بابهت: چێلسی ٥-٤ مان یونایتد
[center]چێلسی ٥-٤ مان یونایتد : شێرە لەندەنیەکان بەھەمان سیناریۆی “ھاوشارەکەیان” تۆلەی خۆیان لەشەیتانە سوورەکان کردەوە
یاریگا نێت
دوای ئەوەی ھەر لەم ھەفتەیە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەبەرامبەر یەکتری یارییانکرد و یانەی مانچستەر یونایتد بەئەنجامی ٣-٢ لەیانەی چێلسی میوانداری بردەوە ، ئەمشەو جارێکی تر ھەردوو یانە رووبەڕوو بوونەوە ، بەلام ئەمجارەیان لەمیانەی قۆناغی شازدەمی جامی کاپیتەل وەن(کارلینگ کەپ) بوو.
گەرچی راھێنەرەکانی ھەردوو یانە بەپێکھاتەی یەدەگ یارییەکەیان دەستپێکردبوو ، بەلام ئەمە نەبووە ھۆی لاوازی یارییەکە و ئەوە بوو ھەر زوو ھەردوو یانە بەھێرشەکانیان یارییەکەیان دەستپێکرد و لەسەرەتادا یانەی مان یونایتد لەھەلەیەکی رۆمیۆی یاریزانی یانەی میواندار ، لەرێگای رایان گیگز گۆلی یەکەمی تۆماکرد ، بەلام زۆری پێنەچوو یانەی یانەی چێلسی لەرێگای داڤید لویز وەلامی گۆلەکەی گیگزیان دایەوە و یاریزانە بەڕازیلییەکە بەلێدانی سزا ئەنجامی یارییەکەی یەکسانکردەوە.
لەدواخولەکەکانی گێمی یەکەمی یارییەکە و بەوردی لە خولەکی ٤٣ـی یارییەکە چیچاریتۆ لەپاسێکی نێوانی جوانی ئەندەرسۆنی بەڕازیلی گۆلی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و بەو گۆلەی یادگارییە ناخۆشەکەی رۆژی یەکشەممەی بەبیر ھاندەرانی بلوز ھێنایەوە و گێمی یەکەم بەپێشەکەوتنی شەیتانە سوورەکان بەکۆتا ھات.
لە سەرەتای گێمی دووەمی یارییەکە گاری کاھیل لەخولەکی ٥٢ گۆلی یەکسان بوونەوەی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکەی گەڕاندەوە خالی سفڕ.
گەرچی یانەی میواندار دوای ھاتنە ناوەوەی ئیدین ھەزارد ھێرشەکانیان چڕوپڕتڕ کردبووەوە ، بەلام لەھێرشێکی پێچەوانەدا شەیتانە سوورەکان لەرێگای لویس نانی بەپێش کەوتن و ئەنجامی یارییەکەیان وەکو یارییەکەی یەکشەممەی رابردوو لێکردەوە.
یاریزانەکانی یانەی چێلسی ھێرش لەدوای ھێرشیان دەبرد ، بەلام وادیاربوو سیناریۆی یارییە سەرشێتانەکەی یانەی ئەرسنال لە یارییەکەدا خۆی دووبارە دەکاتەوە و گۆلی بەرامبەربوونی یانەی بلوز تاکۆتایی یارییەکە دواکەوت و ئیدین ھەزارد بەلێدانی سزا لەدوا خولەک یارییەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکە چووە کاتی زیادکراو.
لەکاتی زیادکراوی یارییەکە ، لەبەر ئەوەی پێکھاتەی یانەی چێلسی یاریزانی بەئەزموونی زیاتر تێدا بوو لە پێکھاتەی یانەی مان یونایتد ، بۆیە یانەی میواندار لەخولەکی ٩٧ـی یارییەکە لەھەلەیەکی ھێلی بەرگری یانەی میوان لەرێگای ستۆریدج بۆ یەکەمجار لەیارییەکە بەپێش کەوتن و ھاندەرە شینپۆشەکانی ناو یاریگا دوای دلتەنگبوونیان دەستیان بەھەلپەڕین و گۆرانی گوتن کرد.
لەخولەکی ١١٦ـی یارییەکەدا رامیرێز گۆلی پێنجەمی بۆیانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامی یارییەکەی یەکلاکردەوە ، کە ئەگەر ئەو گۆلەی یاریزانە بەڕازیلییەکە نەبوایە ئەوا رایان گیگز بەو گۆلەی کە لەدوا خولەکی یارییەکە تۆماریکرد یارییەکەی یەکسان دەکردەوە.
یانەی چێلسی بەم بردنەوەی كة تاڕادەیەک وەکو سیناریۆی بردنەوەکەی یانەی ئەرسنالی ھاوشاری بوو ، کە تۆپ ھاوێژەکان بەئەنجامی ٧-٥ لەیانەی ریدینگیان بردبووەوە ، وەلامی دۆڕانەکەی لەبەرامبەر یانەی شەیتانە سوورەکان دایەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی داھاتوو.
ھەر لەھەمان قۆناغدا ، یانەی لیڤەرپوول و یانەی تۆتنھام لەدوو ئەنجامی چاوەڕواننە کراودا توشی دۆڕان ھاتن و لەجامەکە کرانە دەرەوە ، کە ئەمەی یەکەمیان لەبەرامبەر یانەی سوانزی سیتی بەئەنجامی ٣-١ دۆڕا و ئەوەی دووەمیشیان لەبەرامبەر یانەی نۆریچ سیتی بەئەنجامی ٢-١ دۆڕا.[/center]
[/center]