بابه‌ت: ســــەوسـەنـی مـنـداڵانـی مــانــگــ
سەوسەنی منداڵانی مانگ
سه‌ر ده‌خه‌مه..
سه‌ر كاغه‌زه خهواڵوهكهم
پێنوسه‌كه‌م..
له ته‌نیشتی شعرێكمهوه ده‌خه‌وێنم
پشتم ده‌نێم به كتێبخانه خنجیلانه‌كه‌م
پاڵپشتی من كتێبێكه...
ووشه‌ی شعره‌كانم وه‌ستاون
چاوه‌ڕوانی..
سه‌ماو هه‌ڵپه‌ڕكێی...
هۆنینه‌وه ده‌كه‌ن
هه‌ندێكیان
وه‌ك سه‌وسه‌ن
چۆن شنه‌بایه‌ك ده‌یله‌رزێنێ
له‌رزه ده‌كه‌ن ..
كۆمه‌ڵێكی تریان...
خۆیان به ته‌رخون بۆن خۆش ده‌كه‌ن
ئه‌وانی تر له برساندا
تۆڵه‌كه بۆ خواردن دروست ده‌كه‌ن
ووشه‌ی ئاغا‌و ده‌وڵه‌مه‌ندان
قاقایان...
به گوڵ و به بۆن و به برسێتی و خه‌م دێت
ته‌نها له وه‌رزی هه‌میشه بونیاندا سه‌ما ده‌كه‌ن
ئێمه ووشه‌ی هه‌ژارین
ئێمه كوڕی هه‌ژارین
مناڵانمان به گۆرانی تێر ده‌كه‌ین
فرمێسكی چاوی
دایكمان و باوكمان
به ئازاری ڕێی دوور ده‌سڕین
تێگه‌یشتن سه‌وسه‌ن كێیه؟
تێگه‌یشتن ته‌رخون چی یه؟
حاڵی بوون تۆڵه‌كه گیای برسی یه؟
! ئێمه مناڵانی مانگین
له لوره‌ی پیاوانی...
وورگ زل ده‌ترسین
له ته‌قه‌ته‌قی پاژنه پێڵاوی
ژنه ده‌وڵه‌مه‌ندان ڕادهكهین
له ترسی منداڵانی زه‌نگینه‌كان
له ته‌نیشتی
ته‌نه‌كه خۆڵ و كه‌لاوه‌كان ڕادهكشێین
برسیمانه!؟
من بۆ سینه‌ی دایكم ڕاده‌كه‌م
ئاخ له برساندا
كه‌چی سینه‌ی ئه‌ویش هه‌ر برسییه
ڕه‌ق و ته‌قه له برساندا
چاوه‌ڕێی كێم؟
باوكم
مرد
من ته‌نها گۆڕه‌كه‌شی نادۆزمه‌وه
نازانم له چ جێگایه‌ك له برساندا نێژراوه
بابه، دایه
من چی بكه‌م مناڵی مانگم
یه‌ك جار له سه‌ردابی ڕۆحم بپرسن
به ته‌نیشت خه‌ونه‌كانما ڕه‌ت ده‌بن
له په‌رچه‌می شێواوم ڕابمێنن
له ده‌رونی ڕووخاوم سه‌رسام بن
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسكم دێته خوار
نام بینن...
من له ڕۆژ ڕاده‌كه‌م
من ڕۆحم ڕاده‌كات به دوایدا وێڵم
… سینه‌ی من گڕه
مه‌گه‌ر سهوسهنهكان
به شه‌ونمی خۆیان دایبمركێننهوه
كهڵهوێ تێرم بكات...
كه له زێرابی ووڵاته‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت
زه‌مه‌ن وا هاتم
له ده‌رگات ده‌ده‌م
له ده‌رگای تۆ
هه‌رگیز سواڵ ناكه‌م
ده‌پرسم كوا باوك و كوا دایكم
من مناڵی مانگم
وه‌ڵامت نییه بۆ؟
له فرمێسكم ده‌ترسیت
یان له بۆن كڕوزی بێ كه‌سیم ده‌پرسیت
من هاتوم سه‌یران ده‌كه‌م
ئه‌م شه‌و له ده‌رگات
تا گه‌یشتم...
