بابهت: منداڵیمان … لهنێوان جاران و ئێستادا
مناڵ بووین….شهڕمان ئهكرد و كاتژمێرێك دوای ئهوه ئاشتی…
كه گهورهبووین ….بچووكترین ووشه ههرگیز لهیادمان ناچێت…
مناڵ بوون ،،، بهپارچه دهزوویهك سهرگهرم ئهبوون،،،یاریمان ئهكرد…
كهگهوره بووین ،،،بههیچ شتێك سهرگهرم نابین و یاریكردنمان بیرچووتهوه،،،
مناڵبووین،،، گهورهترین ئارهزوومان ههبوونی بچووكترین شت بوو….
كهگهورهبووین،،،بچووكترین ئارهزوومان ههبوونی گهورهترین شته….
مناڵ بووین ههمیشه لهیارییهكاندا خۆمان گهوره نیشان ئهدا…
كهگهوره بووین ،،ههمیشه لهخهیاڵماندا ئهگهڕێینهوه مناڵیمان
به مناڵی حهزمان ئهکرد رۆژ بێتهوه راکهینه لای هاورێکانمان و یاری بکهین
ئێستاش خواخوامانه زو شهو دابێت بۆ ئهوهی چاو لێک بنێین و خۆمان له رۆژگار دوربخهینهوه
به مناڵی که دائهنیشتین لهسهر سفرهیهکی بچوک و لهسهر عهرز خواردنه سادهکانمان خۆشترین تامیان ههبوو
ئێستاش لهسهر مێز و جوانترین خواردنهکان ئهخۆین ، بهڵام تامهکهو دانیشتنهکهی ناگاته ئهو ساتانا
----------- --------------- ----------------
بەبیرم دێت کاتێک منداڵ بووم، لە کۆڵانە تەسکەکانی شاردا لەگەڵ کوڕەکانی گەڕەکدا هەمیشە لە جوڵە و بیرۆکەی سەیر سەیردا بووین. ئەو کات جیهان سادە بوو، ئێمەش دەبووایە لەگەڵ جیهانە سادەکەی ئەو کاتەدا خۆمان خەریک بکەین و هەر بەپێی ئەو سادەییەی ئەو کاتەش بیر بکەینەوە. بەڵام وەستایی و بەهرەمەندیی و دەستڕەنگینی خۆمان هەرچۆنێک بێت هەر دەردەخست: جا لە لایەک دەستڕاستیمان پێشان دەدا لە هەڵماتێن و بەردبەردێن، وردبینیمان لە هەلوکێن، دەنگی مزراحەکانیش ڕوویەکی دیکەی وەستایەتیمانی دەردەخست. بۆ دروستکردنی عەرەبانەیەکیش چەندەها ڕۆژ خۆمان پێوە خەریک دەکرد و شەوانیش هەر بەو خەیاڵەوە دەنووستین. جاروباریش ئەگەر کیژۆڵەکانی گەڕەک ڕازی بوونایە ئەوا هەڵماقۆ و خەتخەتێنمان لەگەڵ دەکردن، هەرچەندە شانازی هەندێک لە کوڕانی گەڕەک بە (پیاوەتییانەوە) وای دەکرد، گاڵتەمان پێ بکەن کە گوایە ئەم یارییانە کچانەن و شیاو نییە بۆ کوڕان.
هەموو ئەمانە ڕوویەکی جیهانی منداڵی ئەو کاتە دەردەخات، کە منداڵ لەگەڵ ئەو جیهانە سادەی ئەو کاتەدا خۆی دەگونجاند و لە هەمان کاتدا توانا جەستەییەکان و هزرییەکانی خۆی گەشە پێ دەدا لە میانی تێکەڵاوبوونی لەگەڵ ژینگە و سروشت و هەموو ئەو کەرەستە سادانەی کە لەو کاتەدا هەبوون. ئەو خاڵەی، کە لێرەدا گرنگییەکی زۆری پێ دەبەخشم بریتییە لە تێکەڵاوبوونی منداڵ بە سروشت و ژینگەوە، کە بە هۆیەوە منداڵ لەناو منداڵێتی خۆیدا دەژیا و توانا هزریی و هەستییەکانی خۆی گەشە پێ دەدات.
بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، کە جیهانی منداڵی ئەو کاتە جیهانێکی بێ کێشە بووبێت. بەر لە هەموو شتێک توانا ماددیەکان و ئاستی ئابووری کۆمەڵگا وەک ئێستا بەرز نەبوون، بەڵکو تەنها ئاوڕدانەوەیەک لە کۆڵانەکان و شەقامە کەم ئۆتۆمبیلەکان بەس بوو بۆ ئەوەی ئەوە دەربخات، کە توانای دارایی تاک و خێزان لەو کاتەدا نزم بوو، هەرچەندە داواکارییەکانی ژیانیش هێندەی هەنوکە زۆر نەبوون، بەڵام ئەمەش کێشەیەکی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا بۆ ئەو خێزانانەی بێ دەرامەتن و هەروەها توانای تێرکردنی ویست و ئارەزووەکانی منداڵ سنووردار بوو. ئەمەش وای دەکرد منداڵ بیر لە ڕێگەچارەیەکی دیکە بکاتەوە بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی: ژینگە و سروشت. بە بیرم دێت جاری وا هەبووە، کە بە دوو سێ منداڵ چەند کاژێرێکمان پێکەوە بەسەر بردووە بە تەنها گەڵابەیەکی بچوکەوە، کە لەملا گڵمان بۆ ئەولا بردووە و لەولاوە لممان گوێزاوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. جگە لەوە کێشەیەکی دیکە بریتی بوو لە ئاسایش و کێشە سیاسییەکان، کە پێکدادانی هەمیشەیی گەلی کورد لەگەڵ حکومەتە یەک بەدواکانی ناو عێراقدا پشێوییەکی هەمیشەیی لە ژیانی کۆمەڵگادا دروست کردبوو، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر بارە دەروونییەکەی منداڵی ئەو کاتە.
بێگومان ئاستی ڕۆشنبیری خەڵک و شارەزاییمان لەبارەی جیهانەکەی ڕۆژئاوا کێشەیەکی دیکە بوو، کە کۆمەڵگا زۆر بە هێواشی هەندێک پرسیاری منداڵی دەوروژاند و هەندێکی دیکەی لەناو قاڵبە نەریتییەکەدا قەتیس مابوو. جا زۆر ئاسایی بوو، مامۆستایەک دارێکی لە ژووری بەڕێوەبەرەوە بهێنایەتە پۆلەوە و دەستی بکردایە بە لێدانی منداڵەکان. نە بەڕێوبەر، نە مامۆستا و نە پەروەردە لە خۆیان نەدەپرسی ئایا پێویستە منداڵ بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پەروەردە بکرێت. ئێستا زانیارییەکان زۆرتر بوون، جیهان بچوک بووەتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، کە زانیاریی و تێگەشتنمان بۆ جیهانی منداڵ هێندەی گۆڕانکارییەکانی دیکە بەرفراوانتر بووبێت.
ڕاستە هەرێم لە هەندێک لایەنی ژیاندا لە دۆخێکی باشتردا دەژی و ئاسایشیش تیایدا هەتا ڕادەیەک بەرقەرارە و باری ئابووریش گۆڕانکارییەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، توانای کڕین بەرزتر بووە، داواکارییەکانی تاک و خێزان زۆرتر بوون، جیهانگیری و بچووکبوونەوەی جیهان کاریگەری خۆی لە سەرتاپای کۆمەڵگاکەدا کردووە، ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و مۆبایلیش بوو بە بەشێک لە ژیانی تاکی کورد، بەڵام لەسەر هەموو ئەم گۆڕانکارییانەوە بارێکی وا نەخوڵقاوە بۆ ئەوەی تێڕوانین و ئاستی تێگەشتنمان بۆ منداڵ لەگەڵ ئاستی گۆڕانکارییەکانی دیکەدا هاوتا بڕوات، بەڵکو دەتوانم بڵێم هاوردەکردنی کەرەستەی تازە و بەرزبوونەوەی ئاستی دارایی لە هەندێک بواردا بە نێگەتیڤی شکاوەتەوە بەسەر ژیانی منداڵدا.
