توماس هۆبز
ن: رامین جه‌هانبه‌گلوو
و: عه‌تا جه‌مالی
[b]تیۆری "ئه‌خلاق" ی توماس هۆبز ته‌كانێكی قورسی له په‌یكه‌ره‌ی جیهانی فیكریی نیوه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌هه‌م دا. هه‌تا به‌ر له ماكیاڤیلی هیچ فه‌یله‌سووفێكی تر به‌م شێوه‌یه له دروست كردنه‌وه و چاكسازیی روانگه كۆنه‌كانی تراسیماخووسthrasymachus سه‌باره‌ت به "دادگه‌ری" و ئه‌وه‌یكه "دادگه‌ری" میوه‌ی توانایانه، نه‌هاتبووه پێشه‌وه.
هۆبز یه‌كه‌م كه‌سێك بوو كه روانگه‌كانی خۆی له چوارچێوه‌یه‌كی به‌ڵگه‌مه‌ند، لۆژیكی، تۆكمه و قووڵ،دا پێشكه‌ش بكات. هه‌ر له‌م رووه‌وه‌یه كه زۆریه‌ك له توێژه‌ران به خوێندنه‌وه‌ی لێڤیاتان، دانیان به روانگه‌كانی هۆبز سه‌باره‌ت به ئه‌خلاق و بوونی مرۆیی‌دا ناوه. ئه‌وان له‌وه ده‌ترسان كه روانگه‌كانی هۆبز سه‌باره‌ت به ئه‌خلاق راست بێت. به‌م پێیه ئه‌ركی گرینگی فه‌لسه‌فیی كه‌سانێك كه تووشی روانگه‌كانی هۆبز ده‌بوون ئه‌وه بوو كه سێ خاڵ روون بكه‌نه‌وه:
1. مرۆڤ له دۆخی سروشتی دا له حاڵه‌تی شه‌ڕ دا نییه.
2. تیۆرییه‌كه‌ی هۆبز، تیۆرییه‌كی ناپایه‌داره.
3. وشه‌گه‌لێك وه‌ك "به‌خته‌وه‌ری"، "ماف"، "دادگه‌ری"، به‌یانگه‌ری هه‌ندێ تایبه‌مه‌ندی هه‌رمان و زیندووی حاڵه‌ته‌كان و شته‌كانه.
له راستیدا یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی جددی له به‌رانبه‌ر روانگه‌كانی هۆبز دا له لایه‌ن ئه‌ڵمانییه‌كانه‌وه ئه‌نجام درا. ئه‌وان له سهلاَنی 1839 – 1845 ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی هۆبز- یان به دوو زمانی ئینگلیزی و لاتین چاپ و بلاَو كرده‌وه. سه‌ره‌نجام ئه‌وپه‌ڕی ئه‌م سه‌رنجه له نووسینه‌كانی فێردیناندۆ توونیس، كۆمه‌ڵناسی ئه‌ڵمانی دا ده‌ركه‌وت. پاش ئه‌وه، بایه‌خ دان به به‌رهه‌مه‌كانی هۆبز به ده‌ركه‌وتنی ئه‌ندێشه‌گه‌لی سیاسیی تۆتالیتێر وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه سه‌رهه‌ڵداوه‌كانی په‌یوه‌ست به گه‌شه‌ی پیشه‌سازی له رووسیا، ئیتالیا و ئه‌ڵمان، زیایان كرد.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، شه‌پۆلێكی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌كانی هۆبز له‌و ولاَتانه به‌ڕێ كه‌وت. خاڵێكی به هێزی تر له‌م بواره‌دا، له سالاَنی كۆتایی ده‌یه‌ی 30 واتا له كاتێكدا بوو كه لیئۆ شتراوس كتێبه‌كه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هۆبز به چاپ گه‌یاند و ئه‌ی.ئی.تیلۆر-یش كتێبی "میتۆدی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌خلاقیی هۆبز"ی له ساڵی 1938 بلاَو كرده‌وه.
ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌كه‌ی تیلۆر ئه‌وه‌یه كه راڤه‌یه‌كی یه‌كپارچه و هاوسه‌نگ بۆ كاراكته‌ری هۆبز وه‌ك " خود باوه‌ڕ"egoist و " غایه‌ت گه‌را"teleologist (واتا كه‌سێك كه پێی وایه ده‌روه‌ست بوون به شتێك به گشتی ده‌رهاویشته‌ی ده‌ره‌نجام و پاشهاته پراكتیكییه‌كانی به‌جێهێنانی ئه‌و كاره‌یه) له ئه‌خلاقییات دا هه‌ڵه‌یه. به بۆچوونی تیلۆر، هۆبز غایه‌ت گه‌را نییه، دیۆنتۆلۆژیستهdeontologist (واتا كه‌سێك كه بڕوای وایه هه‌ندێ كار هه‌ن كه مرۆڤ ده‌بێ به بێ سه‌رنجدان به ئه‌نجام و پاشهاته‌كانی، ئه‌نجامیان بده‌ن). لێره‌دا به خوێندنه‌وه‌ی روانگه فه‌لسه‌فییه‌كانی هۆبز له‌سه‌ر مرۆڤ، یه‌زدان و كۆمه‌ڵگا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه ده‌توانێ غایه‌ت گه‌را یان دیۆنتۆلۆژیست بێت.
ئێستا باشتر وایه روونی بكه‌ینه‌وه كه كێشه‌ی هۆبز چییه و ئه‌و بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سیاسه‌ت سوود له چ شێوازگه‌لێك وه‌رده‌گرێ؟ بابه‌تێك كه له بواری ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا هۆبز ناچار به بیر كردنه‌وه ده‌كات، ئه‌مه‌یه كه چلۆن ده‌توانرێ رێَگه له شه‌ڕی ناوخۆیی و ئاژاوه و بێ نه‌زمییه شارستانییه‌كان له كۆمه‌ڵگایه‌ك دا بگیرێ. به‌م پێیه ده‌بێ بگوترێ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له راستیدا ده‌بێ ولاَمێك بێت بۆ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان و واقعییه‌تی شه‌ڕه ناوخۆییه‌كان. له‌م بابه‌ته دا ده‌بێ ولاَمی ئه‌م خاڵه بدرێته‌وه كه چلۆن ده‌توانرێ په‌رێز له شه‌ڕی ناوخۆیی و پاشهاته‌كانی بكرێت. به بۆچوونی هۆبز په‌یڕه‌وی كردنی ره‌ها له لایه‌ن گوێڕایه‌ڵ و به‌نده‌كانه‌وه، ته‌نیا رێگه‌ی پێكهێنانی سه‌قامگیری سیاسییه. به‌م پێیه، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هۆبز هه‌وڵێكه بۆ سه‌لماندنی زه‌روورییه‌تی حاكمییه‌تی ره‌ها. بهلاَم لێره‌شدا هۆبز تووشی كێشه‌یه‌ك دێت، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه كه ئه‌و نایه‌وێ قه‌بووڵی بكات كه هه‌ڵوێست گرتن به دژی مافه یه‌زدانییه‌كانی شا، به‌شێكه له پێكهاته‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیی كۆمه‌ڵگا و ئه‌ندێشه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هۆبز هه‌ڵوێست به دژی ئۆتۆریته‌ی كڵێسایی و هه‌ڵوێست به دژی چه‌مكی ئه‌ره‌ستوویی زانست قه‌بووڵ ده‌كات، بهلاَم به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێ مافی به‌ره‌نگار بوونه‌وه به دژی شا قه‌بووڵ بكات. به‌م پێیه پاڕادۆكسێك هه‌یه له كاری هۆبز دا، چونكه له لایه‌كه‌وه گۆڕانه مه‌زنه‌كان له زانست و ئایین دا قه‌بووڵ ده‌كات و له لایه‌كی تره‌وه ده‌یه‌وێ له بواری ئه‌خلاق و سیاسه‌ت دا، ئۆتۆریته به پارێزراوی بمێنێته‌وه.
