بابهت: خاتوونەکەم !
[center][size=20]
خاتوونەکەم !
بیستووتە ئاسمان چەند دوورە ؟
من بارتەقای دووریی ئاسمان
خۆشم دەوێی !
بیستووتە دەریا چەند قووڵە ؟
بەقەد قووڵیی گشت دەریاکان
خۆشم دەوێی !
* * *
گیانەکەم ، تۆ نووسراوێکی
دێڕت بەقەد تاڵی پەرچەم.
من چوار ساڵە دەتخوێنمەوە ،
چەند باڵی بیرم لێک دەدەم ،
نە تێر دەبم ، نە تێت دەگەم.
* * *
زۆر دەترسم ،
لەناو دێڕی شیعرەکانما شار بتناسێ،
کامیرەی چاوی مەرگەوەڕ
وێنەت بگرێ و هەڵیواسێ.
زۆر دەترسم ،
گەر بتناسن ، پەنجەکانم هەڵوەرێنن ،
شابسکی تۆش بسووتێنن .
بەڵام هێشتا من دەربەست نیم ،
هەرچیم دیوە،
هەرچیم بۆ چاوت نووسیوە ،
نایشارمەوە !
تا چۆک بدا لە دەروونتا دێوی گومان.
تا گەورەو بچووک بزانن
خۆشم دەوێی ...
خۆشم دەوێی سەد بارتەقای دووریی ئاسمان.
............................
عەبدوڵڵا پەشێو
[/size][/center]
ئەم شیعرە کراوەتە گۆرانی لەلایەن گۆرانی بێژ عەدنان کەریم