بابهت: ســــوودەكانی نــەزەر نەكردن
الحمدُ لله رب العالمين، والصلاة والسلام على رسول الله الأمين، الـملقب بالصادق الأمين، المبعوث رحمة للعالمين، وعلى آله الطيبين الطاهرين. أما بعد:
خوێنەرانی بەڕێزو ئازیز: خوای پەروەردگار چەند ئامرازێكی لەهەموو مرۆڤێكدا خولقاندووە ولەهەمان كاتیشدا هێزو ویستیشی پێ بەخشیوە كەبەهۆیانەوە بتوانێت كاری چاكە بكات و پاداشتی چاكتریشی بۆ داناوە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام هەندێك جار بەهۆی شەیتان و نەفسەوە ئەو ئامرازانە تووشی لاڕێ بوون دێن و خراپە و تاوان ئەنجام دەدەن، ئەوانەش بریتین لە: دڵ و زمان و ئەندامەكانی جەستە، ئێمە لەم نووسینەدا جەختمان لەسەر یەكێك لە ئەندامەكانە ئەویش چــاوە.
چاویش لەچەندین دەقی ئایەت و فەرموودەدا فەرمان هاتووە بەداخستنی لەئاستی نامەحرەمداو بەرەڵانەكردنی بەویستی نەفس وئارەزوو بۆ ئەوەی خاوەنەكەی بەرەو هەڵدێر نەبات. خوای گەورە لەسوورەتی نووردا(سەبارەت بەهەردوو ڕەگەز) دەفەرموێـت: [قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ (30) وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلاَّ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيُوبِهِنَّ وَلا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلاَّ لِبُعُولَتِهِنَّ أَوْ آبَائِهِنَّ أَوْ آبَاءِ بُعُولَتِهِنَّ أَوْ أَبْنَائِهِنَّ أَوْ أَبْنَاءِ بُعُولَتِهِنَّ أَوْ إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي أَخَوَاتِهِنَّ أَوْ نِسَائِهِنَّ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُنَّ أَوْ التَّابِعِينَ غَيْرِ أُوْلِي الإِرْبَةِ مِنْ الرِّجَالِ أَوْ الطِّفْلِ الَّذِينَ لَمْ يَظْهَرُوا عَلَى عَوْرَاتِ النِّسَاءِ وَلا يَضْرِبْنَ بِأَرْجُلِهِنَّ لِيُعْلَمَ مَا يُخْفِينَ مِنْ زِينَتِهِنَّ وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعاً أَيُّهَا الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ (31)] واتە: ئەی پێغەمبەر بە پیاوانی ئیماندار بڵێ: چاویان بپارێزن(لە سەرنجدانی ئافرەتی نامەحرەم) هەروەها نامووس وعەورەتی خۆیان لەحەرام بپارێزن، بێگومان ئەوە پاكترو پوختترە بۆیان(بۆ دڵ ودەروون وڕواڵەت وڕۆح ولاشەیان) بەڕاستی خوا ئاگادارە بەو هەڵس و كەوت و ڕەفتارانەی كە دەیكەن. بە ئافرەتانی ئیمانداریش بڵێ: چاویان بپارێزن لەتەماشای نامەحرەم وداوێنی خۆیان بپارێزن لەگوناهو جوانی خۆیان دەرنەخەن جگە لەوەی كە دیارە و با سەرپۆشەكانیان بدەن بەسەر سینەو ملیاندا و جوانی و زینەتی خۆیان دەرنەخەن بۆ هاوسەرەكانیان نەبێت، یان باوكی خۆیان، یان باوكی مێردەكانیان، یان كوڕی خۆیان، یان كوڕی مێردەكانیان، یان بۆ براكانی خۆیان، یان برازاكانیان، یان خوشكەزاكانیان، یان ئافرەتێك كە پەیوەندیان هەیە پێكەوە، یان كەنیزەك، یان ئەوانەی كەلە ماڵەكانتاندا دەژین وپێویستیان بە ئافرەت نیە(ئارەزووی جنسیان بۆ دروست نەبووە ونازانن باسی عەورات بكەن) نابێت ئافرەتانی ئیماندار قاچیان دەربخەن و پێیان بدەن بە زەویدا (تا دەنگی خشڵ و پاوەنەكانیان بێت) و بزانرێت كە زینەتدار و خشڵدارن، كەواتە هەمووتان ئەی ئیمانداران بەرەو لای خواو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارو سەرفەراز بن.
وە هەروەها ئێمەی موسڵمان فەرمان پێكراوین بەوەی نزیكی زینا نەكەوینەوە، كە بێگومان نەزەركردن و سەیركردنی ئافرەتان لەلایەن پیاوانی نامەحرەمەوەو بەپێچەوانەشەوە یەكێكە لە نزیكترین هۆكارەكانی تووش بوون بەزینا وداوێن پیسی وتەنانەت ئەویش بەزینای چاو ناسراوە.
