1

بابه‌ت: له‌ پێغه‌مبه‌رى خوا نووح (علیه‌السلام)ەوە فێرى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى ببه‌!

[size=16]وانه‌ى یه‌كه‌م: با كه‌شتییه‌كه‌ به‌جێت نه‌هێڵێت:

هه‌ركێ له‌م كه‌شتییه‌دا ئه‌م هاوڕێتییه‌ له‌ده‌ست بدات، بێگومان لافاو ڕایده‌ماڵێت، ئایا خۆت فریامان ده‌خه‌یت؟ [قَالَ سَآوِي إِلَى جَبَلٍ يَعْصِمُنِي مِنَ الْمَاء قَالَ لاَ عَاصِمَ الْيَوْمَ مِنْ أَمْرِ اللّهِ إِلاَّ مَن رَّحِمَ وَحَالَ بَيْنَهُمَا الْمَوْجُ فَكَانَ مِنَ الْمُغْرَقِين]َ. هود: ٤.

وانه‌ى دووه‌م: یادت نه‌چێت ئێمه‌ هه‌موومان له‌سه‌ر یه‌ك كه‌شتین:

ئه‌وانه‌ى خاوه‌نى یه‌ك ئامانج و یه‌ك بیروبۆچوونن له‌ یه‌ك جێگه‌دا، پیویسته‌ وابیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى بۆ تۆ زیانبه‌خشه‌ بۆ منیش زیانبه‌خشه‌، ئه‌وه‌شى بۆ تۆ سوود به‌خشه‌ بۆ منیش هه‌روایه‌،هه‌ره‌وه‌زى پێویسته‌، هیچ قه‌ره‌بووى كاركردن وه‌كو یه‌ك تیم ناكاته‌وه‌، هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌ر چاو بگره‌ كه‌ تۆ له‌م كه‌شتییه‌دا له‌ گه‌ڵمانى.

وانه‌ى سێیه‌م: ڕه‌خنه‌ و گاڵته‌پێكردن با كارت تێنه‌كه‌ن و په‌كتبخه‌ن، به‌ڵكوو هه‌ڵسه‌ به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و كاره‌ى كه‌ پێتسپێردراوه‌، ئه‌گه‌ر نووح -سه‌لامى خواى لێبێت- به‌هۆى ڕه‌خنه‌ و گاڵته‌جاڕیی خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ دروستكردنى كه‌شتییه‌كه ڕابوه‌ستایه‌، ئێمه‌ تاكوو ئه‌مڕۆ پاش تێپه‌ڕبوونى هه‌زاران ساڵ باسى ئه‌و موعجیزه‌مان نه‌ده‌كرد: [وَكُلَّمَا مَرَّ عَلَيْهِ مَلأٌ مِّن قَوْمِهِ سَخِرُواْ مِنْهُ قَالَ إِن تَسْخَرُواْ مِنَّا فَإِنَّا نَسْخَرُ مِنكُمْ كَمَا تَسْخَرُونَ] . هود: ٣٨.

ڕه‌خنه‌ى ڕووخێنه‌ر با ساردت نه‌كاته‌وه‌ له‌ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌و ئه‌ركه‌ى كه‌ له‌سه‌ر شانته‌، به‌ڵام بیر له‌ حاڵى ئه‌و كه‌سه‌ بكه‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ گاڵته‌ت پێده‌كات، پاش ماوه‌یه‌ك كاتێك به‌ئامانج ده‌گه‌یت هه‌ڵوێستى چۆن ده‌بێت؟ ئه‌وه‌ش بزانه‌ ئه‌م كاره‌ له‌نێوان تۆ و ئه‌واندا نییه‌، به‌ڵكوو له‌نێوان تۆ و خواى په‌روه‌ردگاردایه‌.

وانه‌ى چواره‌م: له‌یادت نه‌چێت ئه‌م كه‌شتییه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكى كارامه ‌و پسپۆڕه‌وه‌ دروست نه‌كراوه‌:

شتێكى سه‌رنجڕاكێشه‌ كه‌ كه‌شتى تایتانیك له‌لایه‌ن چاكترین خه‌ڵكى كارامه‌ و پسپۆڕه‌وه‌ دروست كرابوو، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌مین گه‌شتیدا نوقمى ده‌ریا بوو! به‌ڵام كه‌شتییه‌كه‌ى نووح -سه‌لامى خواى لێبێت- كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكێكى ناپسپۆڕه‌وه‌ له‌و بوارده‌دا دروست كرابوو، به‌رگه‌ى گرت و به‌ ئامانجى خۆى گه‌یشت. ئه‌وانه‌ نییه‌تیان بۆ خوا پاك كردبوویه‌وه‌ و كاره‌كه‌شیان به‌دڵسۆزى ده‌كرد، .به‌ڵام ئایا ئێمه‌ى موسوڵمانان به‌دڵسۆزى و لێبڕاوى كاره‌كانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین؟