به‌م حاڵه، ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هۆبز تازه و به‌رچاوه، میتۆدی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و له‌مه‌ڕ ره‌هاییگه‌رایی سیاسی نییه، به‌ڵكوو میتۆدێكه كه ئه‌و بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌كانی به‌كاری هێناوه. فه‌لسه‌فه‌ی هۆبز له راستیدا هه‌وڵێكه بۆ به‌كار بردنی میتۆده‌كان و چه‌مكه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی فیزیكی مۆدێرن بۆ توێژینه‌وه‌ی مرۆڤ، هه‌م وه‌ك تاك و هه‌م وه‌ك شارۆمه‌ند. به‌م شێوه‌یه هۆبز هه‌وڵ ده‌دات له دوو رێگه‌وه بێته ناو توێژینه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه: یه‌كیان رێگه‌ی زانستییه. هۆبز لێره‌دا میتۆدی شیكردنه‌وه‌ی هۆكار و به‌رهۆیی ( علت و معلولی) هه‌ڵده‌بژێرێت. دووهه‌م، ئه‌وه‌یكه هۆبز زانسته مرۆڤایه‌تی و كۆمهلاَیهتییهكان به به‌شێك له فیزیك ده‌زانێ و به پێی یاسای فیزیك لێیان ده‌ڕوانێ. ئه‌م روانگه‌یه له راستیدا كلیلی مادده‌گه‌رایی مێتافیزیكیی ئه‌وه. به بۆچوونی هۆبز زۆرجاران فه‌لسه‌فه و زانست یه‌ك شتن، چونكه له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌هه‌م دا هێشتا جیاكارییه‌ك نه‌كرابوو له نێوان ئه‌و دوو چه‌مكه دا. فه‌لسه‌فه و زانست هه‌ردووكیان به واتای توێژینه‌وهinquiry به‌كار ده‌هێنران و هۆبزیش زیاتر رووی له توێژینه‌وه له‌سه‌ر كرداری مرۆڤ له كۆمه‌ڵگای خاوه‌ن نه‌زم بوو. بهلاَم هۆبز له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌وه‌ش هیچ ئه‌نجامێكی سوود به‌خشی نه‌بووه، هێرش ده‌كاته سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك و له‌م بابه‌ته دا ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ به‌هاكانی ئه‌ندازه(هندسه).
به‌بۆچوونی هۆبز، كه‌سانێك كه ده‌یانه‌وێ فه‌لسه‌فه فێری خه‌ڵك بكه‌ن، پێشتر پێویسته زانیارییه‌كی فراوان له ئه‌ندازه‌دا وه‌رگرن. به‌م پێیه میتۆدی هۆبز میتۆدێكی ئه‌ندازه‌ییه و لێره‌دا، هۆبز له راستیدا كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری گالیلۆوه. چونكه گالیلۆ باوه‌ڕی وابوو كه كتێبی سروشت ده‌بێ به زمانی ماتماتیك بنووسرێته‌وه.
له راستیدا هۆبز ناڵێ كه ده‌توانرێ میتۆدی ئه‌ندازه‌یی له توێژینه‌وه‌ی ره‌فتاری مرۆیی‌دا به‌كار ببرێت. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئه‌و میتۆده لۆژیكییه‌ی كه له ئه‌ندازه‌دا هه‌یه، میتۆدێكی زانستیی دروسته كه ده‌توانێ له توێژینه‌وه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگاشدا كه‌ڵكی لێوه‌ربگیرێ. مه‌به‌ستی هۆبز ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ په‌یوه‌ندیی هۆكاری و به‌رهۆیی نێوان چییه‌تیی مرۆڤ و چییه‌تیی كۆمه‌ڵكا بكه‌وێته به‌ر لێكۆڵینه‌وه. به بۆچوونی ئه‌و یاساكانی سروشت خۆیان پێمان ده‌ڵێن چۆن پارێزگاری له دۆخ و ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیر بكرێ.
هۆبز ده‌زگای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی خۆی به‌م تیۆرییه له واقعییه‌ت ده‌ست پێده‌كات كه به رای ئه‌و زۆر ساده‌یه بۆ تێگه‌یشتن و له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره دامه‌زراوه كه دنیا پێكهاته‌یه‌كه له جسم و مادده‌ی بزێو (له حاڵی جووڵه دا). كاتێك كه هۆبز باس له ئه‌ندێشه‌ی مادده‌ی بزێو ده‌كات، له راستی دا هه‌وڵ ده‌دات تێكهه‌ڵكێشێك دروست بكات له تیۆرییه‌كه‌ی گالیلۆ و ڤیلیام هارۆی دا. هۆبز ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه په‌روه‌رده ده‌كات كه ژیان بیچمێكه له جووڵه و بزووتنی ده‌روونیی مادده. به‌م پێیه، هۆبز ره‌فتاری گیانله‌به‌ران و له‌وانیش ره‌فتاری مرۆڤ به بیچمێك له مادده‌ی بزێو ده‌زانێ. كه به‌رهۆی بزووتنێكی ده‌روونیی پهیكهرناسانهیه( كالبد شناسانه). هۆبز به پێشكه‌شكردنی چه‌مكێكی ماتریالیستانه له هه‌ست و ده‌رك، وه‌ك ده‌ركه‌وت و نیشانه‌ی جووڵه‌ی په‌یكه‌ری، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه وێنایه‌ك له ئه‌زموونه‌كانی مه‌عریفه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ست بیچم ده‌گرن، بخاته به‌ر ده‌ست. ئه‌و له‌رێگه‌ی ئه‌م بونیاده ساكارانه‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاڵۆز بۆ پاڵنه‌ر و هه‌سته‌كانی مرۆڤ ئه‌نجام ده‌دات.