جا بەڕێزان لێرەدا بەكورتی باسی سوود و چاكیەكانی چاوداخستن دەكەین بەرانبەر بەكەسی نامەحرەم كە پێشەوا (ابن قیم الجوزية) بەڕەحمەت بێت باسی فەرمووە لە كتێبی [رَوضَةُ الـمُحِبينْ وَنـُزهةُ الـمُشتَاقِيـنْ ] بۆ ئەوەی زیاتر هاندەرمان بێت بۆ ئەو جۆرە عیبادەتە:
• پاڵفتەكردنی دڵ لە ئازارو ناڕەحەتی ئاه و حەسرەت كێشان: چونكە ئەو كەسەی چاوی بەرەڵابكات ئەوا حەسرەتی بەردەوام دەبێت، زیانبەخشترین شت لەسەر دڵ بەرەڵاكردنی چاوە چونكە ئەوەی پیشان دەدات كە ئارەزووی دەكات، تاوا لە دڵ دەكات ناتوانێت ئارام بگرێت لەسەر ئەو شەهوەتەو ناشتوانێت پێی بگات بە ئاسانی بۆیە لەو ناڕەحەتیەدا دەمێنێتەوە ودەخولێتەوە.
• چاو بەرەڵاكردن تاریكی دەهێنێت بەسەر دڵ و دەم وچاوو ئەنداماندا وەكو چۆن چاوداخستن ڕووناكی ونورێك دەخاتە نێو دڵ و ناخ و دەم وچاوەوە.
• ئەگەر دڵ ڕووناك وپاڵفتە بوو ئەوا شارەزایی وچاوڕوونی لە ناسینی شتەكاندا بەدی دێت،چونكە دڵ وەكو ئاوێنەی پاك وایە هەرچی لەبەرانبەری بوەستێت وەكو خۆی پیشانی دەدات، و نەزەریش وەكو هەڵم وفووپیاكردن وایە بۆی هەتا نەزەركردن زۆرتر بێت ئاوێنەكە تەڵـخ دەبێت و لێڵیەك ڕووی ئاوێنەكە دادەگرێت!!
• چاوداخستن دەبێتە هۆی ئاسان كردن و كردنەوەی دەرگاو دەروازەی زانست وزانیاری وهۆكارەكانی بۆ ئاسان دەبێت تا وای لێ دێت بەهەوڵێكی كەم زانستێكی زۆری چنگ دەكەوێت.
• ئەوەی پێچەوانەی هەوا و ئارەزووی بكات شەیتان لێی دەترسێت: چونكە بەو كارە دڵ ئازاو دامەزراو و بەهێز دەبێت، هەندێك لە پیاوچاكان وتوویانە: خەڵكی بەدوای عیززەت وسەربەرزیدا دەگەڕێن لای دەرگای دەسەڵاتداران، بەڵام نایدۆزنەوە تەنها لەگوێڕایەڵی كردنی خوادا نەبێت، چونكە ئەوەی گوێڕایەڵی خوا بكات ئەوا خوا پشتیوانی وپشتگیری لێ دەكات وسەری دەخات وبەپێچەوانەشەوە.
• چێژی داوێنپاكی گەورەترە لەچێژی تاوان: چاوداخستن دەبێتەهۆی دڵخۆشی ودڵشادی و سنگفراوانیەك لەناخدا كە گەورەترو بەردەوامترە لە چێژو لەززەتی تاوان وسەرپێچی، چونكە لەفەرموودەدا هاتووە كە هەركەسێك واز لەشتێك بهێنێت لەبەر خوا ئەوا خوا قەرەبووی دەكاتەوە بۆی بەشتێك لەوە باشتر.
• نەزەر دەرگای شەهوەتە و دەیوروژێنێت: هەركەس ئەو دەرگایە بكاتەوە ئەگەری زۆری هەیە تووشی ئەو تاوانە بێت كە بەچاو سەیری دەكات و دڵ خوازیاری دەبێت و دەرگای شەیتان دەكاتەوەو زیاتر بەرەو هەڵدێر دەچێت، ئەوەش بزانە كە خۆشیەكەی كورتە وپەشیمان بوونەوەكەی ناخۆشتر ودرێژترە....
• چاو بەرەڵاكردن لە عەقڵ سووكیەوەیە: چونكە چاوداخستن دەبێـتە هۆی بەهێزبوون وزیادبوون و دامەرزاوبوونی عەقڵ وهۆش، هەمیشە بیركردنەوە لەچارەنووسی تاوان وسەركێشی.
• نەزەر وەكو مەی وایە: چونكە چاوداخستن هەمیشە دەبێتە هۆی بەئاگایی مرۆڤ لەدڵ وئەندامەكانی جەستەی و لە بێئاگایی وسەرخۆشی دەری دەكات، و چاو بەرەڵاكردن بێ ئاگایی دەهێنیت بەسەردڵ وعەقڵدا، كەوابوو نەزەر كوپێكە لەشەراب و عاشق بوونیش حاڵەتی سەرخۆشیە، وە سەرخۆشی عەشق زۆر سەختترو خراپترە لەسەر خۆش بوون بە مەی وشەراب، چونكە سەرخۆشی مەی بەخەبەردێتەوە بەڵام سەرخۆشی عەشق دەگمەنە بەئاگابێتەوە وەكو ئەوە وایە لە ڕیزی مردووان بێت.
شایانی باسە نەزەر سوودو زیانی زۆرتری هەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بابەتەكە درێژ نەبێتەوەو ئەمانەش گرنگترینیانن لەوبارەیەوە.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.