بابه‌ت: * چیرۆک *
[right]
ئه‌گه‌ر مه‌رگ ڕێگه‌ی ده‌داین...من نه‌مده‌ویست برای ئه‌و بم ..!
ی[size=16]ه‌كه‌م رۆژ كه بینیم هه‌ستمده‌كرد ئه‌و كچه‌ی كه من به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێم و ده‌مه‌وێت بیكه‌مه هاوسه‌ری خۆم و تا ئه‌به‌د عاشقی بم دیومه‌ته‌وه، چاوه كریستاڵیهكانی، قسه نهرمونیانهكانی، باڵا مام ناوهندییهكهی و ڕه‌فتاره میهرهبانهكانی، هه‌مووشتێكی ده‌تگوت خودا به‌خۆی بۆمنی ناردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێیت دوعای دۆست و براده‌ره‌كانم، پاڕانه‌وه‌كانی دوای نوێژی دایكه پرچ سپیه‌كه‌م، خێر‌و خێراتی باوكه خێر له‌خۆنه‌دیوه كۆچكردووهكهم گیرابووبن، هات و بێئه‌وه‌ی هیچ ده‌ستێكی منی تێدابێت، بێ ئه‌وه‌ی پلانێكم بۆ داڕشتبێت هه‌ر به‌خۆی كه‌وته به‌رچاوم و یه‌كه‌م وشه‌ش كه‌پێی گوتم كاكه بوو، من نه‌مده‌ویست كاكه‌ی ئه‌وبم و ده‌مویست پێی بڵێم خۆشم ده‌وێیت و ده‌مه‌وێت ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ژیاندا ماوین با پێكهوهبین و ببینه هاوسه‌ر،به‌ڵام چیبكه‌م هه‌ر له‌منداڵیمه‌وه شه‌رمنم و ناشزانم هۆكه‌ی چییه... هه‌ر جارێك خوڵكی ده‌كردمه سه‌ر مێزێكی كافتریای زانكۆ یان من بۆخۆم له سهرمێزێكی دوور دوور كه‌نارم ده‌گرت دوو چا دوو چپس دوو پارچه كێكی ده‌گرت به ده‌سته‌وه‌و بێئه‌وه‌ی پرسم پێبكات داده‌نیشت،
له چاوه‌كانیه‌وه تیشكێك، له ناخیه‌وه هاوارێك، له قسه‌كانیدا بۆنێك له ههناسهكانیشیدا نهسیمێكم هه‌ست پێدهكر و پاڵی پێوه ده‌نام كه بڵێم... به‌ڵام كاتێك كه وشه‌ی كاكه‌ی بهكاردههێنایهوه ئیتر من ده‌چوومه‌وه به قهباغهكهی خۆمدا و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌یبردمه‌وه ناو خه‌یاڵێكی قووڵ و ئه‌گه‌ر قسه چه‌ند باره‌كه‌ی ئه‌و نه‌بوایه پێده‌چوو تا ئه‌به‌د له‌نێو ئه‌و خه‌یاڵه په‌رش و بڵاوو بێسه‌ره‌و به‌ره‌یه‌دا بمامایه‌ته‌وه، وگشت جارێك ده‌یگوت:
كاك سه‌ردار... دیسانه‌وه خه‌یاڵه‌كانت ده‌ستیان پێكرده‌وه..؟؟
هه‌موو جارێك ده‌مویست بڵێم من كاكه‌ی تۆ نیم... و كاتێك ده‌مویست هه‌ناسه هه‌ڵبێنمه‌وه شه‌رمنی منداڵیم به‌رۆكی ده‌گرتمه‌وه و هێنده‌ی تر سووری ده‌كردمه‌وه‌و به ناچاری یان دوو دڵۆپه فرمێسك ده‌بوونه میوانی چاوه‌كانم یان به هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی سارد وه‌ڵامێكم ده‌دایه‌وه و ئیتر ئه‌ویش خه‌مێكی په‌مه‌یی سه‌ر روومه‌ته ئاڵه‌كانی داده‌پۆشی...
