بابهت: بۆچی ناونان بە سەلەفی ؟
پرسیار لە شێخی پایەبەرزی ئیسلام [ محمد ناصرالدين الألباني ] كرا ـ بە ڕەحمەت بێت ـ كە: بۆچی ناونان بە سەلەفی ؟ ئایە بانگەوازێكی حزبیە یان تایفەگەریە یان مەزهەبیە ؟ یان تاقم و گروپێكی نوێیە لە ئیسلامدا ؟
بەڕێزیشیان لەوەڵامدا فەرمووی: لە ڕاستیدا وشەی (السَّلَف) وشەیەكی ناسراوە لە زمانی عەرەبی وە لە زمانی شەرعیشدا، بەڵام ئەوەی لێرەدا بەلای ئێمەوە گرنگ بێت بریتیە لە لێكدانەوەی لە لایەنە شەرعیەكەیەوە:
بێگومان بە صەحیحی لە پەیامبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) پێمان گەیشتووە كە لەو نەخۆشیەی كە تیایدا وەفاتی كرد بە خاتوو فاتیمەی كچی فەرمووە: " فاتقي الله واصبري، ونعم السلف أنا لك " (متفق علیه)، واتە: لەخوا بترسە و ئارام بگرە، وە بشزانە كە چاكترین پێشین بۆ تۆ منم.
وە زانایانیش زۆر جار وشەی سەلفیان بەكارهێناوە، بەشێوەیەك زیاتر لەوەی بتوانرێت ئەژمار بكرێت، وە لێرەدا یەك نمونەمان بەسە بیهێنینەوە كە دەیكەنە بەڵگە بۆ دژایەتی كردنی بیدعە و تازەگەریەكان ئەویش ئەم دێڕە هونراوەیە كە تێیدا هاتووە:
وكل خير في إتباع من سلف وكل شر في إبتداع من خلف
واتە: هەموو خێر و چاكەیەك لە شوێنكەوتنی پێشین دایە، و هەموو خراپەیەكیش لە داهێنراوەكانی پاشینان دایە.
بەڵام كەسانێك هەن كە لافی زانستی شەرعی لێدەدەن نكۆڵی لە خۆدانە پاڵ (سلف) دەكەن !!! بەبیانوی ئەوەی كە ئەم ناوە هیچ بنەوایەكی لە شەرعدا نیە !!!! بۆیە ئەڵـێ: " دروست نیە موسڵمان بڵێت : من شوێنكەوتەی سەلەفی صاڵحم لەوەی كە لەسەری بوون لە بیروباوەڕ و خواپەرستی و هەڵسوكەوتی رۆژانەیان ".
بێگومان ئەم جۆرە نكۆڵی كردنە ـ ئەگەر مەبەستی بێت ـ پێویستە لەسەری خۆی دابڕێت و تەبەڕابكات لەو ئیسلامە ڕاستەی كە پێشینی چاكمانی لەسەر بوونە، لەسەروی هەموویانەوە پەیامبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، هەروەك ئەو فەرمودە متواترە ئاماژەی بۆ دەكات كە لە (الصحیحین) و شوێنی تریشدا هاتووە كە: " خير الناس قرني، ثم الذين يلونهم، ثم الذين يلونهم " (متفق علیه)، واتە: چاكترین خەڵك خەڵكی سەردەمی منن، پاشان ئەوانەی بە دوایاندا دێن، پاشان ئەوانەی بەدوای ئەماندا دێن.
كەواتە دروست نیە بۆ موسڵمان خۆی دابڕێت و تەبەڕا بكات لە خۆدانە پاڵ پێشینی چاك، لە كاتێكدا ئەگەر خۆی دابڕێت و تەبەڕابكات لە خۆدانە پاڵا هەر ناوێكی تر ئەوا هیچ كەسێك لە زانایان ناتوانن حوكمی كوفر و فاسقێتی بە سەردا بدەن.
وە ئەو كەسەی كە نكۆڵی دەكات لە ناونانی خۆی بەو ناوە [ واتە: بە سەلەفیەت ] ئایە خۆی نەداوەتە پاڵ یەكێك لە مەزهەبەكان ؟! ئیتر ئەو مەزهەبە پەیوەست بێت بە بیروباوەڕ یان فیقهەوە ؟
جا ئەو كەسە دەبێت یان (ئەشعەریە یان ماتریدی).