بە ماددەکردن و بە ئامێرکردنی ژیانی منداڵ خەسڵەتێکی سەرەکی ژیانی ئێستای منداڵن، بە شێوەیەک بەشێکی زۆری منداڵان زۆربەی کاتی خۆیان لەبەردەم کۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن و یارییە ئەلەکترۆنییەکان و پێکهاتەکانی ناو مۆبایلەکانیان بەسەر دەبەن. ئەمەش لە لایەک ئەو منداڵە لە سروشت و ژینگەی دەوروبەری دوور دەخاتەوە، لە لایەکی دیکەش جیهانی منداڵەکە هێندەی بێت زیاتر تەسکتر دەبێتەوە، هەرچەندە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا وا پێویست دەکات، کە سنووری جوڵە و فراوانبوونی منداڵەکە هەمیشە زیاتر بێت. تێکەڵاونەبوونی منداڵ لەگەڵ سروشتدا کاریگەری دەبێت لەسەر تێنەگەشتنی منداڵەکە بۆ بەها ژینگەیی و مرۆڤایەتییەکان. هەروەها لەدەستدانی بوارێکی بەرفراوان بۆ گەشەی جەستەیی و هزری منداڵ. ڕێژەیەکی زۆر لە مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی و پاش ئەوەش سکاڵای ئەوە دەکەن، کە منداڵانی ئێستا توانای وردبینی و خوێندنیان نییە. بەڵام گومانم لەوە هەیە، کە ئەم پرسیارانە لە کۆبوونەوەی باوکودایکاندا بخرێتە بەر توێژینەوە و باسکردن. ئەوەی کە سەرنجی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا ڕابکێشێت بریتییە لە زۆربوونی کەرەستەی یاری و ئامێرەکانی دیکەیە و لەگەڵیدا زۆربوونی داواکارییەکانی منداڵ، کە لە هەندێک خێزاندا بەبێ پلان و سنوور بەرجەستە دەکرێت. ئەمەش منداڵ هان دەدات بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ویست و داواکارییەکانی دانەنێت، کە ئەمەش بە درێژایی ژیان خەسڵەتێکی نێگەتیڤ دەبێت لە کەسایەتیدا، ئەگەر چارەسەر نەکرێت.
بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین، کە تەسککردنەوەی بواری ژینگەی قۆناغی منداڵێتی لە سنووری بەشە ماددییەکەی ژیان زەرەرێکی زۆر دەبەخشێت بە گەشە و کەسایەتی منداڵ. بێگومان ئاستی ڕۆشنبیری خێزان و تێگەشتنێکی زانستییانە بۆ پەروەردە و گەشەی منداڵ کاریگەرێکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەو ئاراستەیەی کە خێزان دەیگرێتە بەر. ئەمەش نەک تەنها لەو تەوەرانەی، کە ئاماژەمان پێ کردووە، بەڵکو لە سیستمی خواردنیشیان. جا شتێکی نامۆ نییە، کە ببینین منداڵێک ئاڵوودەیە بە خواردنێک یان خواردنەوەیەک، کە تەندروست نییە یاخود ماددەی کیمیایی زەرەربەخشیان تێدایە وەک کۆکاکۆلا.
ئەم هەڵەی پەروەردییەش ناتوانین بیدەینە پاڵ تەنها دایک و باوکەکان، بەڵکو سیستمی پەروەردە و مێدیاکان و دەسەڵاتیش بەشداریکەرن، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە ڕۆڵێکی گەورە ببینن نە لە بەرفراوانکردنی بنەما زانستییەکانی پەروەردەی منداڵ و نە ڕێگرتن لە هەندێک یاری و پرۆگرام، کە لە سەر ئاستی جیهانی بە مەرجی تایبەتی دەخرێنە بازاڕەوە یاخود پشکنینی هەموو ئەو خواردەمەنییانەی، کە لە لای زۆربەی منداڵان ویستراون.
ماموستا Bawar. م.ده رونناسى