1

بابه‌ت: هەڵگرتنی شوێنپێی کوردیزانێک

هەڵگرتنی شوێنپێی کوردیزانێک
حەمەسەعید حەسەن

(نووسەر)ێکی لاو زەنگی لێ دا و هەندێک پرسیاری لەبارەی زمانەوە لێ کردم، پرسیارەکانی ‌زیاد لە پێویست لاواز بوون، منیش لێم پرسی: تۆ چیت خوێندووە؟ گوتی: زمانی کوردی لە زانکۆی .......! پێم گوت: تۆ دوای چوار ساڵ خوێندنی کوردی لە زانکۆ، هیچی وا فێر نەبوویت، بە هیوایت من لەڕێی تەلەفۆنەوە، بە چوار خولەک فێری کوردییەکی پوخت و پاراوت بکەم! بە داخێکی زۆر و حەسرەتێکی قووڵەوە، ئەو (ئوستاد)انەی کوردی دەڵێنەوە، تاکوتەرایان کوردیزانن، زۆرینەیان مایەی خۆیانە، ئەوە بۆیە نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکاری کورد، با دەرچووی زانکۆکانی کوردستانیش بن، بە کوردییەک دەپەیڤن و دەنووسن، خۆیان کردووە بە کەرەسەی جۆک!

تەندروست باش بن! تەن: لەش، دروست: ساغ، کەواتە تەن دروست بن، دروستە، (باش)ی ناوێت، بەڵام چونکە ڕاگەیاندنکارێک لە تیڤییەکی بێ ڕکەبەرەوە وای گوت، ئەو دەربڕینە پەرپووتە بووە بە باو. ڕکابەر: هەڵەیە، ڕکەبەر دروستە، ئاخر ڕکەبەری ڕاستە، ڕکابەری هەڵەیە. ئەمبێرتۆ ئێکۆ باسی ئەوە دەکات، ئەو زمانە جوانە ستانداردە ئیتیالییەی هەنووکە قسەی پێ دەکرێت و یێی دەنووسرێت، قەرزداری بەرنامەیەکی جەماوەریی تیڤییە کە بە زمانێکی باڵا پێشکەش دەکرا و نزیکەی هەموو خەڵکی ئیتالیا بە تامەزرۆیییەوە بەدیارییەوە دادەنیشتن.

(سەگ چۆن ئێسقانەکەی بەر دەستی بەرزەفت دەکات، هیتلەریش وەها زمانی دایکی کۆنترۆڵ کردبوو،) لینین بە زمانێک دەینووسی، ئەوەندەی زمانی پوشکین جوان بوو، کەچی سیاسەتوانانی لای ئێمە، مەگەر بەدەگمەن کوردیزانێکیان تێدا هەڵکەوتبێت، ئەگەرنا نزیکەی هەموویان کوردییەکان هێندە ڕووتوڕەجاڵە دەرۆزەی پێ دەشێت، تەنانەت هەیانە ناوی حیزبەکەی خۆیشی، بە دروستی پێ ناگوترێت.

دەیان ساڵە شاعیرە و عەقڵی بەوە ناشکێت، بەوردی سەرنجی نووسینی کوردیزانێک بدات و شوێنپێی هەڵبگرێت. دەیان ساڵە نووسەرە و فێری ئەوە نەبووە، دەبێت باسەکەی بەسەر چەند پەرەگرافێکدا دابەش بکات، کە دەستی پێ کرد، تا کۆتایی ناوەستێت، دەڵێیت مافووری ڕاخستووە. سەرنووسەرە یان بەرپرسی ناوەندێکی بڵاوکردنەوەیە، چونکە خۆی کوردییەکەی چڕەدووکەڵ دەکات، ناچێت دوو سێ کەسی کوردیزان دابمەزرێنێت، ئەوانەی لەکنی کار دەکەن، کوردییەکەیان وەک ئەوەی خۆی، لەڕ و لاواز و لاغرە. جاران جوانترین کوردی، زانایانی بواری ئایین دەیانزانی، ئیدی هەر لە خانی و مەلای جزیری و نالییەوە، تا مەحوی و مەلای گەورە و مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس و شێخ موحەممەدی خاڵ و عەلادینی سەجادی، هەنووکە زمانی کوردی بە دەست کۆلکەمەلا و بانگخوازی دوازدە جەهلەوە گیری خواردووە.