هۆبز، "به‌خته‌وه‌ری" و "رۆژ ڕه‌شی" له قاڵبی مانای "حه‌ز" و "رق" دا پێناسه ده‌كات. به بۆچوونی ئه‌و، له راستیدا "به‌خته‌وه‌ری" مه‌به‌ستی حه‌زه و "رۆژڕه‌شی" ئامانج و سۆژه‌ی رق و پشت لێكردنه. به‌م پێیه، كردارێك كه له بزووتنی پهیكهرییهوه سه‌رچاوه ده‌گرێ، به شێوه‌ی حه‌ز یان به شێوه‌ی رق ده‌رده‌كه‌وێ. به‌م پێیه، كردارێك كه به هۆی ئیراده‌وه ده‌كرێت، ئیختیارییه. هۆبز هاوكات له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌ی چه‌مكی ئیراده‌ی ئازاد‌دا ره‌فتاری ئیختیاری و خوازراو و ره‌فتاری نه‌خوازراو لێك جیاده‌كاته‌وه. به بۆچوونی ئه‌و هه‌موو كردارێك پێۆیسته، بهلاَم هه‌موو كرداره‌كان به هۆی هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه زه‌رووره‌ت په‌یدا ناكه‌ن. ئازادی و رزگاری دوو شتن به دژی جه‌بری ده‌ره‌كی. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر من له زیندان بكه‌ن، ئیتر ئازاد نیم.
چلۆن ده‌توانرێ رای هۆبز سه‌باره‌ت به پهیكهرناسی و پاڵنه‌ره مرۆییه‌كان له رسته‌یه‌ك دا به‌یان بكرێت؟ ده‌توانرێ بگوترێ كه به بۆچوونی ئه‌و، تاكه مرۆییه‌كان ده‌زگاگه‌لێكی ئاوه‌زین له ژێر كارێگه‌ری پاڵنه‌ری سۆزداریدا و هه‌روه‌ها به پێی رێنوێنیی ئاوه‌زیی خۆیانه كه حه‌زیان له به‌خته‌وه‌ری یان سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامه له به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و شتانه‌دا كه مرۆڤ له هه‌موو كاتێكدا حه‌زی لێیانه. بهلاَم ئه‌و بۆچوونه چ یارمه‌تییه‌كی ته‌وه‌ری دسیپلینی كۆمهلاَیهتی ده‌دات؟ به جۆره‌ی كه هۆبز پێی وایه پرسی كۆلاَیهتی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ به پێی جه‌وهه‌ری سروشتیی خۆی، به شوێن سه‌روه‌ری و به‌خته‌وه‌ری خویهوهیهتی و هه‌ركات رۆحی دوو تاكی مرۆیی حه‌زیان له یه‌ك شت بێت ئه‌و دوانه ده‌بنه دوژمنی یه‌ك و ئه‌گه‌ریش ببنه دوژمنی یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ن یه‌كتر بسڕنه‌وه یاخود یه‌كیان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وی تردا پاشه‌كشه بكات. به‌م شێوه‌یه هۆبز له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ته‌واوی مرۆڤه‌كان به شوێن گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ریی خۆیانه‌وه‌ن. به گوته‌یه‌كی تر، به رای هۆبز به ئه‌زموون كردن بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه جه‌وهه‌ری مرۆڤ، زیاتر "خوَپهرستانه"یه. بۆچی؟ چونكه خواستی سروشتیی هه‌ر مرۆڤێك ئه‌وه‌یه ژیانی خۆی راگرێ و بیپارێزێ. به‌م پێیه مرۆڤه‌كان له بنه‌ڕه‌ته‌وه به شوێن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ن، هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه ده‌كه‌ونه ركه‌به‌ری و ململانێی یه‌كدییه‌وه. له‌م رووه‌وه‌یه كه هۆبز پێی وایه هه‌رج و مه‌رج شتێكی سروشتییه. له حاڵیكدا كۆمه‌ڵگای رێك و پێك و سه‌قامگیر، داهێنراو و ده‌ستكرده. كه‌واته مرۆڤ له دۆخی سروشتی دا حه‌زی له به‌خته‌وه‌رییی خۆیه‌تی و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ پاراستنی خۆی. به پێی بۆچوونی هۆبز، حه‌زی مرۆڤ بۆ به‌خته‌وه‌ریی به‌رده‌وام، رایده‌كێشێت به‌لای چێژخوازی و ههماركردنی چێژ بۆ داهاتوو.
