بابهت: مەدرید2-1بەرشە:لۆس بلانکۆس بەلەسێدارەدانی بەرشلۆنەوەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە
مەدرید ٢-١ بەرشە: لۆس بلانکۆس بە لە سێدارەدانی بەرشلۆنە وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە
ئەمشەو کلاسیکۆ چاوەڕوانکراوەکەی سەر سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە جامی سوپەری ئیسپانیا بەڕێوەچوو. بەرشلۆنە لەسەر یاریگای بە ئەنجامی ٣-٢ یارییەکەی بردبووەوە هەربۆیە لە هەر بەرامبەربوونێک و بردنەوەیەک لەم یارییەدا جامەکەی بەرزدەکردەوە ، ڕیاڵیش پێویستی بەوەبوو شکست بە بلوگرانا بهێنێت تاوەکو یەکەم نازناوی ئەم وەرزە بەرزبکاتەوە.
یارییەکە بە سەرەتایەکی مەدریدی دەستی پێکرد، ڕیاڵ بە سەرەتایەکی سەرسوڕهێنەر یارییەکەی کردەوە و بەرشلۆنەی توشی شۆککرد. دوای چەند هێرشێک گۆنزالۆ هیگواین لە خولەکی ١١ گۆڵی یەکەمی یارییەکە و یانەکەی تۆمارکرد. هێندەی نەبرد ڕۆناڵدۆ لە هەوڵێکی تاکەکەسی جواندا دووەم گۆڵی هێنا و هێندەی تر هاندەرانی نێو یاریگای هێنا جۆش. دوای ئەو گۆڵە بەرشلۆنە شڵەژانیان پێوەدیاربوو، پێکهاتەی سەرەکی ئەو یانەیەش جێگای گومان بوو بە تایبەت بەشدارینەکردنی دانی ئەلڤێز لە کاتێکدا تا پێش کاتژمێرێک پێش یارییەکە ناوی لە لیستەکەدابوو. ڕیاڵ سودی لە شڵەژانی بەرشلۆنە وەرگرت و ڕۆناڵدۆ بەتەنیا لەگەڵ ڤاڵدێز مایەوە بەڵام ئادریان کۆریا لەدواوە فاوڵی لە ڕۆناڵدۆ گرت و بەوەش راستەوخۆ کارتی سووری بەڕوودا بەرزکرایەوە.
دوای ئەوە یارییەکە جێگیری زیاتری بەخۆیەوە بینی بەڵام بەرشلۆنە بەهیچ شێوەیەک نەیانتوانی لە گۆڵی ئیکەر کاسیاس نزیک ببنەوە، تاوەکو لیۆنێل مێسی لە لێدانێکی راستەوخۆی جواندا پێش کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەم گۆڵێکی تۆمارکرد.
نیوەی یەکەم ڕیاڵ مەدرید ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەشکرد، بەڵام لە نیوەی دووەمدا بەرشلۆنە باشتر دەبینرا لە ڕووی کۆنترۆڵی یاریگا و ژمارەی هەلەکان بۆ گۆڵ. هەردوولا زیاتر لە جارێک نزیکبوون لە گۆڕینی ئەنجامی یارییەکە ، بەرشلۆنە لە ڕێگای پێدرۆ و ڕیاڵ مەدرید چەند هەلێکی ئاسانی لەدەستدا لە ڕێگای هیگواین.
هەردوولا چەند گۆڕانکارییەکیان ئەنجامدا بەڵام ئەنجامەکە بەو شێوەیە بەکۆتاهات و ڕیاڵ مەدرید کۆتایی بە ئیمپراتۆرییەتی بەرشلۆنە هێنا و دوای چوار ساڵ یەکەم سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێنا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیپ، یەکێک لە گۆڕانکارییەکان لوکا مۆدریچ لەدواین ١٠ خولەکدا بەشداری لە یارییەکەدا کرد و لە یەکەم یاریشدا یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەی شاهانە بەرزکردەوە.
yariga
[/center]