وانه‌ى پێنجه‌م: له‌پێناو سه‌لامه‌تیى خۆتدا هاوه‌ڵى باش هه‌ڵبژێره‌:

هه‌ڵبژاردنى هاوڕێ له‌ گه‌شتدا مه‌سه‌له‌یه‌كى گرنگ و كاریگه‌ره‌، له‌وانه‌یه‌ بكه‌ویت و ئه‌و ڕاستت بكاته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كت لێتێكه‌ڵ بێت و ئه‌و ئامۆژگارى و ئاراسته‌ى باشت بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ كێشه‌یه‌كیشت نه‌بێت ده‌بیته‌ هاوده‌مى و ده‌بێته‌ هاوده‌مت. [حَتَّى إِذَا جَاء أَمْرُنَا وَفَارَ التَّنُّورُ قُلْنَا احْمِلْ فِيهَا مِن كُلٍّ زَوْجَيْنِ اثْنَيْنِ وَأَهْلَكَ إِلاَّ مَن سَبَقَ عَلَيْهِ الْقَوْلُ وَمَنْ آمَنَ وَمَا آمَنَ مَعَهُ إِلاَّ قَلِيلٌ]. هود:٤٠.

وانه‌ى شەشەم: پلاندانان بۆ داهاتوو:

كاتێك سه‌رگه‌وره‌مان نووح -سه‌لامى خواى لێبێت- له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵانیدا خه‌ریكى دروستكردنى كه‌شتییه‌كه‌ بوون، باران ده‌ستى پێنه‌كردبوو، به‌ڵام ئه‌وان گوێڕایه‌ڵى فه‌رمانى خوایى بوون و دڵنیاش بوون له‌وه‌ى باران و لافاو به‌ڕێوه‌یه‌ و كه‌شتییه‌كه‌شیان ڕزگاریان ده‌كات. ئه‌گه‌ر تۆش له‌ داهاتوو و له‌ ڕێگه‌ى ڕزگاربوون دڵنیایت و نه‌تتوانى پلانێك دابنێیت، بێئومێد مه‌به‌! ڕێگه‌چاره‌ى ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ كه‌ هاوبه‌شیى كه‌سێك بكه‌یت له‌ پلانه‌كه‌یدا، به‌ڵام له‌پێش ئه‌وه‌دا له‌ ئامانجه‌كه‌ى هاوبه‌ش به‌.

وانه‌ى حه‌وته‌م: با گێژه‌ڵووكه ‌و گه‌رده‌لوول بێتاقه‌تت نه‌كه‌ن:

تۆ له‌ كه‌شتییه‌كه‌دا بێ گومان تووشى ڕه‌شه‌با و گێژه‌ڵووكه‌ ده‌بیت، ئه‌وه‌ شتێكى ئاسایییه‌، مه‌ترسه ‌و خه‌مبار مه‌به‌ و با وره‌ت دانه‌به‌زێت، چونكه‌ تۆ له‌گه‌ڵ خواى گه‌وره‌یت: [ وَقَالَ ارْكَبُواْ فِيهَا بِسْمِ اللّهِ مَجْرَاهَا وَمُرْسَاهَا إِنَّ رَبِّي لَغَفُورٌ رَّحِيمٌ]. هود: ٤١.
[قِيلَ يَا نُوحُ اهْبِطْ بِسَلاَمٍ مِّنَّا وَبَركَاتٍ عَلَيْكَ وَعَلَى أُمَمٍ مِّمَّن مَّعَكَ وَأُمَمٌ سَنُمَتِّعُهُمْ ثُمَّ يَمَسُّهُم مِّنَّا عَذَابٌ أَلِيمٌ]. هود: ٤٨.

وانه‌ى هه‌شته‌م: ته‌مه‌ن گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چى پێشكه‌ش ده‌كه‌یت و ڕۆڵت چى ده‌بێت:

نووح -سه‌لامى خواى لێبێت- به‌پیرى خه‌ریكى دروستكردنى كه‌شتییه‌كه‌ بوو؛ تۆ ته‌نها ته‌ندروستى و هێزى خۆت بپارێزه‌، له‌وانه‌یه‌ له ‌ته‌مه‌نى شه‌ست-ساڵیدا كه‌سێك داواى كارێكى مه‌زنت لێبكات، له‌و كاته‌ زۆر شانازى به‌شداربوون ده‌كه‌یت له‌جیاتى ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشا بكه‌یت.

