1

بابه‌ت: دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانه‌ ئه‌گری

دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانه‌ ئه‌گری
مناڵه‌ بۆ گوڵ و ڕێحانه‌ ئه‌گری

چرا ئیمشه‌و که‌وا فرمێسک ئه‌ڕێژێ
ئه‌ڵێی هه‌ر بۆ منی په‌روانه‌ ئه‌گری

ئه‌کا شاباشی کێ ده‌ریایی دیده‌م
که‌ چه‌شنی گه‌وهه‌ری یه‌کدانه‌ ئه‌گری

چیه‌ پیری دڵ ئیمشه‌و وه‌ک عه‌ره‌ق خۆر
له‌ کونجی ته‌کیه‌ بۆ مه‌یخانه‌ ئه‌گری

شه‌وێ بێ زوڵفی ئه‌و مه‌ه‌پاره‌ تا ڕۆژ
دڵم بۆ سینه‌چاکی شانه‌ ئه‌گری

غه‌زاڵی من ئه‌گه‌ر ساتێ نه‌بینێ
بیابان قوڕ ئه‌پێوێ ، لانه‌ ئه‌گری

که‌وان ئه‌برۆ! به‌ تێغی غه‌مزه‌ تا که‌ی
له‌ جه‌رگم بێ گونه‌ه‌ نیشانه‌ ئه‌گری

له‌ به‌زمێکا که‌ ساقی چاوی تۆ بێ
مه‌ی ئه‌ڕژێ، دڵ ئه‌چێ، په‌یمانه‌ ئه‌گری

به‌ یادی نه‌وبه‌هاری ڕووی تۆیه‌
که‌ چاوم هه‌وری زستانانه‌ ئه‌گری

برا تا نه‌بیه‌ تۆز و گه‌ردی به‌ر پێی
به‌ زه‌حمه‌ت چاکی ئه‌و دامانه‌ ئه‌گری

له‌ دڵتا گه‌نجی یادی کێیه‌ بێخود
که‌ ئیمشه‌و نۆبه‌تی وێرانه‌ ئه‌گری

بێخود

http://www.kurdupload.com/images/y4Lf951392892665/sss.jpg