بهلاَم دۆخی سروشتی له روانگه‌ی هۆبز دا چۆنه؟ به‌ڕای ئه‌و، زێده له‌وه‌یكه چه‌مكێكی مێژوویی بێت، ئامرازێكی شرۆڤهكارانهیه. ئه‌ویش هه‌روه‌ك تیۆریسییه‌نه سیاسییه‌كانی تر له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه شوێنگه‌ی مرۆڤ له دۆخی سروشتی‌دا، هه‌لومه‌رجێك ده‌ڕه‌خسێنێ كه ئه‌و له رێگه‌ی روون كردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانه‌وه تیایدا به شوێن دیاریكردنی سووده‌كانی ئۆتۆریته‌ی سیاسی له حاڵًهتی نه‌بوونی ئه‌م ئۆتۆریتهیهدا ده‌گه‌ڕێ. به‌ر له هۆبز، تیۆریسییه‌نه‌كانی تر له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ره‌فتار كردن له‌گه‌ڵ مرۆڤ له به‌رانبه‌ر هه‌لومه‌رجه پێشهاتووهكان، دوواون، بهلاَم چه‌مكی دۆخی سروشتیی هۆبز ته‌نیا گریمانه‌یه‌كی مێژوویی نییه، به‌ڵكوو شرۆڤه‌یه‌كی مێژووییه له‌وه‌یكه هه‌ر كه‌سێكی ئاوه‌زمه‌ند له هه‌لومه‌رجی نه‌بوونی مه‌عریفه سه‌باره‌ت به ژیانی پاش مردن و له هه‌لومه‌رجی نه‌بوونی ئۆتۆریته‌یه‌كی سیاسیی‌دا كه توانایی دسیپلینكردنی هه‌بێت، چلۆن ده‌بێ ره‌فتار بكات.
هۆبز، لانیكه‌م به پێی دوو به‌ڵگه باس له دوَخی سروشتی ده‌كات: یه‌كه‌م ئه‌وه‌یكه كۆمه‌ڵگای مرۆیی له لای تاكی مرۆیی شتێكی سروشتی نییه. سروشتی، به‌و چه‌شنه‌ی كه كۆمه‌ڵگای گیانله‌به‌ران، وه‌ك مێروو یان هه‌نگ له لای هه‌ر مێروو یان هه‌نگێك، سروشتییه. به‌ڵگه‌كانی هۆبز له‌وه‌دا كه ده‌ڵێ كۆمه‌ڵگای مرۆیی له‌لای مرۆڤ سروشتی نییه، بم چه‌شنه‌یه:
1. كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان به‌رهه‌می كاری سروشتی نین، به‌ڵكوو هه‌ندێ به‌رهه‌می ده‌ستكردن كه به ده‌ستی مرۆڤه‌كان دروست كراون.
2. هیچ تاك یان گرووپێك له مرۆڤه‌كان، به پێی سروشتی خۆیان، ئۆتۆریته‌ی به‌سه‌ر تاك یان گرووپه مرۆییه‌كانی تردا نییه. به گوته‌یه‌كی تر، ئۆتۆریته، له لایه‌ن سروشته‌وه پێی نابه‌خشرێت به‌ڵكوو له رێگه‌ی په‌یمان و رێككه‌وتنی نێوان مرۆڤه‌كانه‌وه، به سود وه‌رگرتن له ئاوه‌ز به‌رهه‌م دێت.
ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی دووهه‌می باسی چه‌مكی دۆخی سروشتی، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه نیشان بدات مرۆڤه‌كان به حوكمی ئاوه‌ز، كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان پێكدێنن و هه‌ر به‌و پێبه‌ش ئۆتۆریته ده‌به‌خشن به تاك یان گرووپگه‌لێك. هۆبز هه‌وڵ ده‌دات بۆ روون كردنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌وه‌ره، بڵێ كه دۆخی سروشتی دۆخێكی نائارام و پڕ مه‌ترسییه. به‌م پێیه ده‌توانرێ بگوترێ كه به بۆچوونی هۆبز، دۆخی سروشتی به‌لای مرۆڤه‌كانه‌وه سروشتییه بهلاَم ئاوه‌زی نییه. له حاڵێكدا كه كۆمه‌ڵگا ئاوه‌زییه بهلاَم سروشتی نییه. بهلاَم ده‌شێ دژوازیی نێوان ئاوه‌ز و سروشت چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه مرۆڤ بوونێكی ئاوه‌زمه‌نده. به‌م حاڵه‌وه، سروشتی نائاوهزیی مرۆڤ، به‌رده‌وام هانی ده‌دات به‌ره‌و دۆخی سروشتی. به‌م پێیه، هه‌بوونی دۆخی سروشتی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام و راسته‌قینه‌یه كه پێویسته به هێزی ئاوه‌ز بهرهبهرهكانێی له‌گه‌ڵ دا بكرێت.
هۆبز زاراوه‌ی دۆخی سروشتی به دوو مانا به‌كار ده‌بات: یه‌كیان له مانای گشتی دا، كه ئاماژه به نه‌بوونی هیچ چه‌شنه كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌قامگیری مرۆیی ده‌كات و دووهه‌م له مانایه‌كی تایبهتتردا كه به ساده‌یی ئاماژه‌یه‌ك به نه‌بوونی حاكمییه‌تی كۆمه‌ڵگای شارستانی ده‌كات. هۆبز هه‌وڵ ده‌دات بسه‌لمێنێ كه له دۆخی سروشتی‌دا، هه‌ر تاكێك بهرژهوندییهكی هه‌یه كه دژ به به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كانی تره. به‌م پێیه، هه‌مووكه‌س رێگه پێدراوه كه به‌ر له‌ویكه بكه‌وێته به‌ر هێرش، هێرش بكاته سه‌ر دراوسێكانی. له‌و رووه‌وه، دۆخی سروشتی، دۆخی شه‌ڕ ئامێزی به‌رده‌وامه بۆ هه‌ر مرۆژێك به دژی ئه‌وی تر.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بۆچوونه‌ی هۆبز به‌و مانایه نییه كه له دۆخی سروشتی دا هه‌میشه شه‌ڕ و ململانێ به‌رپا ده‌بێ، به‌ڵكوو ته‌نیا به‌م مانایه‌یه كه هه‌لومه‌رجی شه‌ڕ ئاماده‌یه. ئه‌و شه‌ڕ و ململانێیه ده‌رهاویشته‌ی سێ ره‌گه‌زی ئاماده‌یه له مرۆڤدا: یه‌كه‌م، ركهبهرێتی، دووهه‌م، ململانێ و سێهه‌م، ناوبانگ.پڕه‌نسیپی یه‌كه‌م مرۆڤه‌كان بۆ كامه‌رانی ده‌كاته هێرشبه‌ر. دووهه‌میان مرۆڤه‌كان بۆ سه‌روه‌ری ده‌كاته هێرشبه‌ر و سێهه‌م مرۆڤه‌كان هان ده‌دات كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناوبانگ په‌نا بۆ توندوتیژی به‌رن. به‌م شێوه‌یه گرووپی یه‌كه‌م بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر دیتراندا سوود له توندوتیژی وه‌رده‌گرن. گرووپی دووهه‌م له تونده‌تیژی به مه‌به‌ستی به‌رگری كردن له خۆیان سوود وه‌رده‌گرن و گرووپی سێهه‌میش بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله و پێگه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