وانه‌ى نۆیه‌م: سه‌ركه‌وتن له‌نێوان شه‌ووڕۆژێكدا به‌ده‌ست نایه‌ت:

شوێنكه‌وتووانى نووح -سه‌لامى خواى لێبێت- بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر سه‌رقاڵى دروستكردنى كه‌شتییه‌كه‌ بوون تاكوو بووه‌ به‌ڵگه‌ و موعجیزه‌یه‌ك سه‌ده‌كان بیگرنه‌وه‌؛ ده‌ تۆیش خۆڕاگر به‌، به‌ڵكوو به‌رهه‌مى كاره‌كانت –ئە‌گه‌ر پاش ماوه‌یه‌كیش بێت- به ‌یارمه‌تیی خواى باڵاده‌ست بدووریته‌وه‌.

وانه‌ى ده‌یه‌م: ئه‌گه‌ر ماندوو بوویت، پشوویه‌ك بده‌:

ئه‌گه‌ر له‌كاتێكدا هه‌ستت به‌ فشارى ده‌روونى كرد، هیچ عه‌یبى نییه‌ پشوویه‌ك بده‌یت، چونكه‌ ئاده‌میزادێكیت وا دروست كراوى. كه‌شتییه‌كه‌ هه‌روه‌كچۆن بوونه‌وه‌رى خێراى تێدایه‌،
به‌ هه‌مان شێوه‌ بوونه‌وه‌رى خاوى، هه‌موو جارێك خێرایى و په‌له‌كردن مه‌رج نییه‌، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ هه‌یه‌ پێویست به‌په‌له‌كردن ده‌كات، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ى تر هه‌یه‌ به‌ سروشتى خۆى كاتێكى زۆرى ده‌وێت بۆ ڕاپه‌ڕاندنى. ئه‌گه‌ر وا بوایه‌ نوێژى كورت و به‌په‌له‌ چاكتر ده‌بوو له‌ نوێژى له‌سه‌ر خۆ و درێژ! ئیشى له‌سه‌رخۆ له‌وانه‌یه‌ وردتر و قووڵتر و هێمنتر بێت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ په‌له‌كردن مه‌كه‌ به‌رنامه‌ى خۆت بۆ هه‌موو فرمانێك، هه‌ندێك په‌له‌كردن خودى ئه‌و كاره‌ى كه‌ په‌له‌ى بۆ كراوه‌ تێكیده‌دات.

وانه‌ى یانزه‌یه‌م: ئایا ئامانجێكت هه‌یه‌؟ كه‌واته‌ كارى بۆ بكه‌ تاكوو ده‌توانیت:

سه‌رگه‌وره‌مان نووح (علیه‌ السلام) ٩٥٠ ساڵ پێش هاتنى لافاوه‌كه‌ بانگه‌وازى بۆ ئایینى خوا ده‌كرد، بێ ئه‌وه‌ى له‌درێژاییى ئه‌م ساڵانه‌دا تووشى بێئومێدى و وره‌ڕووخان ببێت! با سه‌رنج بدین ئاسان نییه‌ ده‌ سه‌ده‌ كاركردن له‌پێناوى مه‌به‌ست و په‌یامێكدا سه‌رئه‌نجامیش ته‌نها ١٢ كه‌س باوه‌ڕى پێهێنا، به‌ڵام جارى واهه‌یه‌ ئێمه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م بۆ مەبە‌ستێك كاده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌رووبوومى باشى نه‌بێت یان كه‌م بێت به‌رهه‌مه‌كه‌ى، بێزار ده‌بین و ده‌ستبه‌ردارى ده‌بین، بۆیه‌ پشوودرێژ به‌ و تا دواهه‌ناسه‌ت به‌رده‌وام له‌سه‌ر كاركردن بۆ ئامانجى پیرۆز و... .بیرت نه‌چێت ئه‌وه‌ كارێكه‌ له‌نێوان تۆو خواى گه‌وره‌.

وانه‌ى دوانزه‌یه‌م: گرنگ زۆری نییه‌، گرنگ ڕاستیى ڕێبازه‌:

سه‌ركه‌وتن سه‌ركه‌وتنى ڕێبازه‌ نه‌ك كه‌سه‌كان، په‌ندیش له‌ زۆریدا نییه‌، به‌ڵكوو له‌ خودى ڕێبازه‌كه‌دایه‌ كه‌ كه‌سه‌كان هه‌ڵیده‌گرن، ئیتر ئایا كه‌م بن یان زۆر، ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ى سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌ خواى گه‌وره‌ كردنى به‌ سه‌ره‌تاى مرۆڤایتى له‌سه‌ر زه‌ویدا چونكه‌ بۆ ڕێبازێكى خوایى ڕاست كاریان ده‌كرد.

(ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ گۆڤارى بره‌و بڵاو بووته‌وه‌).
[/size]

[center]زۆر شتی من هەیە لای خۆت گلت داوەتەوە
خەو.. خۆراک.. خەیاڵ.. بیرکردنەوە و هۆش
پێم بڵی کەی دەبمەوە خاوەنیان !!
[/center]