بابهت: بڕیارە لەمەودوا گۆرانیبێژ (عەزیز وەیسی) لە هەموو ئەڵقەیەكی بەرنامە
ستافی ئێستای (بەرنامەی بەرنامە) دەڵێن ئەو بەرنامەیە موڵكی ئەوانە نییە كە رۆیشتوونەتە دەرەوە، بۆیە جەخت لەوە دەكەنەوە بە رۆیشتنی (ئەحمەد جۆڵا و مستەفا ئەحمەد و عومەری كەریم ئاغاو..هتد) بەرنامەكەیان نەك بەردەوام دەبێت، بەڵكو هەوڵدەدەن بەجوانترین شێوە كاری تێدا بكەن، تا لە جاران خۆشەویستتر بێت لای خەڵكی، لەكاتێكدا ستافی ئێستاش نایشارنەوە، كە ئەحمەد جۆڵاو مستەفا ئەحمەد و عومەری كەریم ئاغا جێدەستیان دیاربووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە بە رۆیشتنی ئەوان بەرنامەكە كۆتایی دێت.
هەرچەندە هێشتا بەشێك لە ستافی بەرنامەكە لە هەوڵێكی زۆردان تا بەرنامەكە بگەڕێننەوە ئاستی جارانی، بەڵام بینەرانی پێیانوایە هەرگیز ناتوانن ئەو ئاستەی پێشتر نیشان بدەن.
(مستەفا ئەحمەد)ی پاڵەوانی سەرەكی بەرنامەی بەرنامە، تەمەنی كاری هونەری بووەتە (50) ساڵ و یەكێكە لەوانەی كە وازی لەبەرنامەكە هێناوە. ئەو خاوەنی چەندین نازناوە، كە رەنگدانەوەی رۆڵبینینەكانیەتی لە كارە هونەرییەكاندا، وەك(وەستاعەلی، خولەپیزە، خولەی چەخماخساز و میستەر).
میستەر وازهێنانی خۆیان لەو بەرنامەیە بۆ ئەوە ناگێڕێتەوە كە پەیوەندییان بەلیستی گۆڕانەوە كردبێت، بەڵكو دەڵێت " ئەو بەرنامەیە پیرببوو، بەرەو مردن دەچوو، لەنێوخۆشماندا ناتەباییەك دروستبوو، تا یەك ئەڵقەمان تۆمار دەكرد، تووشی هەزار بەزم دەبووین، بۆیە من و د. شێركۆ و بەرزان) گەیشتینە ئەو قەناعەتەی بیوەستێنین، بەڵام دوایی هەندێكیان پەشیمان بوونەوە و گوتیان دەست پێدەكەینەوە".
"ئێمە هێشتا كاردەكەین و بەردەوامیش دەبین لە كاركردن". ئەمە قسەی (عیرفانی وەستا محەمەد)ە، كە لەنێو خەڵكدا بە (حەمە دەمبڵ) ناسراوە، ئەو رەتیكردەوە بەرنامەی بەرنامە بە رۆشتنی ئەو هونەرمەندانە كز بووبێت، گوتیشی "ئەو برادەرانە رۆیشتوون، بەڵام بەرنامەكە بەردەوامە و ئێمە وەك خۆمان بەردەوام دەبین و كێشەیەكی ئەوتۆمان نابێت، هەوڵیشدراوە كارەكان لە جاران باشتر و جوانتر بێت".
بەرنامەی بەرنامە، درێژترین بەرنامەی تەلەفزیۆنیی كوردییە كە دوای داگیرساندنی یازدەمین مۆمی تەمەنی، كێشە كەوتە نێو خێزانەكەیەوە، هەربۆیە هونەرمەندانی خاك بە(ریش سپی بەرنامەكان) ناوی دەبەن و زیاتر لە (100) ئەڵقەی لێ تۆماركراوە.
سەرچاوەیەك لە ستافی پێشووی بەرنامەی بەرنامە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت،راگەیاند، بەشێكی زۆری كێشەكانی بەرنامەی بەرنامە، پەیوەندییان بە بەرزانی قالەی خەڵوزەوە هەیە، سەرچاوەكە گوتیشی " بەرزان دیكتاتۆرانە مامەڵە دەكات، ئەوەش وای لە ستافەكە كرد، كە بچنە دەرەوە"، سەرچاوەكە ئاماژەشی بەوەدا، بەرزان بە هۆی نزیكی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەلەڤزیۆنەكەوە بریاری خۆی بەسەر بەرنامەكە و هونەرمەنداندا دەسەپاند، بۆیە ئەوانیش وەك هونەرمەند ئەوەیان پێقبووڵ نەدەكرا.
جێی ئاماژەیە، بڕیارە لەمەودوا گۆرانیبێژ (عەزیز وەیسی) لە هەموو ئەڵقەیەكی بەرنامەی بەرنامەدا دەربكەوێت، ئەوەش بۆ هەستانەوەی بەرنامەكەیە.