به‌یانیان كاكه، نیوه‌ڕوان كاكه و ئێوارانی ته‌واو بوونی زانكۆش ههركاكه.. ته‌له‌فۆن و كورته نامه‌كانیش هه‌مان وشه‌ی ئێسك قورس و ناله‌باریان تێدا هه‌زار باره ده‌بوویه‌وه، ته‌واو بێ‌ئومێد بووم له‌وه‌ی كه بتوانم وه‌ها بابه‌تێكی له گه‌ڵدا باس بكه‌م و له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده هۆگری یه‌كتری ببوین كه نه‌ده‌كرا بۆ ته‌نها كاتژمێرێك ئاگامان له یه‌كتری نه‌بێت، به ده‌عوه‌تی زۆر‌و زه‌وه‌نده‌ی نێو كافتریا‌و به ته‌ماشاكردنی پێكه‌وه‌ی ته‌له‌فزێۆن، به گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌ی پڕله شه‌رمی مۆبایل، به چوونه كتێبخانه‌و خوێندنه‌وه‌ی كێبهوه ئهوساڵهمان به‌ڕێكردو بێئه‌وه‌ی من بتوانم ئه‌و تێبگه‌ینم كه من كاكه‌ی ئه‌و نیم، ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام بوو كاكهسهردارو كاكه‌گیان و كاكه ته‌ڕه‌ماش و...
ساڵ ته‌واو بوو من نه‌متوانی ده‌لاقه‌یه‌ك له سوچێكی دڵمی بۆ بكه‌مه‌وه و پێی بڵێم ده‌مه‌وێت تێبگه‌یت كه چه‌نده خۆشم ده‌وێیت، به‌ڵام نه‌كرا، شه‌رمه بێئهندازهكهی سه‌رده‌می منداڵیم نه‌یهێشت... بیرمه هه‌موو جارێك دایكم له به‌رچاوی میوانه‌كان و به ئاماده‌بوونی خزمه‌كان و له نێو كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كدا ده‌یگوت: سه‌ردار كوڕێكه ده‌ره‌جه یه‌ك ئه‌وه‌نده شه‌رمنه باوكی داده‌نیشێت ڕووی نایه‌ت نان بخوات، كاتێك كه‌مه‌كێك گه‌وره‌تر بووم باوكم په‌ندێكی پێشینانی ده‌دا به گوێم‌دا به ته‌واوی لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتم، باوكی ره‌حمه‌تیم ده‌یگوت:
كوڕم... كچی شه‌رمن شارێك دێنێت، كوڕی شه‌رمن شانه‌یه‌ك..
زۆرم به‌لاوه سه‌یر بوو شه‌رم بۆ كچ ببێته شارێك و بۆ منی كوڕیش نرخی شانه‌یه‌كی هه‌بێت..تا ئه‌و كاته‌ی قاچم پێدا چزا.. ئاخر ئه‌گه‌ر شهرمنیهكهم نه‌بوایه؟؟
له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش لێم بپرسن بۆچی شه‌رم ده‌كه‌م له‌وانه‌یه نه‌توانم وه‌ڵامێكتان بده‌مه‌وه كه نه‌توانن باوه‌ڕی پێبكه‌ن.. یان نه‌توانم قسه‌كانم ته‌واو بكه‌م هه‌موو گیانم شهلاڵهی عاره‌قێك ببێت و له خه‌می ئه‌وه‌دابم هه‌ناسه‌م بهروودوانهكات...
شه‌وانه گوڕم ده‌خوارده‌وه‌و رۆژانه په‌ژیوان ده‌بوومه‌وه، نامه‌م ده‌نووسی غیره‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو بیده‌مه ده‌ستی، ده‌ستم ده‌برد(SMS)ێكی بۆ بنێرم نه‌ده‌كرا، ئاخری ساڵ به كۆتایی گه‌یشت و هه‌رهیچ، رۆژی ئاهه‌نگی ده‌رچوونی قۆناغهكۆتایی یه‌كان هاته پێشه‌وه‌و هه‌ردوكمان هه‌ر به ده‌وری یه‌كدا ده‌هاتین و ده‌چووین و ده‌مانویست قسه‌یه‌ك بكه‌ین و نه‌كرا، ئه‌و هه‌ر هات و من ههرچووم..نازانم چۆن بوو له پڕ ئێواره داهات و دونیا به‌ره‌و تاریك بوون ده‌ڕۆشت و ئێمه‌ش كاتێك به خۆمان زانی له په‌نایه‌كه‌وه بێده‌نگ دانیشتوین و هه‌ریه‌كه‌مان چاوه‌ڕوانی ئه‌وی تر ده‌كات قسه‌یه‌ك بكه‌ین و من هێشتا شهرمنیهكهم رێگر بوو له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌دا كه ئه‌و كۆتا چركانه‌ی پێكه‌وه بوونمان به هه‌ند وه‌ربگرم و پێی بڵێم ... ئه‌ویش هه‌ر هه‌ناسه‌ی هه‌ڵده‌كێشاو تاو نهتاوێكیش .. (ئێ؟) یه‌كی ده‌كرد و ته‌ماشایه‌كی منی ترسنۆك و شه‌رمنی ده‌كرد و ده‌یویست به‌و وشه‌یه ده‌رگایه‌ك بۆ من بكاته‌وه تا قسه‌ی ناخی خۆمی پێ بڵیم و كه‌چی نه‌مكرد...
