بابهت: ئیبراهیم تاتڵیسەس رواندزی دەرچوو ...!
[center]
[size=24]ەفرە سپی و جوانەكەی شاخی هەندرێن لە پەنجەرەی ژوورەكەوە دیاربوو، بە تەنیشت پەنجەرەكەشەوە پیرە پیاوێكی سەر و ریش سپی دانیشتووەو سوورە لەسەر ئەوەی ئیبراهیم تاتلیسەس خەڵكی گوندەكەیانە “ئیبراهیم تاتڵیسەس نەوەی ئێمەیە، دەبێ رۆژێك بێ بە یەكتر شاد بین و خۆشترین خانووی لەو گوندە بۆ دروست بكەین”. حاجی ناسر وایگوت.
حاجی ناسری ساڵح، تەمەنی 86 ساڵە. ئەو دانیشتووی گوندی ماویلیانی سەر بە قەزای رواندزی پارێزگای هەولێرە. دەڵێ ئەو بە ناوی ناسر حەمەدەمین كراوە، كە گوایە ئیبراهیم تاتڵیسەسی گۆرانیبێژی نێوداری توركیا لە نەوەكانی ئەو ناسر حەمەدەمینەیە، حاجی ناسر لەوە دڵنیایە كە تاتڵیسەس نەوەی ئەوانە و دەڵێ”ئیبراهیم تاتڵیسەس لەلایەن ناسرەوە بەناوی وەستا ئیبراهیمی ماویلی باپیرمان كراوە”.
گوندی ماویلیان، هەشت كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی قەزای رواندز دوورەو یەكێكە لە گوندە جوان و سەرنجراكێشەكانی ئەو ناوچەیە. لەو گوندە بنەماڵەیەك دەژین، كە بە بنەماڵەی سانسۆنگ ناسراون و كۆنترین دانیشتووی ئەو گوندەن، كە لەبنەڕەتدا خەڵكی باكووری كوردستانن و بەر لە جەنگی جیهانی یەكەم روویان لەو ناوچەیە كردووە.
هەرچەندە ئەو بنەماڵەیە بەڵگەیەكی دیاریان لەبەر دەست نییە، كە بە تەواوی بیسەلمێنن تاتڵیسەس لە نەوەی ئەوانە، بەڵام بە پشت بەستن بە قسەی باپیریانیان، كە لە ژیاندا نەماون، دەڵێن ئیبراهیم تاتڵیسەس لەخوێن و گۆشتی ئێمەیەو بە رەنگ و رووخسار لە ئێمەوە نزیكە.
ناسر لە توركیا نەگەڕایەوە
ناسر حەمەدەمین، كە دەگوترێ باپیرە گەورەی ئیبراهیم تاتڵیسەسە، لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی ماویلیانە، دوای تەواوكردنی ماوەی سەربازی لە توركیا دەگەڕێتەوە گوندی ماویلیان و دوای ماوەیەك جارێكی دیكە روو دەكاتەوە توركیا.
عارف جەلال ساڵح، كە خەڵگی گوندی ماویلیانە دەڵێ “ناسر مامی باوكم بووە. كە جاری دووەم چووەتەوە توركیا نەگەڕاوەتەوە ئێرە و لەشاری دیاربەكر ژنی هێناوەو لەوێ نیشتەجێ بووە”.
عارف باس لەوەش دەكات كە ناسر مرۆڤێكی باڵابەرز و لێوەشاوەو سمێڵ گەورە بوو، لەڕووی روخسارەوە لێكچوونێكی زۆر نزیك لەنێوان ناسر و ئیبراهیم تاتڵیسەسدا هەیە.
زۆر لەئەندامانی ئەو بنەماڵەیە شێوەو رووخساریان لە شێوەو رووخساری تاتلیسەس دەچێ ، بەتایبەت عارف كە لە قسەكانیدا هەر دەیگوت “كاكە ئیبراهیم”، عارف دەڵێ “لە كۆنەوە هەست و سۆزێكی زۆر هەبووە لەلایەن بنەماڵەكەی ئێمەوە بۆ ئیبراهیم تاتڵیسەس”. هەروەها دەڵێ “ئامۆزایەكمان، كە ناوی ئەنوەر مەعروفە بەهۆی دەنگخۆشییەوە بە ئیبراهیم تاتڵیسەس بانگی دەكەن، دەنگی زۆر لە دەنگی ئیبراهیم تاتلیسەس دەچێ”.