وە یان یەكێك بێت لە (ئەهلی حەدیس یان حەنەفی یان شافعی یان مالكی یان حەنبەلی)، لەوانەی كە ناوی (أهل السنة و الجماعة) دەیانگرێتەوە، لەكاتێكدا ئەو كەسەی كە خۆی ئەداتە پاڵ مەزهەبی ئەشعەری یان یەكێك لە چوار مەزهەبەكە خۆی داوەتە باڵ كەسانێك كە بێگومان بێ هەڵە نین، هەرچەندە ئەو زانایانەشیان تێدا بێت كە فەتواكانیان موافقی قورئان وسوننە بێت، جا خوزگە دەمزانی ئەوانە بۆ نكۆڵی ئەم جۆرە خۆدانە پاڵەش ناكەن كە خۆدانە پاڵا كەسانێكە كە بێ هەڵە نین ؟
بەڵام ـ بە شێوەیەكی گشتی ـ ئەوەی خۆی ئەداتە پاڵ سەلەفی صالح ئەوە خۆی داوەتە پاڵ كەسانێكی بێ هەڵەوە، و پەیامبەری خواش (صلى الله عليه وسلم) لە نیشانەكانی كۆمەڵەی رزگاربووی باس كردووە لەوانەش ئەوەیە: كە پابەندن بەوەی پەیامبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانی لەسەری بوونە (رضي الله عنهم).
جا هەركەسێك دەستیان پێوە بگرێ ئەوە بە دڵنیاییەوە لە لایەن پەروەردگاریەوە ڕێنمایی كراوە.
وە ئەو نیسبەتدانەش [ واتە: سەلەفیەت ] خۆدانەپاڵێكە هەركەس خۆی بداتە پاڵی ڕێزدارتری دەكات وە رێگە و رێبازی كۆمەڵەی رزگاربووانی بۆ ئاسان دەكات، وە ئەوەش بۆ كەسانێك نیە خۆیان دەدەنەپاڵ هەر ناو و نیسبەتێكی تر.
چونكە لە دوو حاڵەت بەدەر نیە: یان خۆدانە پاڵە بۆ كەسێك كە بێ هەڵە نیە، یان خۆدانە پاڵی كەسانێكە كە شوێن كەوتەی مەنهەجی ئەو كەسە بێ بەری نیەیە لەهەڵە، كەواتە بەهەمان شێوە لە هەڵە پارێزراو نیە ، بەڵام بەپێچەوانەوەی بێ هەڵەیی هاوەڵانی پەیامبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، كە پەیامبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆی فەرمانی پێكردوین كە دەست بگرین بە رێباز و سوننەتی خۆی و هاوەڵانی لەپاش خۆی.
وە ئێمە پێداگری و جەخت لەسەر ئەوە دەكەین كە تێگەیشتنمان بۆ قورئانی پیرۆز و سوننەتی پەیامبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بە پێی پەیڕەوی هاوەڵانی بێت، بۆ ئەوەی پارێزراو بین لە لادان بەلای ڕاست یان بەلای چەپدا، وە لا بدەین بە تێگەیشتنێكی تایبەت بە خۆمانەوە، بەڵگەی لەسەر نەبێت لە قورئان و سوننەتدا.
پاشان بۆچی ئیكتفا نەكەین بە خۆدانەپاڵ قورئان و سوننەت ؟
هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ:
یەكێكیان: پەیوەستە بە دەقە شەرعیەكانەوە.
ئەوی تریان: پەیوەستە بە واقعی گروپ و كۆمەڵە ئیسلامیەكانەوە.
سەبارەت بە هۆكاری یەكەم: ئێمە لە دەقە شەرعیەكاندا دەبینین فەرمان كراوە بە گوێڕایەڵی شتێكی تر سەرەڕای قورئان و سوننەت هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێ: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ أَطِيعُواْ اللّهَ وَأَطِيعُواْ الرَّسُولَ وَأُوْلِي الأَمْرِ مِنكُمْ ] (النساء: 59)، خۆ ئەگەر كاربەدەستێكی بەیعەت پێدراو هەبوایە لە موسڵمانان، ئەوا ئەو كاتە گوێڕایەڵی كردنی واجب دەبوو هەروەك چۆن گوێڕایەڵی قورئان و سوننەت واجبە، ئەگەرچی دوور نیە خۆی و ئەوانەی چواردەوریشی هەڵە بكەن، ئەو كاتەش گوێڕایەڵی كردنی واجب دەبوو لەبەر نەهێشتنی مەفسەدەی ڕاجیاوازی، ئەوەش بەو مەرجە زانراوەی: (لا طاعة لمخلوق في معصية الخالق)، واتە: گوێڕایەڵی هیچ بەدیهێنراوێك ناكرێت لە سەرپێچی خوادا.
