرێت و، لە هەمان كاتدا واتا زانستی یەكەی ئەم ڕۆژگارەشی تێدا ڕەچاو كردووە, ئەوەتا بە پوختی ئەو واتا زانستی یەی بە شێوەیەكی نزیك لە واقیعە زانستی یەكەوە لـێكداوەتەوە.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەم ڕووەوە ئەوەیە كە مامۆستا نوورسی ئەم ئاماژە زانستی یەی لە ناوەڕاستی ساڵەكانی سیی سەدەی بیستەمدا باس كردووە، لە كاتێكدا كە خودی واتا زانستی یەكە لە كۆتایی ساڵەكانی پەنجای سەدەی بیستەم لە لایەن زانایانی بوارە زانستی یەكانەوە باس كراوە! واتە بیست تا بیست و پێنج ساڵ پێش ئەوەی زانست بە ئامڕاز و لێكدانەوە تایبەتەكانی خۆی پەردە لەسەر ئەو نهێنی یە هەڵبماڵێت، قوتابی یەكی قورئان لە ئاماژەیەكی تەفسیرەكەی دا ئەو نهێنی یەی دركاندووە!
(وەرگـێــڕ)
بسمِ الله الرَّحمن الرَّحیم
ۆ أَنْزَلْنَا الْحَدِیدَ فِیهِ بَأْسٌ شَدِیدٌ ۆ مَنَـافِعُ لِلنَّـاسِ (الحدید:25)
وەڵامێكی پوخت و یەكجار گرنگە بۆ پرسیارێك كە تایبەتە بەم ئایەتەوە و، كەسێكی گرنگ ئاراستەی كردووە كە خاوەنی زانستێكی فراوانە و، هەندێ لە زانایانیشی پێ ئیلزام داوە.
پرسیار:
دەووترێت: ئاسن لە زەوی دەردەهێنرێت و لە ئاسمانەوە نایەتە خوارەوە تا بووترێت:
أَنْزَلْنا .. ئەی بۆچی قورئانی پیرۆز نەیفەرموو: "اخْرَجْنا " لە بریی: أَنْزَلْنا كە بە ڕواڵەت لەگەڵ واقیعدا یەك ناگرێتەوە؟!
وەڵام:
قورئانی پیرۆز بۆیە وشەی: أَنْزَلْنا ی بەكارهێناوە تاكو خەڵكی بۆ لایەنی ئەو نیعمەتە مەزنە بێدار بكاتەوە كە لە ئاسندا هەیە و لە ژیاندا دارای گرنگی یە. واتە قورئانی پیرۆز سەرنجی خەڵكی بۆ لای خودی ماددەی ئاسن ڕاناكێشێت تابڵێت: "اخرجنا " بەڵكو دەفەرموێت: أَنْزَلْنا تاكو بێداریان بكاتەوە بۆ ئەو نیعمەتە مەزنەی كە لە ئاسندا هەیە و، بۆ مەودای ئەو پێویستی یەش ڕێنمایی یان بكات كە مرۆڤ بە ئاسن هەیەتی.
جا لەبەر ئەوەی "نیعمەت " لە ژێرەوە نایەتە دەرەوە بەرەو سەر، بەڵكو لە گەنجینەی میهرەبانی یەوە دێت، كە بێگومان ئەم گەنجینەی میهرەبانی یەش بەرزە و لە ناوەرۆكدا دارای پلـەیەكـی بڵند و باڵایە، ئەوا "نیعمەت " لە بەرزایی یەوە بەرەو خوارەوە نـازڵ دەبێت و، پلەی مرۆڤیش - كە موحتاجی ئەو نیعمەتەیە - بێگومان لە خوار پلەی ئەو نیعمەتەوەیە و، "نیعمەت بەخشین "یش لە سەرووی "موحتاجی "یەوەیە. لەبەر ئەوە، تەعبیری ڕاست و دروست بۆ دەربڕینی هاتنی نیعمەت لە لایەن میهرەبانیی خواوەندەوە بۆ فریاگوزاریی موحتاجیی مرۆڤ: أَنْزَلْنا یە نەك "أخرجنا "!
