1

بابه‌ت: 📕 دەمزانی دێیەوە، نەدەبوو نێیەوە

دەمزانی دێیەوە، نەدەبوو نێیەوە

لەھیكڕا نەمانت
نەیکوشتم
دەمزانی دێیەوە،
بەو ھەستە دەگمەنەی
بۆتۆم ھەبوو
نەدەبوو نێیەوە،

ھاتییەوە وەك بڵێی
دوو چركەیە،
نەك دوو سەدەیە
ڕۆیشتووی،
تۆیش وا بیر بكەوە
لێم مەپرسە
چۆنە خەمی دووریم
نەیكوشتووی؟

تۆ نەمای وەلێ
شوێن پێ و
یادەوەرییەكانت
ورەو پەناگەم بوون،
دێڕ بەدێڕی نامەكان و
وێنەكانت
ھێوری
ئەم دڵە تەنگەم بوون،

دەھات بمرم
وەلێ بەو ئومێدەی
ڕۆژێ دێ
دەگەڕیتەوە دەژیامەوە،
ھێندێك بڕی دەكرد و دیسان
بەو ئاگرەی نەمزانی بۆ ون بوویت
دەسوتامەوە،

ئێستا كە لێرەیت دڵخۆشم
بێ ئەوەی ھەمبێ
زەمانەتی نەفڕینت،
ئەوجارە ڕۆیشتنت
یەكسانە بە مەرگی من
بمێنەوە تودینت!

سەرھەنگ موحسین