هۆبز به‌و قسانه ده‌یه‌وێ له ته‌وه‌ری خاوه‌نداری و پیشه‌ی مرۆڤه‌كان له دۆخی سروشتی‌دا بدوێ. ته‌وه‌رێك كه دواتر ژان ژاك رۆسۆ له به‌رهه‌مه‌كانی خۆی دا وه‌ك ته‌نیا ئه‌گه‌ری ئاماده له كۆمه‌ڵگا دا باسی لێوه ده‌كات. به بۆچوونی هۆبز، پێوه‌ری خاوه‌نداری له دۆخی سروشتی‌دا، له‌ڕێگه‌ی توانایی تاكه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی ئه‌و خاوه‌ندارێتیه هه‌لده‌سه‌نگێندرێ. من ته‌نیا كاتێ خاوه‌نی شتێكم كه توانایی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وم هه‌بێ و بتوانم هه‌ر له‌و توانایه‌م بۆ پاراستنیشی سوود وه‌ربگرم. له دۆخی سروشتی دا شتێكی وه‌ك دروست و نادروست و حه‌ق و ناحه‌ق و دادگه‌ری و بێدادی له ئارادا نییه. بهلاَم هه‌ركه‌سێك ئه‌ركێكی سروشتی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رشتێك كه پێی وایه بۆ به‌خته‌وه‌رییه‌كه‌ی پێویسته ئه‌نجامی بدات. به‌م شێوه‌یه، مرۆڤ هه‌وڵ بۆ به‌خته‌وه‌ریی به‌رده‌وامی ژیانی خۆی ده‌دات و له‌م رێیه‌دا پێده‌چێ هه‌لومه‌رجێك بێته پێشه‌وه كه ته‌نانه‌ت ژیانی خۆی بدۆڕێنێ. مرۆڤه‌كان به چه‌شنێكی سروشتی رقیان له مه‌رگه و له‌م رووه‌وه، له دۆخی سروشتی‌دا كه له راستیدا دۆخێكی شه‌ڕ ئامێزه رووبوڕووی ترس ده‌بنه‌وه. دۆخی سروشتیی شه‌ڕ ئامێز به ئاوا سهرهنجامێكهوه، هه‌ر پیاوێكی ئاوه‌زمه‌ند ناچار ده‌كات به شوێن دۆخێكی باشتره‌وه بێت و خوازیاری ئاشتی بێت. ئه‌م رێگه‌چاره ئاوه‌زییه‌ی كه خۆی پێویستی به ئامرازێكه بۆ پاراستن و ده‌سته‌به‌ر كردنی ئامانجی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤ بۆ به‌خته‌وه‌ری خۆی، له لایه‌ن هۆبزه‌وه به واتای یاسای گشتی یان "ئامۆژه‌ی ئاوه‌ز" ناودێر ده‌كرێ. هۆبز ئه‌و دۆخه به "یه‌كه‌م یاسای سروشت" یش ناودێر ده‌كات. یاسای سروشت جیاوازه له‌گه‌ڵ مافی سروشتی. مافی سروشتی شتێكه كه ئێمه بۆ پاراستنی به‌خته‌وه‌ری خۆمان سوودی لێوه‌رده‌گرین یان كارێكه كه ده‌مانه‌وه‌ێ ئازادانه ئه‌نجامی بده‌ین. بهلاَم یاسای سروشت، رێ‌نوێن یان یاسایه‌كی گشتییه كه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئاوه‌ز داڕێژاوه و مرۆڤ به هۆی ئه‌وه‌وه رێگه له‌و كارانه‌ی ده‌گیرێت كه مه‌ترسی و وێرانی ده‌خه‌نه سه‌ر رێی ژیانی. به‌م پێیه یاسای سروشت پێمان ده‌ڵێ كه ده‌بێ چ كارێك بكه‌ین و ده‌بێ بۆ پاراستنی ژیانی خۆمان به چی پابه‌ند بین. ئه‌مه حوكمێكی گریمانه‌ییهhypothetcal كه كۆمه‌ڵێك ئامراز و رێنوێنی پێویست بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه پێشنیار و ده‌ست نیشان ده‌كات. ئه‌و به‌هایانه‌ی كه له لایه‌ن یاساوه پێشنیار ده‌كرێن حاڵه‌تی مشوورییان هه‌یه. نه به شێوه‌ی ره‌ها ئه‌خلاقین و نه فه‌رمان و نه ده‌ستووریشن. به‌م پێیه هه‌نگاوی به پێچه‌وانه‌ی یاسای سروشت كردارێكی نائاوه‌زمه‌ندانه‌یه.
1. یاسای یه‌كه‌می سروشت ئاماژه به‌وه ده‌كات كه چونكه ئاشتی سوود به‌خشه بۆ ژیانی هه‌موو مرۆڤه‌كان كه‌واته له ب
كوردزين