حاجی ناسر، كە لە ئوردون خزمەتی سەربازی كردووە بە پێكەنینەوە دەڵێ “هێزەكانی عوسمانی سێ مانگی رەبەقیان پێچووە تاوەكو گەیشتنە كوردستان، هەر لەبەرئەوەش بنەماڵەی ئێمە لەوكاتە نەیتوانیووە سۆراغی ناسر بپرسن، بەڵام لەوەتەی بە بیرم دێت دەڵێن ناسر لەدیاربەكر ژیاوەو تا ئەوكاتەی ئیبراهیمیش لەدایكبووە لە ژیاندا ماوە”. هەروەها حاجی ناسر دەڵێ “ناسر حەمەدەمین مامی منە”.
ئیبراهیم تاتڵیسەس بەناوی
وەستا ئیبراهیمی ماویلی كراوە
كاتێك باس لە پێشكەوتوویی بیناسازی لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشای گەورە لەشاری رواندز دەكرێت، راستەوخۆ ناوی وەستا برایمی ماویلی دەهێندرێ، ئەمین زەگی بەگی مێژوونووس لەپەرتووكەكەیدا، لەباسی میرنشینی سۆران دا، لەلاپەڕە 49 تاوەكو 52 باسی وەستا برایمی ماویلی دەكات كە لەو سەردەمە وەستایەكی بەنێوبانگی بواری بیناسازی بووە.
وەستا برایم، باپیری حاجی ناسرە، حاجی ناسر لەو باوەڕەدایە كە “ئیبراهیم تاتڵیسەس لەلایەن ناسرەوە بە ناوی وەستا ئیبراهیمی ماویلی باپیرمان كراوە”.
عارف جەلال دەڵێ كە ئیبراهیم تاتڵیسەس ماوەیەك بەر لە ئێستا سەردانی ناوچەكەی كردووە، لەوانی پرسیوە”ئیبراهیم ماوەیەك بەر لەئێستا لەگەڵ چەند كەسێك بە گوندی ماویلیان رەتبووەو بەرەو سەرەوە هەڵكشاون و پرسیویەتی كە ئەوە گوندی ماویلیانە، ئەوانیش پێیانگوتووە بەڵێ، ئەویش گوتوویەتی من خزمم لێرە هەن و ئامۆزای منن”. بۆیە عارف سوورە لەسەر ئەوەی ئیبراهیم تاتڵیسەس لە رەچەڵەكی ئەوانە “تاتڵیسەس پرسیاری بنەماڵەی ئێمەی كردووەو پێدەچێ نیازی هەبووبێ كاتێكی دیكە سەردانی ئێمە بكات، بەڵام ئەو رووداوەی بەسەرهات”.
شەوی 13/3/2011 لە شاری ئیستەنبۆڵ چەند چەكدارێك هێرشیان كردە سەر هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسەس و برینداریان كرد، ئێستا تاتڵیسەس لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە، تەندروستی بەرەو باشبوونە. دوای برینداربوونی سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی كرد.
عارف دەڵێت ئەوان زۆر خەمبار بوون بە برینداركردنی ئیبراهیم و خەڵكی گوند دڵنەواییان داونەتەوە “خەڵكی گوند دەهاتنە لامان و هیوای زوو چاكبوونەوەیان بۆ ئیبراهیم دەخواست”. گوتیشی “نەخوازەڵڵا ئەگەر ئیبراهیم بمردایە پرسەمان بۆ دادەنا”.
بەپێی قسەكانی عارف چەندین جار لەلایەن بنەماڵەكەیانەوە هەوڵ بۆ دەرخستنی راستییەكان دراوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخەكە نەیانتوانیووە بگەنە هیچ ئەنجامێك “لەساڵی 1993 چەند جارێك هەوڵمدا لەڕێگەی چەند برادەرێكەوە بەدواداچوون لەسەر خزمایەتی خۆمان و ئیبراهیم بكەین، بەڵام دەرفەت لەبارنەبوو، تا ئەوكات یەكێك لە برادەرەكانم لەساڵی 2009 كە هاتووچۆی توركیای دەكرد پەیمانی پێدام لەكاتی گەڕانەوەی بۆ توركیا ئەو زانیاریانەی كە من پێمدابوون لەرۆژنامەكانی توركیا بڵاویان بكاتەوە، بەڵام هیچ وەڵامی نەبوو”.
عارف دەڵێ “ئێستا بەهۆی ئەو پڕۆژانەی لە هەولێر دەیانكات، رێگەی بەیەكتر گەیشتن ئاسان بووە، بۆیە هیوادارم لەدەرفەتێكدا ئەو باسە ئەگەر لەگەڵ خودی ئیبراهیمیش نەبێ، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە نزیكی ئەون بكەنەوە
مەهدی محەممەد رواندزی _ رووداو
[/size][/center]
http://www.lexilogos.com/keyboard/sorani.htm