ئنجا لەبەر ئەوەی دەرهێنانی تەدریجیی ئاسن لەسەر دەستی مرۆڤدا ئەنجام دەدرێت، ئەوا وشەی "إخراج " لایەنی نیعمەت ناخاتە هەستی مرۆڤ و پێشچاوی هەستی بێ ئاگایان.
بەڵێ، ئەگەر مەبەست ماددەی ئاسن بوایە، ئەوا بەپێی جێگای ماددیی ئاسن دەربڕینی مەبەست بە "إخراج " كارێكی شیاو دەبوو. بەڵام لێرەدا مەبەست سیفەتەكانی ئاسن و نیعمەتەكانی ئاسنە، كە دوو شتی مەعنەوین. بۆیە ئەم واتایە ڕووی لە شوێنی ماددیی ئاسن نی یە، بەڵكو ڕووی لە پلەوپایە مەعنەوی یەكەیەتی.
ئەو نیعمەتە كە لە گەنجینەی "میهرەبانی "یەوە دێت، كە ئەویش یەكێكە لە درەوشانەوەكانی پلەوپایەی بەرزی خواوەندی میهرەبان، ئەو نیعمەتە بێ هیچ گومانێك لە بەرزترین پلەوە بەرەو خوارەوە ڕەوانە دەكرێت.
كەواتە گوزارشتی ڕاست و دروست بۆ دەربڕینی ئەم مەبەستە: ( أَنْزَلْنا )یە.
هەروەها قورئانی پیرۆز بەم دەربڕینە مرۆڤ بۆ ئەو ڕاستی یە بێدار دەكاتەوە كە: ئاسن نیعمەتێكی گەورەی خواوەندە.
بەڵێ: ئاسن مایەی سەرهەڵدانی گشت تەكنۆلۆژیای گرۆی مرۆڤ و، سەرچاوەی هەموو پێشكەوتن و تەوەرەی سەرجەم هێزەكانیەتی.
جا لەبەر یادخستنەوەی ئەم نیعمەتە مەزنە، قورئانی پیرۆز بەوپەڕی گەورەیی و سام و هەیبەتەوە و لە مەقامی منەت لێنان و نیعمەت بەخشیندا، دەفەرموێت:
ۆأَنْزَلْنَا الْحَدِیدَ فِیهِ بَأْسٌ شَدِیدٌ ۆ مَنَافِعُ لِلنَّاسِ
هـەروەك گـەورەتـریـن مـوعـجیـزەی حـەزرەتی داوودیش-دروودی لەسەر بێت - بە
ۆ أَڵنَّا ڵهُ الْحَدِید
دەردەبڕێت. واتە دەریدەخات كە نەرمكردنی ئاسن موعجیزەیەكی گەورە و نیعمەتێكی مەزن بووە كە بە پێغەمبەرێكی گەورەی بەخشیوە.
دووهەم:
"سەر " و "خوار " دوو گوزارشتی نیسبین و، سەبارەت بە مەڵبەندی گۆی زەوین. تەنانەت ئەوەی كە سەبارەت بە ئێمە بە "لای خوارەوە " دادەنرێت سەبارەت بە كیشوەری ئەمریكا "لای سەرەوە "یە! واتە بارودۆخی ئەو ماددانەی كە لەناو مەڵبەندی زەوی یەوە دێنە سەر ڕووی زەوی، سەبارەت بە دانیشتووانی ڕووی دەرەوەی زەوی، دەگۆڕین.
قورئانی پیرۆزی خاوەن ئیعجازی بەیان بە زمانی ئیعجازەكەی دەفەرموێت:
ئاسن گەلـێ سوودی زۆر و فراوانی هەیە، بە ڕادەیەك كە نابێ وا بزانرێت كانزایەكی سروشتیی وەهایە هەرچۆنێك بە دەستەوە هات بەو جۆرە لە پێداویستی یەكاندا بەكار دێت، بەڵكو دەری دەخات كە نیعمەتێكی گەورەیە و بەدیهێنەری گەردوون بە سیفەتی شـكـۆداری
"رب السـموات والارچ " و لە گـەنجینـەی میهـرەبانیی خـۆیەوە هیناویەتە خوار و، لە كارگەی گەورەی گەردوونیشدا ئامادەی كردووە، تاكو ببێت بە خولگە و تەوەرەی جێبەجێ بوونی پێویستی یەكانی دانیشتووانی زەوی. بۆیە تەعبیری "نازڵ كردنی " بۆ بەكارهێنا و فەرمووی:
ۆأَنْزَلْنَا الْحَدِیدَ
تاكو ئەو سوودە گشتی یانە دەربخات كە لە ئاسندا هەن، بە وێنەی سوودەكانی "جووڵە " و "ڕووناكی " كە لە ئاسمانەوە دێن و لە كارگەی گەردوونەوە ڕەوانە دەكرێن.
