بابه‌ت: چوارمین ساڵ له بێده‌نگی مه‌رزییه فه‌ریقی
- هه‌ولێر- ئهمرِۆ هه‌ینی 18 ئه‌یلول/ سپتێمبه‌ر، چوار ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی، خانمه هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان مه‌رزییه فه‌ریقیدا تێپهرِ ده‌بێت.
مه‌رزییه شه‌هاب عه‌بدوڵڵا ناوی ته‌واوی مه‌رزییه فه‌ریقییه، له 22 ئایار/ مه‌یی 1958 له شاری مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه، هه‌رچه‌نده دایك و باوكی خه‌ڵكی شاری سنه‌ن.
مه‌رزییه تا ته‌مه‌نی (17) ساڵی ژیانی له شاری مه‌ریوان به‌سه‌ر ده‌بات، بۆ خوێندنی مامۆستایه‌تی روو ده‌كاته شاری سنه و برِوانامهی دبلۆم بۆ وانه گووتنه‌وه وه‌ك مامۆستایه‌ك به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه هه‌ستی به ده‌نگ خۆشی خۆی كردوو، باوكی شه‌هاب عه‌بدوڵڵا له‌م رووه‌وه هانی داوه، به‌ڵام له‌و كاته گۆرانی گوتن بۆ ئافره‌ت باو نه‌بوو و به‌ربه‌ستی زۆر به‌ره‌و رووی ده‌هاتن و سه‌ختی زۆری دیوه تا توانی له دنیای گۆرانی گووتندا خۆی بسه‌لمێنێت.
سهرِهرِای كۆسپ و كێشه‌كان مهرزییهێ هه‌ر به‌رده‌وام بووه، له جهژهن و یادو بۆنه‌كانه‌دا، ئه‌وانه‌ی له قوتابخانه‌دا سازكراون، به‌شداری كردووه و بۆ یه‌كه‌مین جار له ته‌مه‌نی (9) ساڵیدا چۆته سه‌ر شانۆی قوتابخانه‌كه‌ی، یه‌كه‌مین گۆرانی، ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا چرِێوێتی گۆرانیه‌كی "فه‌تانه‌ی وه‌لیدی" بووه، هه‌روه‌ها گۆرانییه‌ك به ژه‌نینی موزیك بۆی، ئه‌ویش گۆرانی "له‌سه‌ر كانی دێته‌وه لێو به‌كه‌نی و گۆزه به‌شانه‌وه" بوو. مه‌رزییه فه‌ریقی زۆر شه‌یدای بیستنی كاره هونه‌رییه‌كانی باشووری كوردستان بوو به‌تایبه‌ت "تیپی موزیكی سلێمانی" و زیاتر شه‌یدای به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ كه‌ریم كابان و قادر كابان بوو.
له ساڵی (1977)دا له‌شاری سنه به هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ناسرِی ره‌زازی ئاشنا ده‌بێت، له ساڵی (1978)دا ژیانی هاوسه‌ری پێك دێنن، ساڵی (1980)دا له‌گه‌ڵ رِهزازی رێگای خه‌باتی شۆرِشی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌چنه شاخ، ئه‌م تا ساڵی (1984)دا به‌رده‌وام ده‌بێت.
وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی لێهاتووی شاخ، شان به‌شانی خه‌باتی چه‌كداری ده‌ست ده‌كات به‌كاری هونه‌ری و له‌گه‌ڵ تیپی موزیكی "كۆرِی بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه" یه‌كه‌مین كاری هونه‌ریی له شاخ به‌سروودی "سڵاو بۆ پێشمه‌رگه" به‌رهه‌م دێنێت.
له سه‌ره‌تای ساڵی 1985وه له وڵاتی سوید وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری و سێ منداڵه‌كه‌ی دڵنیا، ماردین و كاردۆ ژیان به‌سه‌ر ده‌بن . له كاتژمێر 11ی پێش نێوهرِۆ به‌كاتی ئه‌وروپا (18 ئه‌یلول/ سپتێمبه‌ر 2005)، له ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی وڵاتی سوید ماڵئاوایی له ژیان و هونه‌ر كرد‌و له‌سه‌ر داوای خۆی له شاری سلێمانی به‌خاك سپێردرا