لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی نوێ ده‌ریده‌خات، که ئه‌وانه‌ی کاتێکی زۆر به دانیشتنه‌وه به‌سه‌رده‌به‌ن، زیانێکی زۆر به ته‌ندروستی خۆیان ده‌گه‌ێنن. هه‌روه‌ك توێژه‌ران بۆیان ده‌رکه‌وتووه، ئه‌نجامدانی مه‌شقی وه‌رزشیش نابێته هۆکاری هاوسه‌نگکردنه‌وه‌ی زۆر دانیشتن. له‌ژێر تیشکی ئه‌م ئه‌نجامه نوێیه‌ش توێژه‌ران هۆشیاری به فه‌رمانبه‌ران ده‌ده‌ن، که به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام بجوڵێن.
ملیۆنه‌ها له دانیشتووانی وڵاتانی پیشه‌سازی کێشه‌ی که‌مجووڵه‌ییان هه‌یه و زۆرێك له‌وانه به‌یانیان به ئۆتۆمۆبیل بۆ سه‌ر کار ده‌ڕۆن و زۆربه‌ی کاژمێره‌کانی ڕۆژیش به دانیشتنه‌وه به‌سه‌رده‌به‌ن و دواتر پاش ته‌واوبوونی کار و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه له‌سه‌ر کورسی به‌رانبه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن داده‌نیشن. به‌تایبه‌ت ئه‌م شێوازه‌ی ژیانیش ته‌ندروست نییه، هه‌روه‌ك کۆمه‌ڵێك له لێکۆڵینه‌وه پزیشکییه‌کان سه‌لماندوویانه.
توێژه‌رانی سوێدی بۆیان ده‌رکه‌وتووه، که ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام کاته‌کانی خۆیان به دانیشتنه‌وه به‌سه‌رده‌به‌ن، چاوه‌ڕێیان لێده‌کرێت، کێشه‌ی ته‌ندروستیان بۆ دروست ببێت. "Elin Ekblom-Bak" و هاوه‌ڵه‌کانی له په‌یمانگای "Karolinska" له "Stockholm" له‌سه‌ر ڕووپه‌ری گۆڤاری "British Journal of Sports Medicine"دا نووسیویانه، که په‌یوه‌ندییه‌کی ئاشکرا له‌نێوان دانیشتنی زۆر و تووشبوون به شه‌کره، نه‌خۆشییه‌کانی دڵ و سووڕی خوێن هه‌یه، ده‌رئه‌نجامی ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ری مردن زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌م نه‌خۆشیانه‌ش زۆر زیاتر دووچاری ئه‌وانه ده‌بێته‌وه، که زۆر داده‌نیشن - هاوکات مه‌شقی وه‌رزیش ناتوانێت له‌م نه‌خۆشیانه ده‌ربازیان بکات.
توێژه‌ران سوێدی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌نه‌وه، که جوڵاندنی ماسولکه‌کان گرنگی زۆری هه‌یه، سوودمه‌ندییه‌کانی زۆر له کارکردنی قورسیش زیاتره. توێژه‌ران داوا ده‌که‌ن، که ئه‌وانه‌ی جووڵه‌یان که‌مه و زۆر داده‌نیشن، شێوازی ژیانی خۆیان بگۆڕن، تا ته‌ندروستر بژین.
ئه‌م زانیارییه نوێیه‌ی توێژه‌رانی سوێدی له لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجامدراوه‌کان له‌لایه‌ن توێژه‌رانی ئوسترالییه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتووه. ژنان به دانیشتنی به‌رده‌وام به‌ڕێژه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر چوار زیاتر تووشی نیشانه‌کانی شه‌کره، نه‌خۆشییه‌کانی دڵ و سووڕی خوێن ده‌بن. لێکۆڵینه‌وه‌کی دیکه به‌راوردی له‌نێوان له‌سه‌ر دوو کۆمه‌ڵه له فه‌رمانبه‌ران کردووه: ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه‌ی هه‌شت کاژمێر داده‌نیشن و ئه‌وانه‌ی به‌به‌رده‌وام جووڵه ده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ی به‌به‌رده‌وام جووڵه ده‌که‌ن، که‌متر دووچاری قه‌ڵه‌وی بوونه‌ته‌وه و خوێنیان ئاستێکی باشی له لیپید و گلوکۆز تێدابووه.
توێژه‌ران پێیانوایه، که ئه‌نزیمی "Lipoprotein lipase"، که به‌شداری له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌وریدا ده‌کات، له کاتی جووڵه‌ی به‌رده‌وام ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینێت: لێکۆڵینه‌وه‌کانی سه‌ر ئاژه‌ڵ ده‌ریانخستووه، که ئه‌و جرجانه‌ی که‌متر ده‌جووڵێن، ئه‌نزیمی ناوبراو چالاکی که‌متره.
"Elin Ekblom-Bak" له لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامه‌ی "The Independent"دا ئاماژه به سوودمه‌ندییه‌کانی جووڵه‌ی ڕۆژانه ده‌کات. ناوبراو له‌درێژه‌ی په‌یڤه‌کانیدا ده‌ڵێت: "پێش ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌وه که‌متر ده‌زانرا، که دانیشتنی زۆر مه‌ترسی ته‌ندروستی یه‌کجار زۆری هه‌یه."
له‌ژێر تیشکی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه نوێیه‌وه پزیشکان داوا ده‌که‌ن، که ئه‌وانه‌ی له نووسینگه زۆر داده‌نیشن، دوای 45 خووله‌ك بۆ ماوه‌ی پێنج خووله‌ك له‌سه‌ر پێ بڕۆن و که‌مێك جووڵه به له‌شیان بکه‌ن.
دی ڤی دی کورد