بابهت: میسی داوایەك لە گەنجانی كورد دەكات
سەلاح هەمەوەندی
رووداو - قەتەر
لیۆنێل میسی، یاریزانی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، لە چاوپێكەوتنێكی كورتدا لەگەڵ راهێنەرێكی كورد، داوا لە گەنجانی كورد دەكات پەرە بە بواری وەرزش بدەن.
سوهێل سابیر هەمەوەندی، گۆڵچی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، كە راهێنەرێكی كوردە و ماوەی 6 ساڵە راهێنان بە گۆڵچییەكانی یانەی سەدی قەتەری دەكات. دوای ئەوەی یانەی سەد لەسەر كیشوەری ئاسیا بەشداری لە جامی جیهانی یانەكان كرد و یارییەكی بەرامبەر یانەی بەرشلۆنەی پاڵەوانی كیشوەری ئەوروپا ئەنجامدا كە بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر لە پاڵەوانەتییەكە كرایە دەرەوە.
سوهێل سابیر لە لێدوانێكدا بە (رووداو)ی راگەیاند لە جامی جیهانی یانەكان، كە مانگی 12ی 2011 لە وڵاتی یابان بەڕێوەچوو، لە كۆتایی یارییەكەدا، چاوی بە ئەستێرەی ئەرجەنتینی لیۆنێل میسی كەوتووەو گفتوگۆیان كردووەو وێنەیان پێكەوە گرتووە. میسی پرسیاری لە سوهێل كرد "تۆ بە رەگەز قەتەریت؟"، سوهێلیش گوتوویەتی "نەخێر من كوردی عێراقم و نزیكەی شەش ساڵە راهێنەری گۆلچییەكانی یانەی سەدی قەتەریم"، دواتر میسی پێیگوتووە "هیوای سەركەوتن بۆ تۆ و گەنجانی كوردستان دەخوازم، داواكارم گەنجانی كورد پەرە بە بواری وەرزشی بدەن بۆ ئەوەی نموونەی وەك تۆ زۆربن لە جیهاندا".
یاریزان لیۆنێل میسی، كە چەند نازناوێكی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە بەدەستهێناوە، توانی بۆ دووەم جار لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە، جامی جیهانی یانەكان بەدەستبێنێ، رۆژی 10ی ئەو مانگەش لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی جیهان، بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەك بە باشترین یاریزانی جیهان دیاریكرا.
سوهێل لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "بە میسیم گوت زۆربەی گەنجانی كورد هاندەری تۆ و یانەی بەرشلۆنەن، ئەویش گوتی سوپاسیان دەكەم". هەروەها سوهێل دەڵێ لەو گەشتەدا چاوی بە پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی بەرشلۆنە و چەند یاریزانێكی دیكەی ئەو یانەیە كەوتووە و قسەی لەگەڵ كردوون.