بابهت: گرنگی رەنگی سەوزە و میوەكان
[size=16]زۆربەی خەڵك ئەو راستییە دەزانن كە رۆژانە پێنج جار خواردنی سەوزە و میوە بۆ تەندروستی زۆر گرنگە. هەروەها جۆراوجۆركردنیان بۆ تەندروستی زۆر باشترە. هەر رەنگێكی جیاوازی سەوزە و میوەكان گرنگی تەندروستی تایبەتی هەیە. سەوزە و میوەی سوور، چەندین مادەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرن وەكو لایكۆپێن Lycopen، كوێرسێتین Quercetin، هیسپێریدین، ئیلاجیك ئەسید كە پیاو دەپارێزن لە شێرپەنجەی پرۆستات، هەروەها كۆلیستیرۆلی خەراپ و پەستانی خوێن دادەبەزێنن، نیشانەكانی هەوكردنی جومگەكانیش سووكتر دەكەن. سەوزە و میوەی زەرد جگە لە كالسیۆم و مەگنسیۆم، چەند مادەیەكی گرنگ لەخۆدەگرن وەكو بیتا كارۆتین، زیازانتین Zeaxanthin، لایكۆپێن، پۆتاسیۆم، ڤیتامین C، كە رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پرۆستات و رێگرتن لە گۆڕانەكانی چاو كە پەیوەستن بە تەمەن و بینین كز دەكەن، هەروەها دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خەراپ و یارمەتیدانی پتەوكردنی ئێسكەكان. سەوزە و میوەی رەنگ سەوز، مادەی گرنگی وەكو كلۆرۆفیل، ریشاڵ، لیوتین Lutein، فۆلێت، ڤیتامین C، كالسیۆم، بیتاكارۆتین لەخۆدەگرن كە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكەنەوە، پەستانی خوێن و ئاستی كۆلیستیرۆلی خەراپ دادەبەزێنن، هەرسكردنی خۆراك رێكدەخەن، تەندروستی چاوەكان دەپارێزن، سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەكەن. سەوزە و میوەی شین و مۆر، مادەی گرنگ لەخۆدەگرن وەكو لیوتین، زیازانتین، فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids، كوێرسێتین كە رۆڵیان بۆ پاراستنی چاوەكان هەیە، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن، بەهێزكردنی دەزگای بەرگری لەش، رێكخستنی كرداری هەرسكردنی خۆراك و هاندانی هەڵمژینی كانزاكان. سەوزە و میوە رەنگ سپییەكان، مادەی خۆراكی گرنگی وەكو بیتاگلوكان Beta-glucans، لیگنانەكان Lignans لەخۆدەگرن كە سوودی تەندروستییان هەیە بە شێوەی بەهێزكردنی بەرگری لەش، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات و مەمك، بالانسكردنی هۆرمۆنەكان.
كولان[/size]