بابه‌ت: خۆراک دان به ساوا، چ شتێک پێویسته هه‌موو دایکێک بیزانێت؟!
خۆراک دان به ساوا، چ شتێک پێویسته هه‌موو دایکێک بیزانێت؟!
نووسراوه لەلایەن د. رامان سابیر نانه‌که‌لی
چ شتێک پێویسته بیزانیت؟
خشته‌ی خۆراکدان به ساوا له‌وانه‌یه دیاری کراو نه‌بێت. ئالێره باس ده‌کرێت که چی و که‌ی و چۆن خۆراک بدرێت به ساوا.
ئه‌گه‌ر تۆ دایکێکی تازه بیت یا شاره‌زانه‌بیت (منداڵی ترت نه‌بێت) ئه‌وا له‌وانه‌یه پرسیارت هه‌بێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تی خۆراکدان به ساوا. لێره‌دا چی پێویسته بیزانیت ده‌خرێته روو.
له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کان، شیری مه‌مکی دایک نموونه‌یی یه بۆ ساوا. شیردانی مه‌مکی دایک بۆ ساوا سوودی جه‌سته‌یی و سۆزداری له خۆده‌گرێت بۆ هه‌ردوو دایک و ساوا، هه‌روه‌ها زۆربه‌ری شاره‌زایان ته‌نها شیری مه‌مکی دایک به باش ده‌زانن بۆ ساوا له 6 مانگی یه‌که‌می ته‌مه‌نی ژیان.
هه‌رکامێک ده‌ده‌یت به ساوا (شیری مه‌مک یا قوتوو)، هه‌وڵبده دووربیت له ده‌رخواردنی ئاو و شه‌ربه‌ت بۆ ساوایه‌که‌ت. زوو ده‌رخواردنی ئه‌م جۆره خواردنانه ده‌بێته هۆی سک چوون.
خاڵه‌کانی تر که پێویسته هه‌رده‌م له‌بیرتبێت:
- خۆراک به ساوایه‌که‌ت بده به گوێره‌ی داواکاری؛ زۆربه‌ی زۆری ساوایان شیری مه‌مک ده‌خۆن 8-12 جار له رۆژێکدا- به‌نزیکه‌یی هه‌موو 2-3 کاتژمێرێک. له ماوه‌ی 2-3 مانگی یه‌که‌م، ساوایه‌که‌ت رازیده‌بێت به 6-8 جار له خۆراک خواردن له رۆژێکدا. له کۆتایی دا ساوایه‌که‌ت ده‌که‌وێته نێو خشته‌یه‌کی خۆراک خواردنی دیار و رێک، شیرێکی زۆر زیاتر ده‌خوات له ماوه‌یه‌کی که‌متر. ئه‌گه‌ر تۆ شیری قوتوو ده‌ده‌یت به ساوا پێویسته ژماره‌ی جاره‌کان که‌متر بکه‌یته‌وه چونکه شیری قوتوو له سه‌رخۆتر هه‌رس "هه‌زم" ده‌کرێت.
- ڤیتامین دی باس بکه؛ ئه‌گه‌ر تۆ به ته‌نها شیری مه‌مکی خۆت ده‌ده‌یت به ساوایه‌که‌ت، ئه‌وا له‌گه‌ڵ پزیشک قسه بکه له باره‌ی ڤیتامین دی بۆ ساوایه‌که‌ت. شیری مه‌مکی دایک به‌شێوه‌یه‌کی پێویست ڤیتامین دی نابه‌خشێت به ساوا، که گرنگه بۆ مژینی کالیسیۆم و فۆسفۆڕ که ئه‌وانیش گرنگن بۆ گه‌شه و تووندبوونی ئێسک و ددان. که‌می ڤیتامین دی ساوایه‌که‌ت تووشی نه‌خۆشی ئێسکه نه‌رمه ده‌کات.
- به دوای نیشانه‌کانی خواردن بگه‌ڕی له ساوایه‌که‌ت؛ سه‌یری نیشانه زووه‌کانی بریسییهتی بکه، وه‌ک جووڵانه‌وه و راکشان، مژینی لێو، گریان له کۆتاییدا. هه‌رچه‌ند زووتر خۆراک بده‌یت به ساوایه‌که‌ت ئه‌وه‌نده که‌متر رووبه‌ڕووی گریانی ساوا ده‌بیته‌وه.