كەواتە ئاسن لە گەنجینە بچووك و بەرتەسكەكانی گۆی زەوی یەوە دەرناچێت، بەڵكو لە گەنجینەی میهرەبانی یەوە دێت كە ئەویش لە كۆشكی گەورەی گەردووندایە و پاشان نێرراوە بۆ زەوی و لە گەنجینەكانی دا دانراوە، تاكو وردە وردە و بەپێی پێداویستیی چەرخ و سەردەمەكان بتوانرێت دەربهێنرێت و سوودی لێ وەربگیرێت.
واتە مەبەستی قورئانی پیرۆز ڕوونكردنەوەی ئەم دەرهێنانە تەدریجی یەی ئاسن نی یە لەم گەنجینە بچووكەی زەوی دا، بەڵكو مەبەستی ئەوەیە كە دەریبخات: ئەو نیعمەتە مەزنە پێكەوە لەگەڵ گۆی زەوی دا لە گەنجینەی مەزنی گەردوونەوە نازڵ كراوە، بۆ ئەوەی ئاشكرای بكات كە ئاسن لە هەموو شتێك پێویستترە بۆ گەنجینەی زەوی، بە ڕادەیەك كە بەدیهێنەری شكۆمەند كاتێ زەویی لە خۆر جیا كردەوە ئاسنیشی لەگەڵدا ناردە خوارەوە تاكو زۆربەی پێداویستی یەكانی مرۆڤ دابین بكات و بیانهێنێتەدی. كەواتە قورئانی حەكیم، لە ڕێی ئیعجازەكەیەوە، ئەم واتایە بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت كە: كارەكانتان بەم ئاسنە ڕابپەڕێنن و، هەوڵ بدەن بە دەرهێنانی لەناو زەوی دا سوودی لـێ وەربگرن.
ئەم ئایەتە مەزنە، دوو جۆر لەو نیعمەتانە دەردەخات كە تەوەرەی: "دوورخستنەوەی دوژمن " و "نزیكخستنەوەی سوودەكان "ن.
پێش نازڵ بوونی قورئان سوودە گرنگەكانی ئاسن بۆ گرۆی مرۆڤ هاتبوونەدی و بە چاو بینرابوون، بەڵام قورئان دەریدەخات كە لە دواڕۆژدا ئاسن چەند شێوەیەكی ئەوتۆ دەگرێتە خۆی كە كەسانی ژیر و هۆشمەند سەرسام بكات و، بە ناو دەریا و هەوا و وشكانی دا بڕوات و، تەنانەت زەوی ژێربار و تەسخیر دەكات و، هێزێكی هێندە دەراسا دەردەخات كە هەڕەشەی مردن لە مرۆڤ بكات. قورئان ئەمەشی بە:
فیهِ بَأْسٌ شَدِیدٌ
دەربڕیوە و، بەمەش بریسكەیەكی ئیعجازی لە هەواڵدانێكی غەیبی دا دەرخستووە.