وە خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێ:
[ وَمَن يُشَاقِقِ الرَّسُولَ مِن بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُ الْهُدَى وَيَتَّبِعْ غَيْرَ سَبِيلِ الْمُؤْمِنِينَ نُوَلِّهِ مَا تَوَلَّى وَنُصْلِهِ جَهَنَّمَ وَسَاءتْ مَصِيراً ] (النساء: 115).
بێگومان خوای پەروەردگار بەرز و بڵند و دوورە لە وتەی بێ مەبەست، بۆیە گومان و دوودڵی تیا نیە كە باسكردنی [سَبِيلِ الْمُؤْمِنِينَ ] لێرەدا بۆ حیكمەت و سودێكی گرنگە، جا ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە بێگومان واجبێكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە كە: شوێن كەوتنمان بۆ قورئان و سوننەت پێویستە بەپێی ئەوە بێت كە موسڵمانە پێشینەكان لەسەری بوون، كە ئەوانیش هاوەڵانی پەیامبەرن (صلى الله عليه وسلم)، پاشان ئەوانەی بە دوایاندا دێن، و پاشان ئەوانەی بەدوای ئەمانەدا دێن، ئا ئەمە ئەوەیە كە بانگەوازی سەلەفی بانگەشەی بۆ دەكات، و جەختی لەسەر كردووەتەوە لە بناغەكانی بانگەوازیدا، و لەپەیڕەوی پەروەردەیدا.
بێگومان بانگەوازی بەراستی سەلەفیەت ئوممەت كۆ دەكاتەوە، كەچی هەر بانگەوازێكی تر ئوممەت پەرتەوازە دەكات، خوای پەروەردگار ئەفەرموێ: [ وَكُونُواْ مَعَ الصَّادِقِينَ ] (التوبة: 119)، واتە: لەگەڵ ڕاستگۆیاندا بن. وە هەر كەس قورئان و سوننەت لە تێگەیشتنی سەلەفی صالح جیا بكاتەوە هەرگیز راستگۆ نیە.
وە سەبارەت بە هۆكاری دووەم: ئەوەیە كە كۆمەڵ و حزبەكانی ئێستا بەتەواوی لا ناكەنەوە بەلای گرتنەبەری رێگەی باوەڕداران كە لە ئایەتەكەدا باسی هاتووە، و هەندێك فەرمودەیش پاڵپشتیان كردووە، لەوانەش: فەرمودەی حەفتا و سێ بەشەكە، كە هەمویان لە ئاگردان جگە لە یەكێكیان، كە پەیامبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) وەسفی كردووە بەوەی كە: " هي التي على مثل ما أنا عليه اليوم و أصحابى " (السلسلة الصحيحة: 204)، واتە: ئەوەیە كە لەسەر ئەوەن ئەمڕۆ من و هاوەڵانمی لەسەرە.
جا ئەم فەرمودەیە هاوشێوەی ئەو ئایەتەیە كە باسی رێگای ئیمانداران دەكات، هەروەها لەوانە فەرمودەكەی (العرباض بن سارية) یە كە تیایدا هاتووە: " فعليكم بسنتي وسنة الخلفـاء الـراشدين المهديين من بعـدي " (صحیح الجامع: 2249)، واتە: دەست بگرن بە رێبازی من و رێبازی جێنشینە كامڵ و هیدایەت دراوەكانم لە پاش خۆم.
كەواتە دوو ڕێباز هەیە: رێبازی پەیامبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و رێبازی جێنشینە كامڵ و هیدایەت دراوەكان (رضي الله عنهم)، كە پێویستە لە سەرمان ـ ئێمەی پاشین ـ بگەڕێینەوە بۆ قورئان و سوننەت و رێگەی ئیمانداران، وە دروست نیە بڵێین: ئێمە سەربەخۆ لە قورئان و سوننەت تێدەگەین بەبێ هیچ ئاوڕدانەوەیەك بۆ ئەوەی سەلەفی صاڵح لەسەری بوون !!