- به دڵنیاییه‌وه هه‌موو گریانێک مانای برسییه‌تی ناگه‌یێنێت، هه‌نێک جار ساوا له‌وانه‌یه پێویستی به خاوێن کردنه‌وه‌ی حه‌فازه هه‌بێت..هتد.
- بیزانه که‌ی ساوایه‌که‌ت تێره؛ کاتێک ساوایه‌که‌ت ده‌وه‌ستێت له مژین، یا ده‌می داخست یا رووی وه‌رگێرا له گۆی مه‌مک، ئه‌و کات له‌وانه‌یه تێر بووبێت، یا له‌وانه‌یه پشووێك بدات! هه‌وڵ بده قرپ به ساوایه‌که‌ت بکه‌یته‌وه، یا خوله‌کێک راوه‌سته پێش ئه‌وه‌ی دووباره مه‌مکت یا شیری قوتووی بده‌یته‌وه.
- ئه‌گه‌ر ساوایه‌که‌ت به راستی تێر بووبێت، ئه‌وکات به تووندی به‌رپه‌چی خواردن ده‌داته‌وه. به گشتی شیردانی مه‌مک ده‌بێته 10 خوله‌ک بخایه‌نێت- هه‌روه‌ها له 20 خوله‌ک زیاتر نه‌بێت- بۆ هه‌ر مه‌مکێک.
- پێشبینی جۆراو جۆری بکه له ساوایه‌که‌ت؛ ساوایه‌که‌ت له‌وانه‌یه به شێوه‌یه‌کی پێویست هه‌موو جارێک هه‌مان بڕ نه‌خوات.
- باوه‌ڕت هه‌بێت به غه‌ریزه‌ی خۆت و ساوایه‌که‌ت؛ زۆری دایکان له خه‌می ئه‌وه دان که ساوایه‌کانیان به شێوه‌یه‌کی پێویست ناخوات. به‌ڵام ساوا خۆی ده‌زانێت که چه‌ندی پێویسته بیخوات. زۆر پشت مه‌به‌سته له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که چۆن و چه‌ند و چه‌نده جار ده‌خوات. له جیاتی ئه‌مه سه‌یری باری ساوایه‌که‌ت بکه له نێوان شیردانهکان، سه‌یری هۆشیاری و پێست و کێش زیاد بوون بکه" 4-7 ئۆنس" له هه‌ر هه‌فته‌یه‌ک له مانگی یه‌که‌می ته‌مه‌نیدا.
- نیشانه‌کانی که‌م خواردن بزانه؛ ئه‌گه‌ر ساوایه‌که‌ت کێشی به رێکی زیادی نه‌کرد، یا که‌متر له 6-8 حه‌فازه‌ی ته‌ڕ کرد له رۆژێکدا، یا پیسایی به شێوه‌یه‌کی رێک نه‌کرد، یا هه‌رده‌م خه‌واڵووبوو، یا که‌م حه‌زی له خواردن کرد، له‌وانه‌یه باش نه‌خوات. ئه‌گه‌ر هیچێک له‌م نیشانانه‌ت بینی په‌یوه‌ندی به پزیشکێکی بواری منداڵان بکه.
- زوو زوو ساوایه‌که‌ت بپشکنه؛ به‌رده‌وام له کاتی پێویست سه‌ردانی پزیشک بکه بۆ ئه‌وه‌ی پزیشک ئاگاداری گه‌شه‌ی ساوایه‌که‌ت بێت.
هه‌ر ژه‌مه خواردنێک به کاتی په‌یوه‌ندی (علاقة) دابنێ له‌گه‌ڵ ساوایه‌که‌ت؛ بۆ ساوا خواردن کاتی چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، گه‌شه و گه‌وره‌بوونی ساوا به‌شێکی به‌نده له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه به‌هێزه‌ی له کاتی خۆراک خواردن دروستی ده‌کات. ساوایه‌که‌ت له نزیک خۆت هه‌ڵگره له هه‌ر ژه‌مه خواردنێک، سه‌یری چاوه‌کانی بکه، به زمانێکی نه‌رم و ئارام قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه. ئه‌گه‌ر تۆ ده‌به‌ی شیری قوتوو به‌کار ده‌هێنیت، نه‌که‌ی ده‌به‌که جێگیربکه‌یت به شتێک (بالیف) له ده‌می ساوایه‌که‌ت، ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌گه‌ری خنکان و کلۆر بوونی ددان، هه‌روه‌ها ساوایه‌که‌ت ده‌رفه‌تی دروست کردنی باوه‌ڕ و دڵنیایی به تۆ له ده‌ست ده‌دات.
[/center]