بابهت: پچڕاندنی ملوانکەکان
[size=16]پچڕاندنی ملوانکەکان
شەو و ڕۆژ من ملوانکەیەک دەپچڕم و دووبارە دەیهۆنمەوە
شەو و ڕۆژ چرکەکان لە یەک دەپچڕم و دووبارە دەیانهۆنمەوە... دەیانهۆنمەوە، بەڵام بۆم نابنەوە بە ڕۆژ،
بەسەعات، بە مانگ. ساڵەکان دەپچڕم و دووبارە بۆم ناهۆنرێنەوە. بۆم نابنەوە بە زەمان.
من گوڵەکان دەپچڕم و دووبارە بۆم ناکرێنەوە بە باغ
موروی تیشکەکان دەپچڕم و بۆم نابنەوە بە ڕوناکی
وشە لە وشە دەپچڕم و بۆم نابنەوە بە کتێب
تاریکی لە تاریکی دادەبڕم و بۆم ناکرێنەوە بە شەو، باڵ وەها لە باڵ جیادەکەمەوە، بۆم نابێتەوە بە فڕین...
ئەی برای غەمگینم، کە وەها بۆ موروەکان دەگریت... مردن ئەوەیە کە ئیدی ملوانکەکانمان بۆ ناهۆنرێتەوە.
گەڵامان بۆ نادرێتەوە لە گەڵا ... حەرفمان بۆ نادرێتەوە لە حەرف ... تیشکمان بۆ نادرێتەوە لە تیشک.
بەڵام دەبێت بەردەوام ئەم ملوانکەیە بپچڕین و بیهۆنینەوە، دەبێت بەردەوام ڕاستییەکان بپچڕین و بیانهۆنینەوە، خەونەکان بپچڕین و بیانهۆنینەوە، خەندەکان بپچڕین و بیانهۆنینەوە.
وەک چۆن ژیانی ئەم باڵندە گەمژانە فڕین و نیشتنەوەیە
عومری من و تۆش، پحڕانی ملوانکەکانی بوون و عەدەمی هۆنینەوەیە.
بهختیار علی[/size]
[size=24]Safen.1992@Gmail.Com[/size]