وە لەم سەردەمەدا پێویستمان بە نیسبەت و خۆدانەپاڵێكی جیاكەرەوەی ورد هەیە:
چونكـە بەس نیە تەنهـا بڵێیت: من تەنهـا موسڵمـانم ! یـان مـەزهەبم ئیسلامە ! چونكە هـەموو كۆمـەڵ و تاقمە گـومڕاكان ـ وەك: ڕافیزە و ئیبازی [ كە فیرقەیەكی خەوارجن ] و قادیانیەكان و جگە لـەمـانیش لە فیرقەكانی تر ـ هەر ئەوە ئەڵێن !!! جا نازانم ئایە چی تۆ لـەوان جیا ئەكاتەوە ؟
خۆ ئەگەر وتت: من موسڵمانم لەسەر قورئان و سوننەت دیسانەوە بەس نیە، چونكە شوێنكەوتەی فیرقەكان ـ لە ئەشعەریەكان و ماتوریدیەكان، وحزبیەكانیش ـ بەهەمان شێوە لافی شوێنكەوتنی ئەو دوو بنچینە ئەدەن.
وە بێگومان ناوێكی ڕوونی دیاری جیاكەرەوەی ئاشكرا ئەوەیە كە بڵێیت : " من موسڵمانم لەسەر قورئان و سوننەت وە بەپێی پەیڕەوی سەلەفی صاڵحمان "، ئەویش بە كورتی ئەوەیە بڵێین: " من سەلەفیم ".
جا كەوابوو بەو پێیە ئەو ڕاستیەی كە هیچ ئەملا و ئەولایەكی تیا نیە ئەوەیە كە: بەس نیە بەتەنها متمانە بكرێتە سەر قورئان و سوننەت بەبێ پەیڕەوی سەلەفی صاڵح كە ڕونكەرەوەی هەردوكیانە لە تێگەیشتن وتێڕوانیندا، و لە زانست و كردەوەدا، و لە بانگەواز و تێكۆشاندا.
وە ئێمە دەزانین كە ئەوان ـ خوا لێیان ڕازی بێت ـ دەمارگیریان نەبووە بۆ مەزهەبێكێكی دیاری كراو، یان بۆ كەسێكی دیاری كراو، وە كەسێكیان تیا نەبووە كە (بەكری یان عومەری یان عوسمانی یان عەلەوی بوبێت)، بەڵكو ئەگەر كەسێكیان بۆی بگونجایە كە پرسیار لە ئەبوبەكر یان لە عومەر یان ئەبو هورەیرە بكات، پرسیاری دەكرد، چونكە ئەوان بڕوایان وابووە كە یەكلایی لە شوێنكەوتندا دروست نیە جگە بۆ یەك كەس نەبێت، كەئەویش پەیامبەری خوایە (صلى الله عليه وسلم)، كە لە هەواو ئارەزوەوە نادوێت، بەڵكو ئەوەی ئەیڵێت سروشە و بۆی دێت.
وە ئەگەر بڕیارماندا بۆ ڕەخنەگرانی بەرامبەر كەوا ئێمە تەنها ناوی موسڵمان لە خۆمان دەنێین بەبێ خۆدانەپاڵ سەلەفیەت ـ لە كاتێكدا كە نیسبەتێكی پیرۆز و ڕاستە ـ ئاخۆ ئەوانیش واز ئەهێنن لە ناونان بە ناوی حزبەكانیان، یان مەزهەبەكانیان، یان تایفەكانیان، سەرەڕای ئەوەی نە شەرعیە و نەش ڕاستە ؟!!
دەسا با ئەم جیاوازیەی كە لە نێوانماندایە بەس بێت بۆتان، و بێگومان هەموو جامێكیش چی تیابێ هەر ئەوە دەڕێژێت.
شوكر و ستایش بۆ خوای پەروەردگار تەواوبوو
پرسیاری ژمارە (32) ـی ئەو پرسیارانەی لە گۆڤاری (الأصالة) بڵاوكراونەتەوە (1413 هـ، 1414 هـ، 1415 هـ)
وەرگێڕانی: هاوار عبدالله
پێداچونەوەی: عدنان بارام كەلاری
لةبةهةشت وةركيراوة.