بابهت: لەزیاد ئەسعدەوە بۆ ئەردەلان بەکر... کۆچەکەت زۆر کت و پڕ بوو برا
سڵاو برا
نەمزانی نەخۆشیەکەت و ئازاری جەستەی ماندووت هێندە گرانە، ئاخر لەو باوەڕەدا نەبووم ئەو نەخۆشییە لەناکاوەی تۆ، گەردەلولی مەرگی لەگەڵ خۆی بۆ هێناوی و رۆحی جوانت دەبا لەگەڵ خۆی
برای هونەرمەندم (ئەردۆ گیان).... ژیان وەک ئەو شانۆیە وایە هەر رۆژەی کەسێک دەبێ نمایشی لێ بکات، ئاخر بۆیە من ئەوەندە بۆ ژیان داناچم و گوێم پێنەداوە، بۆیە توانای ئەوەم نەماوە بیر لە بەیانی بکەمەوە، ئومێد بۆ رۆژێکی تری تەمەن بخوازم، چونکە کاتێک مەرگی ئازیزان و دۆستانی وەک ئێوە دەبینم، ئیتر بەرامبەر ژیان و هەوڵدان بۆی دۆش دادەمێنم، (ئەردەلان) گیان پێش سێ مانگ کاتێک هەواڵی مەرگی (دایکمیان) بۆ هێنام، ئەو دایکەی یەکەم مامۆستای ژیانم بوو، بڕوابکە چۆکی شکاندم و توانای لێبڕیم، ئەو دایکەی بۆنی هەناسە و دایکایەتی میهرەبانی لێدەهات، بە چرکە ساتێک وون بوو لێم و نەمبینیەوە جارێکی تر، ئەوەتا هێشتا ئازاری مەرگی ئەوم هەر بۆ دێت، برا هەواڵی مەرگی تش دوو ئەوەندەی دیکە بێتاقەتی کردم، ئەو مەرگەی تۆ زۆر یادگاری و جوان و بەسەرهاتی جۆرا و جۆرم بیرهێنامەوە، برا چاک ئەزانم زۆربەمان لەگەڵ ئەو تەنیایە و دوورە وڵاتیە سەردەنێینەوە و دەبێ تەنیا جەستەکەمان بچێتەوە وڵات
برا سەفەری خێرت بێ و ئارام بخەوە.... خەم مەخۆ لەوانەیە (زیاد)ی هاورێ و هاو هونەرەکەت، یەکەم کەس بێت لەدوای تۆ بەرەو ماڵی هەتا هەتاییمان هاوسەفەرت بم و بەرەو گۆڕستانی خاکی وڵات منیش رۆژێک تەرمەکەم بگاتەوە ئامێزی شار.
برات – زیاد ئەسعەد