سێ هه‌زاروشه‌ش سه‌دو په‌نجا پلیكانه سه‌ركه‌وتم
تا بێمه لات بۆ سه‌یرانێ
شه‌رواڵه شڕه‌كه‌م ببینه
پێش سێ ساڵ
ڕیش چهرمویهك كردی به جه‌ژنانه‌ی پێم
كراسه‌كه‌م...
له كه‌لاوه‌كه‌ی سه‌رو ماڵی عزه‌ته‌وه دۆزیه‌وه
به لامه‌وه زۆر جوان بوو هه‌ڵم گرت…
تا له‌م سه‌یرانه بۆ تۆ له‌به‌ری بكه‌م
زه‌مه‌ن...
مه‌ترسه له نانی تۆ ناخۆم
له فرمێسكی ئهشكو حه‌سره‌تی خۆم ده‌خۆم
زۆر خۆشه وه‌ك ده‌نكه هه‌نار
كۆیان ده‌كه‌مه‌وه...
سه‌ر له نوێ له برساندا ده‌یان خۆم
نانهكهشم هه‌ر هه‌ناسه‌ی قوڵی خه‌مه
له برساندا چی بكه‌م ده‌یخۆم
میوه‌ی سهیرانهكهشم ئازاری سینه‌و
منداڵی خۆمه !
له بیرت نه‌چێ
چه‌ره‌سی ئه‌م شه‌و
ووشه‌ی به‌رده‌م كهلاوهكهو
سه‌رینه بلۆكهكهم و
زه‌وییه خۆڵاویهكهمه
ده‌زانم بێزار بووی لێم
ده‌ڕۆم هه‌ر ده‌ڕۆم
بۆ ڕێگایه‌ك تا له منداڵانی مانگ
بپرسێته‌وه
تا سه‌وسه‌نی ڕۆحم
له‌گه‌ڵ كهڵهوێ
نانم ئازاری لاشه‌م بهه‌ژێنێ
من دێمه‌وه مێژوو بۆلات
تا هه‌رچی مێژوو هه‌یه...
له‌ش پیسی خۆی ده‌رکاو بترسێ
بپرسن له ئازاری منداڵێك
شۆڕش بكه‌ن بۆ سهوسهنێ
ڕێنه سانسێك دروست بكه‌ن
بۆ مناڵانی مانگ!
ئای هاوڕێی زه‌مه‌ن
وا ڕۆژ هه‌ڵات
كاتم ته‌واو
تۆش هه‌ر وه‌كو هه‌موو ئه‌وانی تر
ڕوت لێ وه‌رگێڕام
ده‌بێ بڕۆم...
تا له ده‌روازه‌ی كهلاوهكهمدا بمرم ، بژیم
سه‌ر له نوێ...
سه‌رم له سه‌ر كاغه‌زی شعرهكهم به‌رز كرده‌وه
نهم زانی چ موچركهیهك بوو
وه‌ك تریشقه له ته‌وقی سه‌رم ڕای پرسكاندم تا به‌ری پێم
كه ئاوڕم داوه
پێنوسه‌كه‌م ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ دانیشتوه
فرمێسكی تنۆك تنۆك داده‌بارێ
پێنوسه‌كه‌م كاغه‌زه‌كه‌م
خوێنی نیفاسی لێ ده‌چۆڕێ
بۆ له دایك بوونی سهوسهنێك...
ژان ده‌یگرێ
ده‌بێت ئێمه
لێره‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین
له كه‌لاوه‌و مناڵانی هه‌ژاره‌وه
سه‌ره‌تا بین
سه‌ره‌تا
هۆنراوه‌ی :ماکوان کەریم[/center]