شه‌و به‌ره‌و تاریك بوون ده‌ڕۆشت و ئه‌و هه‌ر چاوه‌ڕوان بوو منیش له‌نێو شه‌رم و شكۆی خۆمدائهتلامهوه ونهمدهزانی چی بكه‌م له پڕ به‌توندی باوه‌شێكی پێدا كردم و تا توانی ماچێكی ناوچاوانی كردم و پێی گوتم تۆ خۆشه‌ویسترین و به‌وه‌فاترین كه‌س بویت له‌ژیانمدا بینیبێتم..
له‌وه‌دابووم له خۆشی‌دا باڵ برگمهوه و بكه‌ومه هه‌وای خۆم، كه‌چی گوتی كاك سالار گیان تاماوم وه‌فای تۆ له یاد ناكه‌م...وشه‌ی كاكه نه‌شته‌رێكی گه‌وره‌بوو هه‌موو جارێ برینی دهكولاندمهوه.. هاوین تێپه‌ڕی و خهبهرێكم نه‌بوو .. لههاتنهوهمان بۆ زانكۆ هه‌واڵم بیست پازدهڕۆژێك ده‌بێت له ڕوداوی ئوتومبێلدا- هودا- گیانی له ده‌ست داوه، ئه‌و هه‌واڵه جه‌رگ بڕه بۆ من مایه‌ی نیگه‌رانییه‌كی زۆر و خه‌م و مه‌راقێكی زۆربوو .. له كافتریای زانكۆ به‌ده‌م چا خواردن و جگه‌ره كێشانه‌وه له نێو قوڵایی خهیاڵكانمدا شه‌پۆلم ده‌دا، -نگین –ی تاكه هاوڕێی هودا هاته ته‌نیشتمه‌وه‌و هه‌ندێك قسه‌مانكرد و باسێكی گیان له ده‌ست دانی ئه‌و هاوڕێ گیانی به گیانییهمان ده‌كرد له ناكاو له نێو جانتاكه‌یدا ده‌فته‌رێكی یاداشتی تایبه‌ت به خۆی ده‌رهێناو خستیه سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك وله به‌رده‌ستم داینا .. هه‌ركه چاوم به ده‌ست و خه‌ته‌كه‌ی هودا كه‌وت كه‌وتمه نێو دنیایه‌كی سه‌یرو ده‌ستمكرد به خویندنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند دێڕهكورتهی كه نوسیبووی:
نگین گیان.. من ژیانم به بێ ئه‌و نابێت و پڕبه قوڵاییه‌كانی ئاسمان و به قورسایی زه‌وی و به ژماره‌ی ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌كانی ئاسمان خۆشم ده‌وێت، به‌ڵام چیبكه‌م ناتوانم پێی بڵێم.. له دونیادا وشه‌یه‌كم به ئه‌ندازه‌ی وشه‌ی كاكه خۆش نه‌ویستووه بۆیه هه‌میشه پێیم ده‌گوت كاكه خۆزگه‌م ده‌خواست هاوسه‌رم بوایه به‌ڵام شه‌رم نه‌یهێشت، شه‌رمێك كه له منداڵیمه‌وه له گه‌ڵمایه‌و ئه‌گه‌ر لێشم بپرسن نازانم چۆن وه‌ڵام بده‌مه‌وه و هۆكاره‌كه‌شی نازانم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌رگ ڕێگه‌م بدات ئه‌مساڵ هاته‌وه هه‌ر پێی ده‌ڵێم خۆشم ده‌وێیت ..
له دوای ته‌واوكردنی ئه‌و چه‌ند دێڕه من و نگین تێر تێر گریاین..گریانیك پڕاوپڕ بۆ جوانه مه‌رگه‌یی عه‌شقێك كه شه‌رم رێگربوو له دركاندنی..[/size][/right]