كاتێ دەرگای باس لەسەر ئەو سەرنجەی پێشوو خرایە سەر پشت، دەرگای قسەش لەسەر "پەپوو "ی حەزرەتی سولەیمان كرایەوە و، یەكێك لە براكانمان، كە زۆر لە پرسیاركردندا ئیلحاح دەكات(1)، دەپرسێت: پەپووسڵێمانە بە:
یُخْڕجُ الْخَبْوَ فی السَّمواتِ ۆاڵاَرْچِ (النمل:25)
وەسفی بەدیهێنەری بەخشندە دەكات. ئایا هۆی چی یە لەم مەقامە مەزنەدا ئەم وەسفەی باس كردووە كە لە چاو وەسفە مەزن و شكۆمەندەكاندا وەسفێكی ناسك و نیانە؟
وەڵام:
یەكێك لە تایبەتكاری یەكانی گوفتاری ڕەوان (الكلام البلیغ) ئەوەیە كە: ئەو سنعەتەی خاوەن گوفتار پێوەی خەریكە، بیخاتە هەست و نەستی گوێ بیستەوە. جا پەپووی حەزرەتی سولەیمانیش، كە بە وێنەی دەشتەكیی شارەزا، ڕێشناس و شارەزای نێوان باڵندە و زیندەوەرانە و، بە فیراسەتێكی وەكو كەرامەت لە دوورگەی كەم ئاوی عەرەبدا شـوێنە پەنهانەكانی ئاو دەدۆزێتەوە. ئەم باڵندە بـەفـەڕ و پیرۆزە، ئەركی ئەندازیاری و كاری دۆزینەوەی ئاوی لە خزمەت حەزرەتی سولەیماندا – دروودی خوای لەسەر بێت - خرابووە ئەستۆ. بۆیە بە پێوەری سنعەتە وردەكەی خۆی، ئەوە دەچەسپێنێت كە هەر تەنها خوای گەورە شایانی پەرستن و سوژدە بۆ بردنە. چونكە ئەو خواوەندەیە كە شتانی پەنهانی ناو زەوی و ئاسمانەكان دەردەهێنێت و دەیانخاتە ڕوو. دەبینیت لە ڕێی سنعەت و كارە وردەكەی خۆیەوە ئەم ڕاستی یە دەچەسپێنێت! جا ئەم بۆڕوانینەی پەپووسڵێمانە گەلـێ جوانە! چونكە سروشتی كانزا و ناوك و تۆوە لەژمارەبەدەرەكانی ژێر گڵ داخوازی ئەوە نی یە كە لە ژێرەوە بۆ سەرەوە بێنە دەرەوە، چونكە تەنە قورسەكان كە خاوەنی گیان و دارای ئیختیار نین، لە خۆیانەوە بەرەو لای ژوور سەر ناكەون، بەڵكو لای ژوورەوە بەرەو خوارەوە دادەكەون. كەواتە دەرهێنانی تەنێكی پەنهانی ژێر گڵ لە ژێرەوە بۆ سەرەوە و تەكاندنی ئەو گڵە زەبەلاحەی سەر شانی بێگیان و هەستی ئەو، دەبێت لە ڕێی توانستێكی دەراساوە بێت، نەك لە لایەنی خۆیەوە. جا پەپووسڵێمانە لە ڕێی شارەزایی یەوە لە كارەكەی دا، پەنهانترینی ئەو بەڵگانەی دۆزیوەتەوە كە دەیچەسپێنن هەر تەنها خواوەند پەرستراو و سوژدە بۆ براوی ڕاستەقینەیە و، لە ڕێی سنعەتەكەی خۆیەوە گرنگترینی ئەو بەڵگانەی دۆزیوەتەوە.
قورئانی حەكیمیش ئیعجازێكی ئەوتۆی پێ بەخشراوە كە تەعبیر لەم حاڵ و گوفتارەی پەپووسڵێمانە بكات!
* * *
سەرچاوە:
كلیات رسائل النور – مجلد (اللمعات) ص (422-424). تألیف: بدیع الزمان سعید النورسی. ترجمە: إحسان قاسم الصالحی. الگبعە اڵاولی 1993 استانبول. پەراوێز:
(1) مەبـــەســـت "ڕەئفـــــەت "ە، كــــــــە لـــــــە پرســــیار كردندا زۆر بەغیرەتە و، كەچی لـــە نووســـینــــەوەی پەیامەكــــانیشـدا سستی و تەمبەڵی دەنوێنێت! (دانەر)
نوسینی :
بەدیعوززەمان سەعیدی نوورسی
وەرگێڕانی بۆ كوردی:
فاروق ڕەسوول یەحیا
سەرچاوە: ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا