بابه‌ت: مرۆڤ دوژمنی ئه‌و شته‌یه که نایزانێ
مرۆڤ دوژمنی ئه‌و شته‌یه که نایزانێ
الناس أعداء ما جهلوا ، ئه‌مه ده‌قی ووته‌یه‌کی سه‌نگینی پێشه‌وای گه‌وره عه‌لی کوڕی ئه‌بو تاڵيبه که ده‌ڵێت : خه‌ڵك دوژمنی ئه‌و شتانه‌ن که نایزانن ، ئه‌وه ڕاستییه‌که و ساغبۆته‌وه که مرۆڤ دوژمنی ئهوشتهيه که نایزانێ ، هۆکاره‌که‌شی ترسانه له‌وه‌ی که نایزانێ ، نه‌زانین واته نه‌بوون که‌دیاره نه‌بوونیش بنچینه و کۆڵه‌گه‌ی نه‌زانینه ، لێ به‌و مانایه نا که هه‌رشتێكمان نه‌زانی بچێته چوارچێوه‌ی نه‌بوون به‌ڵكه هه‌قیقه‌ته‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌و شته‌ى نايزانين لێمان وونه ، بۆیه پێویسته به قووڵی له شته‌کان ووردبینه‌وه و تێیبفکرین و بیخه‌ینه به‌ر تیشكی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ژیرانه‌وه و ، هه‌وڵبده‌ین پشكنینی ووردی بۆ بکه‌ین و بگه‌ینه به‌ره‌نجامێكی سوودبه‌خش بۆ ده‌رچوون له سه‌ر ده‌رنه‌کردن له شتێكی نه‌زانراودا و ، ئه‌و ڕاستییه بزانين كه نه‌زانین نه‌نگیی نییه و ، شتێكی زۆر سروشتیشه بکه‌وینه هه‌ڵوێستێك له نه‌زانینه‌وه به‌ڵكه ئه‌وه نه‌زانینی ڕاسته‌قینه‌یه و نه‌نگیی و شووره‌ییه ده‌سته‌وه‌ستان بین له ئاستییدا و له بۆته و بازنه‌که‌یدا بخولێینه‌وه ، مایه‌ی سه‌رسوڕمانه که زۆرێك له خه‌ڵك له ئاست شته نه‌زانراوه‌کاندا کۆڵ ده‌ده‌ن و ملکه‌چی ده‌بن ته‌نها که‌مینه‌یه‌ك نه‌بن که گیانی نه‌به‌زین و سهرکێشييان بۆ زانینی نه‌زانراودا به‌رزتر ده‌بێته‌وه و له کۆتاییه‌که‌دا چۆك به نه‌زانین داده‌ده‌ن ، نکۆڵی له‌وه ناکرێت که ئه‌قڵی مرۆڤ ناتوانێ شته‌کان پێكبهێنێت وه‌لێ ده‌توانێ بچێته نێو قووڵاییانهوه و به به‌رده‌وامی له سه‌ر ڕووی ڕوواڵه‌تییه‌کان جێگیرییان بکات ، هه‌رچه‌ند ئه‌قڵی مرۆڤه‌کان توانای پێكهێنانی شته‌کانی نییه وه‌لێ ئاسۆیه‌کی خه‌یاڵی ده‌گمه‌نی هه‌یه که توانای درێژبوونه‌وه و وه‌رچه‌رخانێكی وه‌های پێده‌به‌خشێت که به سه‌رکه‌وتووییه‌وه بچێته ناواخنهکانییان و نهێنی و ههقیقهتهکانییان بدۆزێته‌وه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ساتی وا به سه‌ر مرۆڤ دادێت که ده‌بێته دیلی نه‌زانین و تێنه‌گه‌یشتن له بابه‌تێك له زانستێك له کارێك هتد که ڕه‌نگه له هه‌قیقه‌تدا زۆر ساده و ئاسان بێت و هێنده گران نه‌بێت سه‌رئێشه په‌یدا بکات ، ئه‌م ووته‌یه‌ی پێشه‌وای مه‌زن عه‌لی کوڕی ئه‌بو تاڵيب تا ئه‌ندازه‌یه‌کی لۆژیکیی و دروست ته‌واوه و ، له ئه‌زه‌له‌وه تا به ئه‌مڕۆ ده‌گات له ژیانی مرۆڤایه‌تییدا ڕه‌نگده‌داته‌وه ته‌نانه‌ت بۆ زۆرێك وه‌کو گرێكوێره‌یه‌كی ده‌روونی لێهاتووه و له هۆگربوون به شته نه‌زانراوه‌کان و شه‌رمنه‌کردن لێی ناسره‌وێ و ، به ساده‌یی مه‌سه‌له‌که‌ی وه‌رگرتووه و ئاماده نییه له هه‌ڵگرتن و ئاراسته‌کردنی په‌یامی نه‌زانین بکه‌وێ ، سه‌یرترین و کاریگه‌رترین نموونه‌ش له دوژمنبوون بۆ شته نه‌زانراوه‌کان ئه‌وه‌یه که له نێو که‌سایه‌تییه ئایینیه‌کان و نه‌وه‌ی هۆشيار و هۆشمه‌ندی موسڵمانان به‌رجه‌سته بێ ، حه‌یفێكی گرانیشه ئه‌و په‌تا و ده‌رده کوشنده وه‌کو ژه‌هر له نێو زانایان بڵاو ببێته‌وه و خه‌ڵكی ساده‌ش د‌رك به‌وه بکات که دیارده‌یه‌کی وه‌ها ناشیرین و ناشيسته ڕه‌گی له نێو توێژی زیندووی زانایان داگرتووه و تا باڵاترین ئاستیش په‌لوپۆی هاویشتووه..
س: قه‌ڵه‌م پرێس
[/center]